حەسەن حاتەمی
لە ١٩ ی ڕەشەممەی ١٤٠١ (٢٠٢٣) مەنشوورێک بە ناوی “مەنشووری هاوپێوەندی و سازماندەیی بۆ ئازادی ئێران” کە کورت کراوەی “مەهسا”یە نووسرا، بە ئیلهام وەرگرتن لە ناوی مەهسا کە ناوی پێناسەیی کچە کوردێکی خەڵکی سەقزە و ناوبانگی ئەمنییە. بەڵام ناوی ڕاستەقینەکەی لە ماڵێ و لەنێو خەڵک دا، ژینایە. کیژە کوردێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە هەست و سۆز بە مەبەستی سەردان و دیدار لەگەڵ خزم و کەسوکاران و ماندووحەسانەوە و گەڕان لە دوای ١٢ ساڵ خوێندنی سەرکەوتووانە و خۆ ئامادەکردن بۆ زانستگە، کە بۆ تاران سەفەر دەکا.
بەڵام بەداخەوە “کوشتنی حکوومەتی” ژینا / مەهسا، سەبارەت بە کوردبوون، میوان بوون لە پێتەخت، جوان، لەبەر دڵان و دەم بە پێکەننین، ئیجرا کرا. “گەشتی ئیرشاد” باسکی ئیجرایی و توندتیژی و تەپەسەرکاری “ئەمری بە چاکە و دووریی بە خراپە”یە، کە بۆ پشکنینی ژیانی ژنان و کچان لە قالبی “پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی” دایانسەپاندوە.
ئەوان بە وتەی نەمر نەویدی ئەفکاری کە کوتی: هێزە ئەمنییەتییەکان بێخوێنەوە سەرکوتکارەکان، بەدوای مل دا، دەگەڕین کە بە پەتییەوە کەن، بەداخەوە ژینا / مەهسا کرا بە “نێچیر”ی “تیری چڵکنان” کە دوای ٢ سەعاتی پڕ کارەسات، لە تەمەنی ٢٢ ساڵی دا، ژیان و گیانی لێئەستێندرا!!!؟؟؟
یەکێک لە گرینگترین دەرکەوتەکانی جوانمەرگکرانی ژینا / مەهسا، بەرهەمهێنانی بزووتنەوە و شۆڕشێک بە بەشداریی هەموو گەلان لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران بوو، کە شەپۆل گەلێگی زۆر بەربەرین و چاوەڕوان نەکراو لە ٢٦ ی خەرمانان (شهریور) ١٤٠١ بەرانبەر بە ١٦ ی سێپتامبری ٢٠٢٢، چی کرا، کە هەتا نووسینی ئەو دێڕانە ٢٦٨مین ڕۆژ و شەوی خۆی تێثەڕ دەکا.
مەنشوورەکە چاوەڕوانی لێدەکرا، ڕاپەڕینی و شۆڕشی ژینا / مەهسا بە ماراتۆنێک بە حەشیمەتیكی بەرچاو، وەک: کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشووری، لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و کەسایەتییە، بەڕابردوو و بە ئەزموونەکان بە پلۆڕالیزمی فێکری، سێلێبریتییەکان بە بیری “کۆلکەزێڕینە”کەی کەیان پیرفەلکی نەمر، لە پێناو ئازادی مافی مرۆڤ بیر و فرە گەلی بیر لە گوتار، ڕەفتار و کردار دا، پێکەوە کۆ دەکاتەوە و “گەڵایەکی نوێ همە لایەنە” دێنێتە کایەوە و کارێک دەکەن، زۆرترین ئۆگری پێکبێنن و بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامی سیاسی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهی لە ئیران دا، سازماندانێکی پێویست، کاریگەر و بە توانا پێک بێنن، کە بەداخەوە وادەرنەچوو.
ئەو خاڵەکانی کە دەتوانێ لە ئاچمەزکردن (ڕاگرتن)ی مەنشووری مەهسا لە ماوەیەکی کەم دا، ئاماژەیان پێبکرێ: گوشارەکانی زۆر لە دەرەوە بۆ مەنشوور و بۆ ڕەزا پەهلەوی بۆ درێژە نەدان و “کەم چیکڵدانە”یی خۆی، و من زیادی دەکەم کە: ناوبراو ڕێگەی پێکهاتن (تەوافوق)ێکی کە واژووی کردبوو، دریژەی نەدا. بەتایبەتی جۆراوجۆری، فرەیی و چەند نەتەوەیی، مافی بەرانبەر بۆ هەمووان و نەبوونی جیاوازی قبووڵ نەکرد، و تەسلیمی ویستی پان ئێرانیستەکان لە پەڕاویز و دەرەوەی مەنشووری ناوبراو بوو.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەکرێ بیری ئاغای ڕەزا پەهلەوی بخوێنیەوە، کە وەک بابە گەورەی ڕەزا شاە، پێش ئەوەی “ببێ بە شا” و دوای کوودێتای ٣ی ڕەشەممەی ١٢٩٩ (١٩٢١) و لابردنی سەید ڕەزا تەباتەبایی دوای سێ مانگ، سیستێمی کۆماری بە لاسایی کردنەوە لە “ئەتا تورک” هێنایە گۆڕێ، بەڵام “بوو بە شا”.
