ئامین ئیسماعیلی
شادی و ئەمیر بە پێدزە خۆیان گەیاندبووە جێژوان. کادێنەکەی ماڵی مام تۆفیق ئەوە چەند جارێک بوو چرپەی ئاشقانە و تینی ئەویندارانەی ئەو جووتە ئاشقەی تێدەگەڕا. بەئەسپایی سەرتوخورتیان بوو.
– ئەمیرگیان، ئەوە پاییزیش تەواو بوو، خەلەوخەرمان کۆ کراونەوە و کاری مەزرا لە تەنکی داوە، ئیدی وەختە، بنێرە خوازبێنیم با چیدی ناچار بە شەوڕاو و ئەو کەلێن و قوژبن کردنانە نەبین.
– کەمێکی دیکەش ڕاوەستە شادی گیان. ئەو پەلەپەلەی ناوێ. ناکا پێم بڵێی چیدی لەسەرت ڕاناوەستم؟
– نا نا ئەو قسانە چییە ئەمیر، قورئانم پەڕپەڕ سووتاندبێ بژیم ئی تۆم، بمرم بۆ گڵیم.
ئەمیر نەیهێشت قسەکانی شادی تەواو بن، توند بە خۆیەوە گوشی. شادی بەنەرمی خزیە ئامێزی گەرم و بەتینی ئەمیرەوە… دەتگوت بە ئاسماندا دەفڕن و لەسەر هەوران دەڕۆن… شەو و شەوگاری پاییز و هەڵڕشتنی کوڵوکۆی ئەویندارانە… ئەمیر دەرگای کادێنی ترازاند، بە نەردیوانەکەدا سەرکەوت و ئاودیوی ماڵی خۆیان بوو. شادی پاش ماوەیەک بەدوویدا هاتە دەرێ و بە حەوشە دوورودرێژەکەدا تێپەڕی. هاتە ژوورێ، هەموو خەوتبوون. لە تەنیشت شیوای خوشکی لە نیزیک سۆبەکە تێخزی، بەڵام هەتا بەیانی چاوەکانی نەچووە خەو. پەژیوان بوو لەوەی ڕووی دابوو، بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو… .
***
چاند جارێک سەرڕێی مەزرای لێ گرتبوو، بەڵام ئەمیر بەردەوام ڕێگای دەگۆڕی و خۆی لێ لادەدا. ڕاسپاردەی ناردبوو، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدەهاتەوە. چار نەبوو، ڕۆژێکیان کە دەیزانی ئەمیر لە ماڵێیە بە بیانووی هێنانی دەستاونگ خۆی گەیاندە ماڵی سۆفی ڕەشید. ئەمیر ترومپای لێ دەدا دەست و لاقی دەشوشت. چوو دەسکی ترومپاکەی لێ وەرگرت.
– ئەمیر بۆ وام لێدەکەی؟ کوا ئەوە وەعد و وەفایە؟ بۆ لێم تەوەللا بووی.
– هەروەک پێم گوتی، دەبێ لەباری ببەی. من لەنێو دێ سەرم هەڵنایە، چۆن دێم ئاوا بتخوازم.
– نا ئەمیر وامەڵێ. ئەو منداڵە بەرهەمی خۆشەویستیمانە. گوناحباری دەبین. هێشتا درەنگ نەبووە، دەزانم دوو مانگەش نییە. بنێرە سەرم، دوایە چ زۆرە ڕێگا بۆ داپۆشینەکەی. بە بیانووی کار سەری خۆمان دەڵدەگرین و دەچینە تاران، تەورێز و ئەو شارانە… دوای ساڵێک دەگەڕێینەوە و دەڵێین لەوە زیاترمان بۆ هەڵنەسوورا…
– ئەوە دەڵێی چی؟ بۆ خودا شێتی کردووم وەدووی تۆی بڵحی سووک و چرووک کەوم… ئەسڵەن کێ دەڵێ ئەو منداڵە لە منە؟ دیسان پێت دەڵێمەوە، بڕۆ لەباری ببە.
