سەیران مەنووچێهری
سەرەتا ئاماژەیەکی کورت بە دیاریکردنی ڕۆژی ٢۵ی نۆڤەمبر دەکەم کە بۆ یادکردنەوەی تیرۆرکردنی دڕندانەی خوشکەکانی «میرابال» لە کۆماری دۆمینیکان لە ساڵی ١٩٦٠، ٢۵ی نوڤەمبر وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاریی توندوتیژی دژی ژنان دیاری کراوە. ئەم خوشکانە چالاکی سیاسی بوون دژی دیکتاتۆریی «ڕافایل تروخیلۆ» هەڵوێستی بوێرانە و ئازایانەیان نواندووە. کوشتنی ئەم دوو خوشکە بووە هێمای توندوتیژی و چەوساندنەوەی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم ڕۆژە وەک بیرخستنەوەیەکی کاریگەر بۆ پرسی ژنان و بەتایبەت بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هاندەرێکە تاکوو ژنان و چالاکی فێمێنیستی زیاتر و شێلگیرانەتر لەسەر داخوازی و مافەکانی خۆیان پێداگرتر بن. مەبەست لەم باسە ئەوەیە تیشک بخرێتە ئەم خاڵانەی خوارەوە:
ـ بڵاوبوونەوەی هۆشیاری
ـ هاندانی تاک و کۆمەڵگە و حکوومەتەکان بۆ هەڵگرتنی هەنگاو بەمەبەستی ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
ـ داوای دادپەروەری.
ـ پشتگیریکردن لە یەکسانیی ڕەگەزی.
توندوتیژی دژ بە ژنان چەند جۆری هەیە کە بریتین لە:
ـ توندوتیژیی جەستەیی: ئەمەش هەموو جۆرە زیانێکی جەستەیی دەگرێتەوە وەک لێدان، بریندارکردن، پاڵدان، گازگرتن، سووتاندن، بەکارهێنانی جۆرەکان چەک ڕوو بە ژنان و هەر جۆرە بەرکەوتنی توندوتیژانەی جەستەیی.
ـ توندوتیژی جنسی: ئەمەش هەموو جۆرە کردەوەیەکی جنسیی ناڕەزامەندی دەگرێتەوە؛ وەک دەستدرێژیی جنسی، ئازاردانی جنسی، لەشفرۆشیی زۆرەملێ و ئیستغلالکردنی جنسی تەنانەت لە چوارچێوەی زەواجی زۆرەملێدا.
ـ توندوتیژیی دەروونی: ئەمەش بریتییە لە بەکارهێنانی ئازاردانی سۆزداری بۆ کۆنترۆڵکردن یان دەستکاریکردنی دەروونیی ژن. ئەمەش دەتوانێت سووکایەتیی زارەکی، هەڕەشە، ترساندن، گۆشەگیری، زەلیلکردن و داوێنپیسی لەخۆ بگرێت.
ـ توندوتیژیی ئابووری: ئەمەش بێبەشکردنی سەرچاوە دارایییەکان یان کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان دەگرێتەوە و دەتوانێت بریتی بێ لە ڕاگرتن یان شاردنەوەی پارە، ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتن بە دامەزراندن یان خوێندن و کۆنترۆڵکردنی دارایی، ڕێگریکردن لە کارکردن و بەدەستهێنانی سەرچاوەی ماڵیی ژنان.
ـ توندوتیژیی کولتووری: ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی نۆرم و نەریتە کولتوورییەکان بۆ پاساودان یان بەردەوامکردنی توندوتیژی دژی ژنان. ئەمەش دەتوانێت کارە زیانبەخشەکانی وەک خەتەنەکردنی مێینە، هاوسەرگیریی منداڵی ژێر تەمەنی یاسایی (واتە ژێر ١٨ ساڵ) و کوشتن بە پاساوی شەرەف لەخۆ بگرێت.
ـ توندوتیژیی سیستماتیکی حکوومەتی
لە درێژەی باسەکەدا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکەین. ئەگەری ئەوە هەیە چەند نموونە لەم توندوتیژییانە بۆ یەک کەس هاوکات ڕوو بدات. لێرەدا بابەتێکی گرینگ ئەوەی کە بزانین کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارانی حکوومەت ئەرکیان چییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.
ئەلف ـ کۆمەڵگە:
ـ دروستکردنی شوێنی سەلامەت: دروستکردنی شوێنی سەلامەت بۆ ژنان بەمەبەستی ڕاپۆرتدانی توندوتیژی و داوای یارمەتی.
ـ پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی ژنان: پاڵپشتیکردنی ئەو ڕێکخراوانەی کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان.
ـ داکۆکی لە گۆڕان: پاڵپشتیی یاسا و سیاسەتەکان دەکات کە ژنان دەپارێزن و لە تاوانباران لێپرسینەوە دەکەن.
ـ بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی: بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەدا.
ب ـ حکومەتەکان:
ـ وەبەرهێنان لە بەرنامەکانی خۆپاراستن: وەبەرهێنان لەو بەرنامانەی کە ڕێگریی لە توندوتیژی دژی ژنان دەکەن.