ڕەزا شا، بە ناوی “مۆدڕنیتە” و سیستێمی دەوڵەت – نەتەوە بە لاسایی کردنەوە لە ئوڕووپاییەکان، ئێرانی بەرەو سەرەڕۆیی و ناسیونالیزمێک برد، کە پتر لە ١٠٠ ساڵە بەرۆکی گەلانی ئێران و کۆمەڵگەکانی فرەیی گرتوەوە، کە بوو بە هۆی خوێنڕێژی زۆر و کوشتنی “مەشڕووتەی سەڵتەنەتی” و پێشێلکاریی مافی هەم نەتەوە نافارسەکان و هەم فارسە جیابیرەکان لە نێوخۆی ئێران دا، کە سەرەڕۆیی باب و کوڕی پەهلەوییان قبووڵ نەکرد، بە زیندانی درێژ ماوە حوکم دران یا گیانیان لێئەستێندرا.
پێویستە ئاماژە بکرێ کە پتر لەو ١٠٠ ساڵەی کە ڕابراوە، لە کوودێتای ڕەزا خان هەتا خەرمانانی ١٣٢٠، بیست ساڵ و لەوکاتی هەتا شۆڕشی دژی سەڵتەنەتی موتڵەقە کە کوودێتای ٢٨ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ ی لە کارنامە ٣٧ ساڵەی دەسەڵاتی محەممەد ڕەزا شا دا، هەبوو، لەسەر یەک ٥٧ ساڵ باب و کوڕ دەسەڵات بەدەست بوون. لەنێو هەناو و کردەوەی ئەوان دا، “کۆماری ئیسلامی” بەرهەم هێنرا کە ٤٤ ساڵە بە دەسەڵاتێکی بە قەولی هانا ئاڕێنت: “توتالێتاریستی”ی و “توتالیتاریستی ئیسلامی سیاسی”، بە خوێندنەوەی من، چێ کراوە و ئێستا بۆتە زەبەلاحی خوێنڕێژ و گشت کوژ.
ئێستا “مەنشووری مەهسا” لە حاڵەتی ئاچمەز (ڕاگرتن) و ڕەوتی بە مێژوو سپاردن دایە. لەو ٨ کەسەی سەرەتا بڕیاریان دابوو، تێیدا بن دوای کۆنفڕانس لە زانستگەی جورج تاون بوون بە ٦ کەس، کە گوڵشیفتەی فەراهانی وعەلیی کەریمی خۆیان دەرهاویشت و ڕوونکردنەوەیەکی خەڵک پەسندیشیان نەدا!؟
دوایی، ڕەخنەگرانی ڕۆخێنەر و وێرانکاری توێژی پاشایەتی و پان ئێرانیستەکان بەو بیانوویە کە: مەنشوور ئاڕمەکەی لە چەپەکان وەرگیراوە، چوونکە مستێکە و تەنیا ناوی ژن ی لێنووسراوە. ئاڵای شێروخورشید نیشانی تێدا نییە. چەمکی میللەتی ئێران، زمانی فارسی وەک زمانی بنچینەیی و فەرمیی تێدا نییە. یەکگرتوویی و تەواویەتی ئەرزی تێدا نییە. یا ئەو مەنشوورە “هیچ”ە. چوونکە کەمترین نیشانی لە هۆویەتی میللی و ئێرانی تێدایە. و… “ئێمە شازادەمان بۆ ئێرانی دەوێ نەک ئێرانمان بۆ شازادەی بوێ” و…
ڕەزا پەهلەوی بە تویتێک گەڕایەوە بۆ “ڕیشە و بنەچەکە” کەی خۆی و خۆ و ڕەفتاری باب و بابە گەورەی بە شێوەی “نەرم نوێنی” ئەنجام دا. بەو کارە بەرپرسایەتییەکی گەورەی لە نوێژنکردنەوەی سەرەڕۆییەکی دیکەی نوێی لە ئەستۆیە. چوونکە ئێستا لایەنگرانی ئەو و سەڵتەنەت لە ئێرانی داهاتوو، لە دەرەوەی ئێران سەبارەت بە “پان ایرانیست” بوون و ئاژاوەگێڕی، هێرش، هەڕەشە و قسەی سووک بە دژی جیابیران، ماف و پێناسەی نەتەوە و ئیتنیکەکانی نا ناوەندگەرا، لە هەناوی ئورووپا و ئەمریکا و کانادا دا، زۆر نابەجێ هەڵسوکەوت دەکەن. ئەگە ئەو وەزعە درێژەی هەبێ، هەم یەکگرتووییەکە لاواز دەبێ و هەم ئەو بیر و فیکرە پاوانخوازییە، دوای بە ئاکام گەیشتینی شۆڕشی ژینا / مەهساش دەتوانێ کێشە خوڵقێن بێ.