– چۆن دەتوانی ئەو قسانەم پێ بڵێی… ئەدی کوا وادە و بەڵێنەکانی شەو جێژوانەکانت… کوا ئەو کۆشک و تەلارەی قەرار بوو بۆمی بڕازێنیتەوە… خۆ من هیچم لێت ناوێ… ئەوە عەیبەی هەردووکمانە، دەڵێم وەرە هەتا کەس نەیزانیوە دایپۆشین… منداڵی خۆتە… لە خوێن و گۆشتی خۆتە…
– ئەوە ئاخرین جارە دێی و بەردەرکەم پێ دەگری… نە دیتوومی و نە دەتناسم…
سارای خوشکی ئەمیر لە ئاغەڵ هاتە دەرێ… شادی داوای دەستاونگەکەی لێکرد. گوتی ئەوە بۆت دێنم. ئەمیر گۆرەوییەکانی هەڵگرت و چووە ژووری… شادی قورگی گیرابوو… بەزەحمەت دەیتوانی هەناسە بدا…
– ئەوە چیتە شادی… بۆ دڵت پڕە… شتێک بووە؟
– نا سارا گیان، نازانم لەخۆڕا پشووم سوار بووە… دەچمەوە ماڵێ ئاوێک بە دەموچاومدا دەکەم چاک دەبمەوە.
دەستاونگەکەی وەرگرت و بەرەو ماڵ بۆوە… لاقی لەدووی نەدەهات… نەیدەزانی ڕوو لە کوێ کا، هانا بۆ کێ بەرێ و چۆن بتوانێ دەربەستی ئەو حەیاچوونەی بێت… دەرد و ژانی دڵ و خەونە بابردووەکانیشی هیچ….
***
شادی سکی لەژێڵڵا هاتبوو. دەیتوانی خۆی لە نیگا قورس و پڕ لەلۆمەکانی مام تۆفیقی باوکی بدزێتەوە، بەڵام تیروتوانجی دایکی وەئامانی هێنابوو. شیوا تاقەکەس بوو فرمێسکی لەگەڵ هەڵدەوەراند و گوێی بۆ زووخاوی دڵی ڕادەگرت کە بە تاسە و حەسرەتەوە هەڵیدەڕشتن. هەر ئەویش بوو خستیە بەردەم هەڵبژاردنێکی سەخت و چارەنووسساز.
– خۆم دەکوژم و ماڵی خۆشمان لەو قەباعەتەی قەوماندوومە ڕزگار دەکەم.
– نا دادە گیان، ئەتۆ بمری و ئێمەش بە خەم و خەفەتەوە بکوژی و میرزا ئەمیری تەڕەماش قیت قیت بۆخۆی بگەڕێ…
– ئەدی قوڕی کوێ وەسەر کەم شیوا. ئەوە نییە نایهەوێم و بۆم نایەتە سەر ڕێیە….
– شادی گیان هیچ ڕێگایەکی دیکەت نییە، دەبێ بۆی بچیە حاشا. بە تێڕادوویی بچۆ ماڵێان و بە سۆفی ڕەشید بڵێ کوڕە پاڵەوانەکەی چ کەتنێکی کردوە. نابێ بەسەریانەوە بچی.
