نووسینی: زیبا بختیاری (تایبەت بۆ گۆڤاری ژنان نووسیویەتی)
وەرگێڕان: فاتمە مەلەکی
کاتێک گوێت لە وشەی “گەشەپێدانی بەردەوام” دەبێت، بیر لە چی دەکەیتەوە؟ زۆرێک بیر لە دارستانە گەشاوە و وزەی نوێبووەوە و ئاسمانی شین و ڕوون دەکەنەوە بەڵام بەردەوامیی شتێک ئەولاتری پاراستنی ژینگەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو مرۆڤەکانی جیهان بە نەوەکانی داهاتووشەوە هاوسۆزی یەکترن. ئەم چەمکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێمە تەنیا یەک هەسارەمان هەیە کە سەرچاوەکەی سنووردارە و هەمووان سوودمەندن لە پاراستنی.
چەمکی “گەشەپێدانی سەقامگیر” بۆ یەکەمجار لە ڕاپۆرتی “داهاتووی هاوبەشی ئێمە” لە ساڵی ١٩٨٧دا هاتووەتەئاراوە. ڕاپۆرتەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو کراوەتەوە و بەسەرپەرشتی گرۆ هارلیم بروندتلاند سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی نۆروێژ ئامادە کراوە. بۆیە زۆربەی جار ئەم ڕاپۆرتە بە کۆمیسیۆنی بروندتلاند ناسراوە.
١-ڕەهەندەکانی گەشەپێدانی سەقامگیر
بۆ بەدەستهێنانی گەشەسەندنی سەقامگیر، پێویستە کۆمەڵگەی جیهانی لە سێ بواردا مامەڵە بکات:
ئەلف- ژینگە و کەشوهەوا ب-ئابووری ج-پرسە کۆمەڵایەتییەکان
کاتێک باس لە گەشەپێدانی بەردەوام دەکرێت گەشەپێدانی سەقامگیر پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە پێویستی بەهاوسەنگی هەیەو جەخت لەسەر بەردەوامیی لە هەموو ڕەهەندە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان دەکرێتەوە. پێیان وایە بەبێ دروستکردنی هاوسەنگی لەم سێ بوارەدا، گەشەسەندنی بەردەوام ناتوانرێت بەدی بهێنرێت. بۆ گەیشتن بە گەشەپێدان دەتوانرێت وەک سیستمێک هەژمار بکرێت کە توخمە سەرەکییەکانی بریتین لە: خەڵک، سەرچاوەکان،زەوی.
تێکەڵکردنی ئەم توخمانە پێکەوە، لە شێوەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی گونجاودا، دەبێتە هۆی گەشەسەندن کە تێیدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی دروستی دەرفەتەکان و دابەشکردنی یەکسانی سەرچاوەکان، بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی دانیشتووان مومکین دەبێت.
سەرکردەکانی جیهان پێیان وایە ئابووری و نایەکسانی و ژینگە کاریگەریی قووڵتریان لەسەر یەکتر هەیە لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە. ناتوانین بەردەوام بین لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هەسارەکەمان بۆیە پێویستە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بژین بەبێ ئەوەی زیان بە ژینگە بگەیەنین و سەرچاوەکانی زەوی بەشێوەیەکی بەردەوام بەکاربهێنین. هەروەها پێویستە چارەسەری باشتر بۆ گەشەپێدانی بەردەوام بدۆزینەوە کە سوود بە مرۆڤ و ژینگە بگەیەنێت.