ـ جێبەجێکردنی یاساکان: جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە ژنان لە توندوتیژی دەپارێزن.
ـ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پاڵپشتی: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتیوانی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی.
ـ کۆکردنەوەی زانیاری: کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر توندوتیژی دژی ژنان بۆ بەدواداچوونی پێشکەوتن و دیاریکردنی بوارەکان بۆ باشترکردن.
لێرەدا منی ژنی کورد کێشەیەکی گەورە بۆم زەق دەکرێتەوە، ئەوەش ئەوەیە کە وڵاتەکەی من لەلایەن دیکتاتۆریی ڕادیکاڵی ئیسلامییەوە داگیر کراوە و لەم کاتەدا ئەگەر من وەکو بەشێک لە پێکهاتەی ژنانی کۆمەڵگەی کوردی چاو لە توندوتیژی دژ بە ژنان بکەم، بۆم ئاشکرا دەبێت کە تووشی ئاپارتایدێکی ڕەگەزیی و نەتەوایەتی بەشێوەیەكی سیستماتیک و یاسایی بوومەتەوە.
ئەمەوێت ئاماژێکی بچووک بە ئاپارتایدی ڕەگەزی و نەتەوایەتی بکەم بۆ ئەوەی باشتر لە بارودۆخی ئەو شێوە لە توندوتیژییە تێبگەین. ئاپارتایدی ڕەگەزی ئاماژەیە بۆ جیاکاریی ڕەگەزی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرانبەر تاکەکان بەهۆی ڕەگەزەوە.
. سیستەمێکە بە بەکارهێنانی پراکتیزەکردنی جەستەیی یان یاسایی، بەمەبەستی دابەزاندنی تاکەکان بۆ پۆستی ژێردەستە جێبەجێ دەکرێت. فیلیس چێسلێر، زانای بواری فێمینیستی و هەروەها مامۆستای دەروونناسی و توێژینەوەی ژنان، دیاردەکە بەم شێوەیە پێناسە دەکات: «ئەو پراکتیکە کە کچان و ژنان بە ژێردەستەبوونێکی جیاواز و ژێردەستە مەحکووم دەکەن و کوڕان و پیاوان دەکەنە پارێزەری هەمیشەیی پاکیزەیی خزمە ژنەکانیان».
ئاپارتایدی نەتەوەیی ئاماژەیە بۆ جیاکردنەوەی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای نەتەوەیی. سیستەمێکی جیاکارییە کە دەتوانرێت بە یاسا، دابونەریت، یان گوشاری کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکرێت. ئاپارتایدی نیشتمانی دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵاواردن و نایەکسانی و ململانێ. هەردوو جۆری ئاپارتایدی جنسی و نەتەوەیی جۆرێکن لە جیاکاری کە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی ئەو کەسانەدا هەبێت کە کاریگەرییان لەسەرە.
ئەم قەیرانە کاتێ خۆی زیاتر پێشان دەدات کە یاسا دەبوایە گەورەترین ئامرازی پاڵپشتیی لە مافەکانی ژنان بوایە بەڵام مەخابن خۆی بووەتە ئامرازێکی سەرەکی و بەشێوەیەکی یاسایی خەریکە مافەکانی ژنان پێشێل دەکات و بۆ زۆڵم و نابەرابەریی ڕەگەزی و نەتەویی دژ بە ژنانی کورد، یاسای داناوە و بەشێوەیەكی یاساییی پاساوداڕێژەر بە ئامرازی هێزی دەسەڵاتداری و سەربازی ستەم لە من دەکات و مافخوازیی ژنانی کورد و داواکاریی ژنان بۆ دادپەروەری و بەرانبەر ڕەگەزیی و نەتەوایەتی وەکو تاوان چاوی لێدەکات و سزای بۆ داناوە کە نموونەی زۆرێک لە کچانی کوردن و ئێسە لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی ئێرانی داگیرکەردان و سزایان لەسەرە و چەندین کەسیان سزای لەسێدارەدانی بەسەرداسەپاوە و تاوانیان خەبات بۆ ئازادی، بەرانبەری و دادپەرەوەری بووە.
بۆیە ئێمە کاتێک باس لە توندوتیژیی سیستماتیک لەسەر ژنی کوردستانی دەکەین، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە ئێمە وەکوو ژنی کوردستانی ناتوانین لە چوارچێوەی حکوومەتێک کە نیشتمانمانی داگیر کردووە و ڕۆژانەش بەردەوام زوڵم لە خۆمان دەکات، بە مافەكانمان بگەین. ئێمە وەکو ژنی کورد دوو شوڕشی گەورەمان لە بەردەمدایە و دەبێت هاوکات لەگەڵ یەک بڕواتە پێش. یەکیان شوڕشێکی هزریی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە و ئەوی تر شەڕ بۆ ڕزگاریی نیشتمان و سەربەخۆیی کوردستانی داگیرکەراومان و سەروەریی نەتەوەکەمانە.