– باوکم و ئەوان دەمکوژن… حەیایان دەچێ… سەریانم نەوی کردوە… کردوومنە مەزحەکەی عالەم و ئادەم…
– تەنیا چارت ئەوەیە. کاتی خۆی دەبوو نەتدۆراندبا. کارە و هاتووە و ئیللا و بیللا دەبێ بۆی بچیە حاشا… کوا ئەوە حاڵ و ڕۆژە تۆ هەتە… ئێمەش بە تۆوە سووتاوین. بچۆ و خۆت و ئێمەش ڕزگار کە…
***
لە ماڵی سۆفی ڕەشید ڕۆژی حەشر بوو. سارا هەردوو دەستی لە تینتینۆکەی شادی نابوو، پوورمریەم سەروقژی خۆی دەڕنی و لە قسەی سووک و چرووک ئەوەی دەیگوت نەیدەگوتەوە…
– ئایەڕۆ کەس نا کوڕی من؟ ئەمیری من و ناپیاویی وا… شتی وا لە کوڕی من ناوەشێتەوە… بڕۆ بڕۆ قەحبە، دەرپێکەی بخە سەر شانت و بڕۆ بە کێت دۆڕاندوە یەخەی ئەو بگرە… لەولاش سارا بۆی دەستاندەوە…
نیوەی خەڵکی دێیان ڕژابووە سەر. سۆفی ڕەشید عالەمەکەی بۆ بێدەنگ نەدەبوو، بە زۆر توانی شادی لەبن مست و پێلەقەی سارا و پوورمریەم دەربێنێ… مامۆستا و چەند ڕیشسپییەکی ئاوەدانی گەیشتنێ و سۆفی رەشید و شادییان لەگەڵ خۆیان بردە ژوورێ. شادی بە گریانەوە هەموو بەسەرهاتەکەی بۆ گێرانەوە… سوێندی خوارد و دەستی بە قورئان دادا ئەوەی گوتویەتی هەمووی ڕاستە و لە ڕاستی بەولاوە نەچووە… گوتی هەتا ئێستا جگە لە ئەمیر کەسی بە پیاو نەزانیوە و یەکتریان خۆش ویستووە و دەستی لەگەڵ تێکەڵ کردوە… .
کەیخودا گوتیان سۆفی ڕەشید ئەتۆ بۆخۆت پیاوێکی دنیادیدەی و دەزانی شتی وا خوێنی بەدوویەوەیە. دەبێ بە تەگبیری باش ئەو شەڕە داکوژێنێ، دەنا خوێن و پیاوکوشتن دێتە ئاراوە… گوتیان چار ئەوەیە کچۆڵەکە لە ئەمیری کوڕت مارە بکەی، دوایە کە منداڵەکەی بوو ئەوە دوکتور و ئەوە ئازمایش. منداڵەکە لە ئەمیری کوڕت بوو ئەوە چ قسە نامێنێ و ئەگەر لەو نەبوو، ئەوە باسێکی دیکەیە و ئەوکات چۆن باش بوو ئاوا دەکەین… سۆفی ڕەشید بەناچار ملی بۆ ئەو داوایە ڕاکێشا…
***
مام تۆفیق شادیی کچی بێبەری کردبوو… ئەمیر خۆی لێ بێخاوەن کردبوو… پوورمریەم و سارا دەردی سەگیان دەدایە، لە بانگی بەیانییەوە هەتا نویژی خەوتنانێ بۆ کاروباری ماڵێ ڕایان دەدا و سەرباقی ئەوە بەرماوی خواردنەکانی خۆیان دەدایە… شادی کەوتبووە دۆزەخێکەوە ڕزگاربوونی نەبوو، بەڵام بەوحاڵەش دڵی بەوە خۆش کردبوو بێتوو منداڵەکەی ببێ ئەمیر دڵی نەرم دەبێ و لایەکی لێ دەکاتەوە. ئێواران کە
