موژگان عەلیپوور
“ژن ژیان ئازادی” ئەو هاوارەی کە لەکاتی ناشتنی ژینا کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زوو بوو بە دروشمێکی گشتگیر، زۆری پێنەچوو بوو بە مانیفێستێکی شۆڕشگێڕانە بۆ خەڵکانی ڕاپەڕیوی سەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەریی لە ئێران دا.
پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٦ مانگ لەو سەرهەڵدان و شۆڕشە کە لە ئاشتی جهانینیش پێشوازیی و پشتیوانی لێکرا، تا ئێستاش بەشێوەی جیاواز و بە فۆڕمێکی دیکە بە بەرئاورەد لەگەڵ پێشوو لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی، پتر ناڕەزایەتیی و مان گرتن دا، بە شێوەی دووڕگە (جەزیرە)یی بەردەوامە.
بەڵام کۆمەڵێک ئاستەنگ وایانکردوە کە ئەو بزووتنەوە و شۆڕشە جۆرێک کەم ڕەنگی و جۆڕێکیش بەلاڕێ دابردنی دەچێ. لە سێ چوارمانگی سەرەتایی ئەو بەڕێوەچوونی ناڕەزاییەتییەکان قورسایی پترلەسەر زۆربەی شار، شارۆکە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بلووچستان بووو وتێچووییەکی زۆریان لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران داوە. واتە نەبوونی هاوسەنگیی ناوجەکانی دیکەی ئێران یەکێک لە گەورەترین ئالەنگارییەکان بووە. هەرچەند لە تاران و شارە گەورەکانی دیکە لە زانکۆکان مانگرتن و ناڕەزایەتییکان بەربەرین بوون و ناڕەزایەتی گەلێکی گرینگ و شەقام و ساڵۆۆنەکانی خواردەمەنی و شوێنی کۆبوونەوەکان ئەنجام دران، کە ئەوانیش جۆرێک ئەرک وەخۆ گری بوون و کارێگەری زۆر باشیان هەبوو.
پێویستە ئاماژە بە نوێژی هەینی بەلووچستان وەک مەیدانێکی بەهێزی شۆڕش و خوتبەکانی بەڕێز مەولەوی عەبدولعەزیز کە بەشێکی دیکە لە دەنگی زوڵاڵی سیاسی، فەرهەنگیی، کۆمەڵایەتیی و تەنانەت مەزهەبیی پەراویزخراوی گەلانی ماف پێشێل کراو، بووە و هەیە بکەین.
لە ئێستا دا، نەبوونی ڕێبەریی ئەو بزووتنەوەیەی تووشی جۆرێک لە قەیرانی بەڕێوەبردن کردوە. ئەگە سەرتا نەبوونی ڕێبەریی خاڵی بەهێزی ئەو ڕاپەڕێنە دەبێنرا، ئێستا دەتوانێ خاڵی لاواز بێ. نەبوونی پێوەندی پتە و بەردەوام بۆ بەڕێوەبردن لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە دا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەردەوامی بەربەرینی ئەو شۆڕشە لەنێو خۆ داناوە. لە ڕەوتی مەنشوورەکان، ئاڵترناتیڤ سازیی و پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان هێز و کەسایەتییە سیاسییەکان لە دەرەوەی وڵات، و پاش هەوڵەکانی نەتەوەخوازە تەواوییەت خوازە فارسەکان، کۆبوونەوەی زانستگەی جورج تاونی ئەمریکا، کە لە کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی، مافناس، هەواڵنێر و سلیبریتی جیاوازبیر پێک هاتبوو، ناکۆکیی لێکەوتەوە. بەتایبەتی بەشداریی لایەنێکی کوردی لە نێو ئەو کۆبوونەوە و دواتر مەنشوورەکەی، نیگەرانییەکی زۆری لەنێو خەڵک بۆ داهاتووی ئێران و سیستێمی سیاسییەکەی دروست کرد.