ئاشکرایە ئێمە وابەستەی سرووشت و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای ئەمڕۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژینگە و ژیانی مرۆڤ هەیە. دەردانی گازی گەرمخانەیی، گۆڕانکاری لە هاوسەنگی گەرمی زەریاکان و بەرگەهەوا، هۆکاری لەنێوچوونی هەمیشەیی جۆرەکانی ئاژەڵە. ئەم دۆخە وامان لێدەکات بەرەوڕووی کارەساتی سرووشتی ببینەوە و بژێوی ژیانمان دەخاتە مەترسییەوە کە دواجار دەتوانێت ببێتە هۆی نائارامی و ململانێ لەسەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سرووشتییەکان. بۆ وەستاندنی گۆڕانی کەشوهەوا و بەشداریکردن لە گەشەپێدانی بەردەوام، وڵاتانی جیهان دەبێت زیاتر وەبەرهێنان لە سەرچاوە نوێبووەکانی وەک وزەی ئاو، با و وزەی خۆردا بکەن. لە ساڵی ٢٠١٥ هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتنە ڕێککەوتنێکی کەش و هەوا کە بە ڕێککەوتنی پاریس ناسراوە. ئەم ڕێککەوتنە کە لە پاریس واژۆ کراوە، بە بڕگەیەکی مێژوویی لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دادەنرێت. ئەمە یەکەم ڕێککەوتنی کەش و هەوای یاسایی پابەندکەرە کە پێویستی بە بەشداری ڕاستەقینەی هەموو وڵاتان هەیە. به پێی ئەم ڕێککەوتنه هەر وڵاتێک دەبێت هەر پێنج ساڵ جارێک ڕاپۆرت له سەڕ کردەوه و پێشکەوتنەکانی کەش و هەوایه .
کەلێنی نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکان بەخێرایی گەشە دەکات و ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ڕەنگە بەشێک لە گەنجان – کە نوێنەرایەتی نیوەی دانیشتووانی جیهان دەکەن – بەهۆی هەژارییەوە بەرەو ململانێ و تەنانەت شەڕەکانیش ڕابکێشرێن. بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەردەوام و دادپەروەر، زۆر گرینگە هەموو مرۆڤەکان دەستیان بە ئاو و خۆراک و خانووبەرە و پاک وخاوێنی و پەروەردە بگات. کەرتی کۆمەڵایەتی دەبێت دڵنیا بێت لەوەی هەموو مرۆڤەکان چێژ لە ژیانێکی شایستە و دادپەروەرانە وەربگرن؛ ئەمەش بریتییە لە پێشکەشکردنی پەروەردە، دامەزراندن، یەکسانی جێندەری، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان و خزمەتگوزاری تەندروستی گونجاو.
بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئابوورییەکی بەردەوامیش پێویستە. یەکێک لە پێوەرە گرینگەکان بۆ پێوانەکردنی پلەی گەشەی وڵاتێک، ئەو گرنگی و شکۆیەیە کە ژنان لەو وڵاتەدا هەیانە. چونکە لە پێناو گەیشتن بە گەشەساندنی کۆمەڵایەتی و خێراترکردنی پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووری و پاراستنی ژینگە و بەدیهێنانی دادپەروەری و کۆمەڵایەتی، ئەگەر ژنان وەک هێزێکی کارا و بنیاتنەر لە کۆمەڵگەدا تەماشا نەکرێن، بەدڵنیاییەوە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەی گەشەسەندنی بەردەوام و زیادبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی لە سەرچاوە مرۆییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا. ڕۆڵی ژنان لە گەشەپێداندا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە هەیە. بۆیە بەشداری نیوەی دانیشتووانی جیهان لە پڕۆسەی گەشەپێدان بە پێویستی دادەنرێت. لەم دەیانساڵەی دواییدا هەوڵی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا دەستی پێکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی پشتگوێخستنی مێژوویی ڕۆڵی ژنان لە گەشەپێداندا.
بەڵام ژنان هێشتا ڕووبەڕووی بەربەست و سنووردار دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان و هەلی کار و مافی یەکسان. پێویستە گەشەسەندنی بەردەوام بەرەو چارەسەرکردنی ئەم نایەکسانیانە هەنگاو بنێت و گرنگییەکی تایبەت بە بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان وەک فاکتەری سەرەکی بدرێت. گەشەپێدانی بەردەوام، وەک پرۆسەیەکی سیستماتیک، پێویستی بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. لەم ڕووەوە ژنان دەتوانن ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕن لە ڕەهەندە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی گەشەکردندا، لەوانە:
ڕەهەندی ئابووری وەک بەشێکی گەورەی هێزی کاری جیهانی، ژنان بەشدارییەکی زۆریان لە بەرهەمهێنان و گەشەی ئابووریدا هەیە. بەپێی ئامارەکان، ژنان لەسەدا ٧٦ی کاتی کارکردنی جیهان ئیشدەکەن بەڵام تەنیا لەسەدا ١١ی داهاتی جیهانی بەدەست دەهێنن. ئەم نایەکسانییە بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنی ئابووریی بەردەوام دەبێت هەلی کارێکی یەکسان بۆ ژنان بڕەخسێنرێت و هەقدەستی یەکسان بە پیاوان بدرێت.