بەشی ئەسڵی و جەوهەریی تویتی ڕەزا پەهلەوی ئاوا بوو:“… ئامانج، هەوڵدان و گرینگیم هەمیشە ئەوە بووە کە زۆربەی هێزەکانی سێکۆلار و دێموکراسیخواز و لایەنە جۆراجۆرەکانی پێکەوە هاوکاری بکەن. بەڵام لەسەر پێشنیاری چەند کەس کە پەیوەست بن بە گرووپی مەنشوور، کۆ دەنگی وەدەست نەهات. سەرەڕای ئەوە من خۆم تەنیا بۆ پشتیوان بێ لایەنی سەبارەت بە هەموو گرووپەکان ڕادەگرم.
لەو بەستێنەدا، من بە پشتیوان و هاوکاری لەگەڵ گرووپ گەل و لایەنەکانی دیکە لە چوارچێوەی ئوسوولی لانی کەمی هاوبەش: دێموکراسی سێکۆلار لەسەر بنچینەی مافی مرۆڤ، تەواویەتی ئەرزی ئێران و هەڵبژاردنی شێوەی حکوومەتی داهاتوو، بە دەنگی میللەتی ئێران درێژە دەدەم. ئامانج ئەوەیە کە هەموو ئەو هەوڵانە لە دوایی دا بە ئازادی و ئاوەدانی لە ئێران دا، بگا”.
ئەو بیرە کە زۆربەی “پان ئێرانیستەکان” دەگرێتەوە، تونێلێکی مەترسیداریان لێ دروست کردووە کە تەبلیغ دەکەن، “٥٧ یەکان، چاکسازخوازەکان و جیاوازی خوازەکان”، گەرەکیانە هەوڵ بۆ نەمانی ئێرانێ بدەن!؟ هەموو نێگەرانییەکان بۆئەوان گۆیا “ئێرانێیە”.
بەشێک و لایەن گەلێکی دیکەش دەڵێن: ئێران وڵاتێکی فرە گەلییە و لە تورکە ئازەربایجانییەکان،کوردەکان، بەلووچەکان، عەرەبەکان و تورکمەنەکان و ئی دیکەش پێک دێ. چوونکە هەم ڕێژیمی سەڵتەنەتی موتڵەقە و هەم ڕێژیمی ویلایەتی موتڵەقە، پتر لە سەدەیەکە دەسەڵات بەدەست بوون و هەن، ناتوانن یا نایانهەوێ مافەکانی ئەو نەتەوە بەراییانە بە فەرمی بناسن، “مەنشووری مەهسا”یان قبوڵ نییە و هاوکاری ناکەن. کەسانی دیکەش هەن کە دەڵێن: سێ گۆشەیەکی مەترسیدارهەیە بە ناوی “فاشیزم، لۆمپەنیزم و سایبرییەکانی رێژیم” کە شۆڕشی ژینا / مەهسا بە لاڕێ دا، دەبەن. و…
ئاکامەکەی “مەنشووری مەهسا” هەتا نووسینی ئەم دێڕانە بەم جۆرەیە: کە ٣ کەس لە ٨ کەسەکەی بەشداری کۆبوونەوەی زانستگەی جۆرج تاون ماونەوە. بەڕێزان، عیبادی، عەلینژاد و موهتەدی. بەو وتەی ئەو ٣ کەسەی کە لە نێو “مەنشوور” دا ماونەتەوە، دەتوانن درێژە بدەن و بۆ بەربەرین کردنی داوای یارمەتی دەکەن. بەڵام ئەو “مەنشوورە” بەو هاتنە خوار و پاشەکشە و نکووڵییانەی لێکرا، “ئاچمەز(ڕاگرتن) بە مێژوو سپاردنی”، بە جێگەی “لێک کۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆن”، “جیاوازی و دابڕان” بە جێگەی “هاوپێوەندی” لێکەوتەوە.
سەرچاوەکان: گووگل و یوتیووب. حەسەن حاتەمی ٩ ی جوونی ٢٠٢٣، بەرانبەر بە ١٩ ی جۆزەردانی ١٤٠٢.
ئەو بابەتە لە ژومارە ٦١ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بووەتەوە