سەرکوت و زەبر و زەنگ کە ناسنامەی چەندین ساڵەی کۆماری ئیسلامییە و تێچووی بەشداریی لە ناڕازایەتییەکانی زۆر بەرز کردۆتەوە، بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتییەکان، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی، ڕێژیمی ئێران ئەگەر بۆ کورت ماوەش بێ توانیویەتیی بە گرتنی ڕێژیەکی بەرچاو لە خەڵک و کوشتن و لە سێدارەدانی ناڕازییان، و تەنانەت دەستدڕێژی سێکسی بۆ سەر زیندانیان، دڵەڕاوەکێ لەنێو خەڵک دا، دروست بکا.
نەبوونی پشتیوانی دەرەکی، و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەتایبەت ئامریکا و نەبوونی هەنگاوی جیددی بۆ پاشەکشە کردن کۆماری ئیسلامی لە جینایەتەکانی، وایکرد کە بۆ ماوەیەکی کاتی نەڕازایەتییەکان لە کزی بدەن، و دەرفەت بە کۆماری ئیسلامی برخسێنن کە لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان بکەونەوە دانوساتان و کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە وەربگرن و ئەوەش ورەیەکی بە هێزەکانی سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی داوەتەوە.
نەبوونی هاوئاهەنگیی پێویست و هاوپەیمانی کۆهەڵویستی هێزە کوردییەکان، یەکی دیکە لە خاڵە لاوازەکانی ئێستایە. سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە لە کوردستانەوە و دروشمی ژن ژیان ئازادی هەموو گەلانی ئێرانی بۆ داوای ویست و داخوازەکانیان تا ڕادەیەک لە دەوری یەک کۆکردەوە و چاوەڕوانی و هیوا و ئومێدەکان بە حیزبە کوردییەکان لە ئاستی هەموو ئێران دا، دەبینرا. بەڵام تا ئێستا نەتواندراوە کە بەرەیەکی نەتەوەیی گشتگیر پێک بێنن کە بتوانن لە بەرانبەر پاوانخوازان (تمامیت خواهان) فارس دا، کۆ دەنگ بن.
بزووتنەوە و شۆڕشی ژینا دەستپێکی قۆناغی ڕووخانی کۆماریی ئیسلامییە. بەڵام بە پێی تێپەڕینی کات و سناریۆکانی کۆماریی ئیسلامی بۆ مەهارکردنی ئەو بزووتنەوەیە، پێویستە گوتارەکان بگۆڕدرێن و هەتا وڵامدەری ویستە نەتەوەییەکانیش بن. دروشمی ژن ژیان ئازادی لە سەرانسەری ئێران، بە زمانەکانی فارسی، تورکی، بەلووچی و تورکمەنی گوترانەوە، کە نیشانەی خۆ دیتنەوە لەو مانیفێست و نخشە رێهەیە دایە. بەڵام ئێستا لە ئاستی سیاسی دا، هەروەک گوترا، خەریکە بە لاڕێ دا، دەبرێ و تەنیا وەک ویستی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادی خەڵک قبووڵ دەکرێ، کە دێتە سەر پرسی نەتەوەیی و شوناسخوازی بە ناوی “حفظ تمامیت ارضی” چاوپۆشی لە مەسەلە نەتەوەییەکەمان دەکرێ و دانی پێدانانرێ.
کەوایە ئەو شێواز و فۆڕمی بەرەوپێشچوونە پێویستی بە ئاڵوگۆڕە، و ڕێبەرایەتیی کردنی نوێی دەوێ. بە ئاماژە بە چەند خاڵی سەرەکی وەک بەربەستەکان بۆ بەردەوامی دەتوانیین بڵێن کە: سەرەڕای ئەوەی لەو بزووتنەوەیە دا، تێچوویەکی زۆر دراوە، ئەگەر خاڵە لاوازەکان چارەسەر نەکرێن، تەمەنی ئەو ڕێژیمە درێژتر دەبێتەوە.
ئەو خاڵانە دەتوانن بۆ داهاتووی ئەو بزووتنەوەیە گرینگ بن.
* پێکهێنانی هاوپەیمانی لە دەرەوەی وڵات و پێوەندی و هەوئاهەنگی لەگەڵ نیوخۆ.
* هێنانە سەر هێڵی کۆمەڵگەی جیهانی و پاڵپشتی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی لەو بزووتنەوە.
* بەهێز بوون و یەکگرتوویی هێزەکانی ئاڵتڕناتیڤ .
* …