ڕەهەندێکی دیکە کە ژن دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا بگێڕێت، ڕەهەندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیە. ئافرەتان ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگر لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن کە کاریگەرییەکانیان لە ئەرکە نێوخۆییەکان زیاترە. وەک دایک و مامۆستا و سەرکردەی کۆمەڵگە، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر داڕشتنی کۆمەڵگە هەیە. بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان بناغە دێموکراسیەکان بەهێز دەکات و ئاستی خوێندن بەرز دەکاتەوە و تەندروستی کۆمەڵگە باشتر دەکات. هەروەها بەشداری ژنان لە بڕیاردانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی سیاسەتی دادپەروەرانەتر و هەمەلایەنەتر.
٢-ژنان و بەڕێوەبردنی سامانە سرووشتییەکان
هەروەها ژنان دەتوانن لە ڕوانگەی ژینگەییەوە بەرهەمدار بن. ژنان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە بەڕێوەبردنی سامانە سرووشتییەکان و کشتوکاڵدا، بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە باشترکردنی ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی هەژاریی. لەم ڕووەوە نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی لەم کەرتانەدا نەک هەر بەرهەمی ئابووریی زیاد دەکات بەڵکو بەشدارە لە گەشەسەندنی بەردەوام لەبوارەکانی ژینگەیی و کۆمەڵایەتییدا. بەداخەوە تەحەددیات و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لەو بوارانەدا زۆرن.
سەرەڕای هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانیی جێندەری، ژنان هێشتا ڕووبەڕووی بەربەستی جددی دەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە گەشەپێدانی بەردەوامدا چونکە هەتا ئێستاش بەهۆی هۆکارەکانی وەک هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە زۆرێک لە وڵاتان بێبەشن لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و دامەزراندن و سەرچاوە داراییەکان. ئەم نایەکسانیانە دەبێت لە ڕێگەی چاکسازی یاسایی و کولتوورییەوە چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە یەکسانی لە پرۆسەی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەشداری بکەن.
زۆربەی کارەکانی نێوماڵ کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێن، نەک هەر پشتگوێ دەخرێن بەڵکو لە ئاماری ئابووریشدا هەژمار ناکرێت. ئەمەش وادەکات بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لە ئابووری جیهانیدا کەمتر لەوەی کە هەیە دەربکەوێت و وایان لێدەکات وەک بوونەوەرێکی بەکاربەر دەربکەون.
٣-مووچەی ئافرەتان
سەرەڕای ئەوەی ژنان لە زۆرێک لە پیشەسازی و کەرتەکاندا کاردەکەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی مووچەکانیان لەئاست پیاوان کەمترە. ئەم نایەکسانییانە بەتایبەتی لە کارە مەترسیدارەکان یان کەم مووچەکاندا دیارە و بەربەستێک لە بەردەم سەربەخۆیی ئابووری ژنان پێک دەهێنن.
٤. ئامادەنەبوون لە پۆستی بەڕێوەبردن و بڕیاردان:
ژنان لە زۆرێک لە وڵاتان دەستیان ناگات بە پۆستی بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی لە دامەزراوە حکوومی و تایبەتەکاندا. ئەم نەبوونی ئامادەیی ژنان لە پرۆسەکانی بڕیاردان دەبێتە هۆی ئەوەی کە سیاسەت و بەرنامەکانی گەشەپێدان کەمتر گرنگی بە پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان بدەن.
گرینگی سەربەخۆیی ئابووری ژنان
سەربەخۆیی ئابووری ژنان یەکێکە لە پایەکانی گەشەسەندنی بەردەوام. بەهێزکردنی ئابوری ژنان نەک هەر مافەکانیان دەستەبەر دەکات بەڵکو بەشدارە لە گەشەساندنی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا. بە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ دامەزراندن، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان و خوێندن، ژنان دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە پرۆسەکانی ئابووریدا بکەن.