ئەمیر لە مەزرا دەهاتەوە لە دوورەوە هەتا نیزیک دەبۆوە تێرتێر بە حەز و حەسرەتەوە لێی دەڕوانی… بەڵام سەت حەیف و مەخابن لە سڵاوێکیش. ئەمیر هیندە دڵڕەق بوو تاقە جارێکیش سەیری چاوەکانی نەکردبوو… شادی لەو حاڵوەزعەدا کەوتبووە پێومانگی خۆی… ڕۆژی منداڵبوونەکەی کەس بە دەوریەوە نەبوو. ژان گرتبووی و پوورمریەم و سارا کە دەشیانزانی سەروەختی خۆیەتی چووبوونە مەزرا و بەجێیان هێشتبوو. یەک دوو ژنی دراوسێیان فریای کەوتن و پوورفاتمی مامانیان بانگ کرد… منداڵە لە زگی دایکیدا سووڕابوو و نەدەهاتە خوارێ… شادی دیناڵاند و دەیقیژاند و دەبوورایەوە… لەو کاتەدا پوورمریەم و سارا و سۆفیڕەشیدیش هاتنەوە ماڵێ… پوورمریەم لەو حاڵەشدا یەک بەخۆی هاواری دەکرد دەی بەشکم لەسەر ئەو ترەکینەت بمری و ڕزگارمان کەی… پوورفاتم بەگژیدا هات: هەی ئەو ماڵەتم بە سیپەکەی قوڕ گرت بۆ خۆت و بۆ ویژدانت… سۆفیڕەشید بگەیە ماشێنێک بانگ کە و بیڕفێنە بۆ بۆکان… بە دەستی من نەجاتی نابێ و زوو نەگاتێ دەمرێ و دەفەوتێ…
ماشێنیان هێنا و سواریان کرد… شادی لە نەخۆشخانە منداڵەکەی بوو… کچێکی سووروسپیی کزۆڵە… پوورمریەم سوور بوو کە دەبێ منداڵەکە ئازمایش بکرێ… دوای کاری پاسگا و دادگا ئازمایشەکە کرا. وەڵام هاتەوە منداڵە کچی ئەمیرە… شادی خۆشی لە دڵی گەڕابوو… پێی وابوو بەدبەختی و ڕۆژانی نەهامەتیی تەواو بووە… لای وابوو پوورمریەم و سارا و لە هەموو بەولاوەتر ئەمیری خۆشەویست و باوکی منداڵەکەی دەیگرنە خۆ و وەرزێکی دی لە ژیانیان دەست پێ دەکا… بەڵام چارەنووس ئاوای نەنووسیبوو…
***
هەر جارێک شادی مەمکی دەنایە زاری منداڵەکەی سێ هیندەی ئەو شیرەی لە مەمکەکانی دەهاتنە خوارێ فرمێسکی دەڕشت. منداڵەکە چوبووە دوو مانگەوە، بەڵام هێشتا سجیلیان بۆ وەرنەگرتبوو. سجیلی چی، جا بۆ بڵێ ناویان نابوو؟ بۆ ئەمیر هەر تەنیا جارێک سەیری منداڵەکەی کردبوو؟ شادی هەر ڕۆژێکی دۆزەخ و بە دەیان جار مردن بوو. کەس تاقە قسەیەکی لەگەڵ نەدەکرد، ئەگەریش قسەیەک کرابا ئەوە هەموو تانە و تەشەر و قسەی سووک و چرووک بوون کە وەک خەنجەر لە دڵی هەڵدەچەقین. بیری دایک و ماڵەوەیانی کردبوو، بەڵام باوکی بێبەریی کردبوو… ئێستا بەهۆی زەیستانیش نەیدەتوانی جارجارە بە بیانووی سەر کانی یان گاڕان دەرکردن لە دوورەوە چاوێکی بە خوشک و براکانی بکەوێ.
ئەو ڕۆژە ماڵی خات مەنیجی خوشکی پوورمریەم لە بۆکانەوە هاتبوونە سەردانیان. خات مەنیج هێشتا سەعاتێک ڕانەبردبوو زانی شادی لە چ وەزعێک دایە. زۆری بەسەر مریەمی خوشکیدا بۆڵاند.
– باشە شەرم لەو کچۆڵە ناکەی تۆزێک لە خودا و قیامەتێ بترسە، چ خودابەردارە ئەو دەردە دەدەنە ئەو کچە.
– هەر ئەوەندەی قابیلە. تۆزێک نەجیب و سەنگین با ئاوای بەسەر نەدەهات.
– باشە ئەوە هەر ئەو نانەجیب بوو؟ ئەدی ئەمیری کوڕت چی؟ بۆ مەگەر ئەو منداڵەی لەو نییە؟ باشە بۆ ئاوێک بەو ئاگرەدا ناکەن؟ دەتانەوێ هەتا کەی بەو دەردەی بەرن؟
– خات مەنیج ئەگەر بۆ ئەو قسانە دەهاتی خۆزگە هەر نەهاتبای…
پوور مریەم و سارا دیار نەبوون. خات مەنیج خۆی گەیاندە شادی.
