فەرزانە حەبیبی
خەباتی ڕزگاری خوازانەی جێندەری ژنان خەباتێکی ڕەگەزی لەپێناو ئازدی ژنان و ماف و دەوری ژنان و گەیشتن بە سەروەریی سیاسی بە واتای ڕاستەقینەی وشەیە بە واتایەک کە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی هەرەزۆری پارت و ڕێخراوە جیهانی و کۆمەڵگە مەدەنییەکان لە سەردەمی ئێستادا و لەنێوان سەدەی نۆزدە و بیستدا بەچەشنێک پەرەی گرتووە کە بەهەڵگرتنی ستراتژیکی چەمکی فێمێنیزم و دێفاکتۆ کردنی لە ئاستی نەتەوەیی و جێگر کردنی پێکهاتە و تاکی ژنان وەک مەوجوودیەت لەکۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و کۆی مافەکانی لەم ڕەوتەدا گرتوویانەتە بەر.
لە سەردەمی ڕۆژگاردا بەهاتنە ئارای دەسەڵات پێشێل کردنی ژنان لە ڕێگەی دەزگا و سیاسەتە ئایینیەکان و ڕەگەزی ئابووری پێشەنگی جووڵانەوەکان بە ڕێکخستنی ڕێکخراوەیی و جڤاکی ژنان بوون، شۆڕش و ناڕەزایەتییان لەبەرانبەر کۆنسەرواتیزمە جیاوازەکان و بنەما ئەخلاقییەکان و کولتووری بەشێوەی نەریتی دەستپێکی خەباتیان بوو، بەرهەمی ئەم جۆرەخەباتە تۆمار کردنی ڕۆژی مێژوویی 8ی مارس لەجیهان و بەهاتنە ئارای مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان un و ڕێکخراوە و NGOەکان و ڕێکخراوی ژێنێڤ هەست بەو هەڵاواردنانە دژ بەژنان کراو دانیان بەڕەگەزێک وەک مەوجوودیەتێکی واحید بەنێوی ژن و مافەکانی نرا.
لە ڕابردوودا تا ئەمڕۆکە لەکۆمەڵگەی ئێمە داگیرکەرانی کوردستان بەگشتی بۆ نەتەوەی کورد و بەتایبەت بۆ ژنانی کورد وەک ئاکتەرێک لەڕێگەی جیاوازی خاڵەکی ئایینی مەزهەبی بەدژی و بێ بەش کردنی لەهەر چەشنە دەسەڵاتێکی سیاسی لەباری یاساییەوە بە پلەی دووهەم دانانیان و ئابووری و ئازادییە مرۆییەکان بەکاریان بردووە و کوردیش بە تێکشکانی لەو سیاسەتانە دا بووەتە پاڵنەر و تا ئاستێکی زۆر نەیارانی کوردستان سەرکەوتوو بوونە بەسەریان دا، بەستێنی ڕەوتی بزووتنەوەکان ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و جۆغرافیای ئێراندا بە بوونی حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی و لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتداری قەجەڕەکان و هاتنە سەرکاری پەهلەوییەکان و شۆڕشی ئێرانی1357ی هەتاوی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەلوومەرجی کۆمەڵایەتی تازەی بۆ کورد بەگشتی خوڵقاند بەتایبەتی بۆ ژنان هەم لە ئێران هەم لە کوردستان
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل و چوار ساڵ دەسەڵاتداربوونی، دەزگا دەوڵەتییەکانی بوونەتە مەکۆی سەرکوتکاری لەقەوارەیەکی بەڕەواڵەت دێموکراسی لە بازنەی مێلیتاریزاسیۆن ودیکتاتۆریەت و هەڵسووڕانیان بەهەرچەشنە زەبر و زەنگێکی نیزامی بەوەزارەتی ئێرشاد و ئەمنیەتی ئەخلاقی و ناوەندە ئەمنییەکان لەژێر چەتری وەزارەتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئێران ڕووبەڕووی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک دەبنەوە و بەتۆمەتی ناڕەوای جواروجۆر خەڵک ڕەوانەی بەندیخانە دەکەن ئەو کردارانە دەرخەری ئەوڕاستیەن کە لە دەرکەوتنی ڕاستیەکان و حەقایەقەکان ترسیان هەیە و حەول بۆ کۆمەڵگەیەکی داخراو ئەدەن بەفیلتێر کردنی چاپەمەنی و ئینتێرنێت بۆئەوەی کۆمەڵگەی جیهانی پەی نەبەن کە لەناخیدا چ دەگوزەرێ بەڵام بە گۆلۆبالیزم و لەهەمان کاتدا دەستپێکی ئامرازی کوشتن بنەما ئایینییەکان و ئازار و ئەشکەنجەی سیستماتیکی و بەرتەسککردنی ژنان لەڕێگەی لایحەی عفاف و حجاب و کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی خەڵک و گرتن و دەستبەسەر و بەندکردنیان لەچاوی جیهانیان بەدوور نەما و هەلوومەرجێکی ناوچەیی و جیهانی خوڵقاند، هەلوومەرجێک کە پێشتر جیاوازییەکان بەهۆی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و مێژوویی بوونە لەمپەرێک ئەمجار بووە سەنتەری یەکگرتنەوەی بزاڤی ڕەگەزی و نەتەوایەتی لەهەموو جۆغرافیای ئێران ئاڵا هەڵگری ئەم ڕاپەڕینەش ژنان بوون بگرە ئەوانەش کە دانیشتووی دەرەوەی ئێران بوون خۆیان بە بەشێک لەو خەبات و شۆڕشە پێناسە دەکرد پتانسیەلی شۆڕشی ژینا بووە پاڵنەری یەکگرتنەوەی هەستی هاوبەشی ڕەگەزی و نەتەوایەتی و لە پانۆڕامای دێموکڕاتیزاسیۆن لە کوردستان و ئێران.
ئێستا کاتی ئەوەیە کە کۆتایی بە هەڵاواردنەکان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکان و چەمک و ئایدیاکان و دیسکۆڕس و دیالۆگە بەسەرچووەکان بێنین و بە یەکڕیزی و یەکدەنگی لە پڕۆسەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و وەدەست هێنانی ئازادیی و ماف بۆ گەلی کورد لە ئێرانێکی ئازاد و دێموکراسی لەسەر بنەمای مافی دیاری کردنی چارەنووس لە چوارچێوەی جوغرافیایەکی فرەنەتەوەدا و ڕێفراندۆمێکی ئازاد و گشتگیر بۆ دان بە ماف و مەوجوودیەتی ئێرانێکی فرەنەتەوە و پلۆڕاڵ و بەشێوەی سیستماتیکی فێدڕاڵی کۆببینەوە و تێبکۆشین.