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو وڵاتانەی کەلێنی جێندەرییان کەمترە لە بازاڕی کاردا گەشەی ئابوورییان بەرزترە. سەرەڕای ئەوەش، نەهێشتنی نایەکسانی جێندەری لەکەرتەکانی کشتوکاڵ وسەرچاوە سرووشتییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆیی جیهانی بەبڕی یەک تریلیۆن دۆلار و دەرهێنانی ملیۆنان کەس لە هەژاری.
ستراتیژییەکان بۆ بەهێزکردنی بەشداری ژنان
بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە گەشەپێدانی سەقامگیردا بکەن، پێویستە چەندین هەنگاوی سەرەکی بگرێتەبەر کە لێرەدا ئاماژەیەکی پێدەکەین:
ئەلف-چاکسازیی یاسایی:
دەرکردن و جێبەجێکردنی یاسای دژە هەڵاواردن بەتایبەتی لە بوارەکانی دامەزراندن، پەروەردە و مافە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی جیاوازیی ڕەگەزیی و پێشخستنی مافەکانی ژنان.
ب-بەهێزکردنی ئابووری ئافرەتان:
پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ ڕەخساندنی هەلی کارێکی یەکسان بۆ ژنان و باشترکردنی مووچە و پێشخستنی دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە داراییەکان و خوێندن.
ج-پاڵپشتی بۆ ژنانی خاوەنکار:
پێویستە حکوومەتەکان یارمەتی ژنان بدەن لە دەستپێکردن و فراوانکردنی کارەکانیان لە ڕێگەی بەرنامەکانی پشتیوانی و ئاسانکاری دارایی و ئامۆژگارییەوە.
د-بەهێزکردنی ژنان لە سیاسەت و سەرکردایەتیدا:
پێویستە بەشداری ژنان لە پۆستەکانی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی گەورەدا بەشێوەیەکی کاریگەر بەهێز بکرێت بۆ ئەوەی سیاسەت و بەرنامە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری دابڕێژرێت.
ه. بەرەنگاربوونەوەی چەشنە ڕەگەزییە چەقبەستووەکان:
گۆڕینی هەڵوێستی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە ڕۆڵی ژنان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆیان لە هەموو کایە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکاندا زۆر گرینگە.
گەیشتن بەگەشەپێدانی سەقامگیر تەنیا لە حاڵەتێکدا دەکرێت کە هەموو گروپە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی ژنان، چالاکانە بەشداری تێدا بکەن. ڕۆڵی ژنان لە گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی لە ڕەهەندە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکاندا. بۆیە پێویستە بەهێزکردنی ئابوری ژنان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەو بوارانەدا، وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی گەشەسەندنی بەردەوام، لە سیاسەت و بەرنامە جیهانی و نیشتمانییەکاندا جێگیر بکرێت. ئەمەش تەنیا سوودی بۆ ژنان نابێت بەڵکو سوودی بۆ هەموو کۆمەڵگەی مرۆیی دەبێت و بەشداری دەکات لە گەشەپێدانی دادپەروەرانەتر و بەردەوام و سەرکەوتووتر.
——————————-
سەرچاوەکان :
١. نەتەوە یەکگرتووەکان (UN). (٢٠٢٣). ڕاپۆرتی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام. لە: https://unstats.un.org/sdgs/report وەرگیراوە
٢. بانکی جیهانی. (٢٠٢٢). ڕاپۆرتی ژنان و بازرگانی و یاسا. لە: https://wbl.worldbank.org وەرگیراوە
٣. بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP). (٢٠٢١). جێندەر و گەشەپێدانی بەردەوام: زۆرترین ڕۆڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی ژنان. لە: https://www.undp.org وەرگیراوە
٤. ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO). (٢٠٢٠). ڕۆڵی ژنان لە کشتوکاڵ و گەشەپێدانی گوندەکاندا. لە: https://www.fao.org وەرگیراوە
٥. ڕاپۆرتی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی (WEF). (٢٠٢٣). ڕاپۆرتی جیهانی بۆشایی جێندەر. لە: https://www.weforum.org/reports وەرگیراوە
٦. یونسکۆ. (٢٠٢٢). پەروەردە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام: بەهێزکردنی ژنان