– کچم شادی گیان! خۆ تۆ قەدر و حورمەت هیچ، نان و ئاویشت تێر بە زگی خۆت نادەنێ، باشە بۆچی دانیشتووی؟
– چ بکەم پوورە مەنیج. قوڕی کوێ وەسەر خۆم کەم. خۆ دەزانم کاری قەباعەتم لێ ڕووی داوە، بەڵام خۆ هەر من بەتەنیا ئەوەم نەکردوە، ئەدی ئەمیر چی؟ کەس ئەو بە خەتابار نازانێ. هەر منم دەبێ زووخاو هەڵرێژم و ناو و ناتۆرە ببیستم و کونەجەرگ بکرێم.
– باشە هەتا کەی بەو وەزعە دادەنیشی؟
– تۆ بڵێی ڕۆژێک ئەمیر دڵی نەرم نەبێ، خەسووم و وان لەو هەمووە دێزەییە ماندوو نەبن.
– نا کچی خۆم، هەم من و هەم ئەتۆش باشیان دەناسین. ئێرە ماڵی خوشکی خۆمە و باش باشیان دەناسم. ئەوان تازە بەڕقدا کەوتوون و لە کەری شەیتانێ نایەنە خوارێ. من خەمی تۆمە… ئاوا دەرنابەی، یان ڕۆژێک خودانەخواستە پەندێک دەدەی و بەڵایەک بەسەر خۆت دێنێ، یان لە داخان شێت دەبی و وە شاخ و کۆڵانان دەکەوی.
– ئەدی چار چییە؟ چ بکەم؟ کوا من بەو وەزعە ڕازیم، بەڵام هیچ دەروویەکی ڕوونم نییە.
– با هەتە. بچۆوە ماڵی باوکت.
– باوکم منی بێبەری کردووە، دەمکوژێ.
– ناتکوژن، بیانکوشتبای ڕۆژی یەکەم کە بە وەزعەکەیان زانی دەیانکرد. خۆ بشتکوژن لە ئێستات باشترە، ئەوکات جارێ دەمری، ئێستا ڕۆژێ سەد جار دەمری و دەژێیەوە…
– ئەدی منداڵەکەم…
– بۆ ئەویش خوا گەورەیە…
***
چەند ڕۆژێک گوزەرابوو… قسەکانی خات مەنیج بەردەوام لە گوێیدا دەزرینگانەوە. دوای هێنان و بردنێکی زۆر ئاخریەکەی ساغ بۆوە ئەو وێرانەیەی ناوی ماڵە مێردە بۆ هەمیشە بەجێ بێڵێ. بۆ ئاخرین جار “ئارەزوو”ی شوشت و پێچایەوە. هێشتا لە زگی دابوو بە “ئارەزوو” ناوی دەبرد و دوایەش کە بوو لە تەنیاییەکانی خۆیدا هەر بەو ناوە دەیدواند. جوان جوان ویشکی کردەوە و پێچایەوە و لە لانکەی خست… مەمکی لە دەمی نا هەتا چاوەکانی وێک نا و مەمکی بەردا. تێر تێر لەسەری گریا. بەئەسپایی دەیدواند…
– لێم ببوورە نازدارەکەم… قەدەر وای ویست. پێم خۆش بوو دایکایەتیت بۆ بکەم، گەورەبوون و هەڵدانت ببینم، کەزیەکانت بۆ بهۆنمەوە، شەوانە حەقایەت و چیرۆکانت بۆ بگێڕمەوە، بەڵام نایەڵن… نابێ و نابێ… دەترسم بمێنم سبەی ئەتۆش بەبۆنەی منەوە سەد قاتت ئەوە بەسەر بێ… دایە دەڕوا، بەڵام دڵی لێرە بەجێ دێڵی، خەونەکانی لێرە بەزیندوویی دەنێژێ… دەڕۆم وەدووی چارەنووسم دەکەوم… ئەگەر مام و ژیام ڕەنگبێ ڕۆژێک چاومان بە یەکتر بکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر نەبوو و نەکرا بزانە کە تۆ هەموو ئاوات و ئارەزووی من بووی…
یەکجێ هەستا و پشتی تێ کرد. دەترسا بێتوو ئاوڕ بداتەوە لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە… دەرکەی لە ئارەزوو پێوە دا. بەخێرایی لە حەوشە تێپەڕی و لە کۆڵانی ماڵی سۆفی ڕەشید ئاوا بوو…
***