هەر وڵاتێک لەسەر چەندین بناغەی جۆراوجۆر دادەمەزرێ کە دەبنە کۆڵەکەی سەرەکی ئەو کۆمەڵگە، وەکوو: ئابووری، نیزامی، سیاسی، پەروەردە و…هتد. کە گرینگترینیان ئەساسی پەروەردەیە و بەشی هەرە زۆری وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا لەسەر ئەو بناغە دادەمەزرێنن چۆن دەزانن داهاتووی گەشی وڵاتەکەیان بەستراوەتەوە بە هەبوونی فێرگەیەکی بەهێز، هەر بۆیە بوونی سیستەمێکی پەروەردەیی بەهێز دەتوانێ لە زۆربەی بەشەکان دا وڵات سەربەخۆ بکا. وەکوو ئەڵمانیا، ژاپۆن، چین، کووریای باشوور، ئیسرائیل، کە وڵاتەکەیان لەسەر بناغەی پەروەردە دامەزراندوە و بە ئەکتەرەکانی سەر ئەو شانۆیە گرینگییەکی تایبەت دەدرێ. وەک دابینکردنی هەموو ئێمکاناتێک بۆ مامۆستایان و مافی ژنان، ڕێزگرتن و بە ئۆلگودانانی کەسایەتییەکان هەر وەک جوبران خەلیل جوبران دەڵێ: ئەگەر دەتەوێ وڵاتێکی پێشکەوتوو دابمەزرێنی ئەم سێ خاڵە ڕەچاو بکە دڵنیا بە سەرکەوتوو دەبی ئەو دەوڵەتانش بە لەبەر چاوگرتنی ئەو سێ خاڵە توانیویانە لە ئاستی پێشکەوتووترین وڵاتەکانی دنیا بێنە ئەژمار. بۆ نموونە وڵاتی ئەڵمانیا ۲جار هەوڵی داگیر کردنی تەواوی ئورووپای دا ئەویش لە ڕێگای نیزامییەوە کە چی لەئاکامدا شکستی هێنا. بەڵام بۆ جاری سێهەم بە لەبەرچاوگرتن و دامەزراندنی سیستەمێکی پەروەردەیی بەهێز توانی ئابووری ئاڵمان گەشە پێبدا و دەروازە سنوورییەکانی تەواوی ئورووپا ببەزێنێ هەر بۆیە، بەم مێتۆدە توانی یەکیەتیی ئورووپا داگیر بکا، کە ئێستا دەیبینین وڵاتی ئەڵمانیا دەوڵەمەندترین وڵاتی یەکیەتیی ئوورووپایە کە ڕیشە ئابوورییەکی تەواوی ئورووپای لەخۆ گرتووە. هۆکاری سەرکەوتنی ئەڵمانیا دوای دووجار شکست، ڕەچاو کردن و دامەزراندنی سیستەمێکی پەروەردەیی بەهێز بوو کە ئابووری ئەڵمانیای بەو ئاستە گەیاند کە ئێستا باڵ و سێبەری بە سەر تەواوی ئورووپا کێشاوە. ئاوڕدانەوە لە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و کوردستانی خۆمان دەرخەری ڕاستییەکی زۆر تاڵە، ئەویش نەبوونی پەروەردەیەکی بەهێزە، مەبەستم لە کوردستان زیاتر باشووری کوردستانە چونکە لە پارچەکانی تر کورد وەک هەرێمی کوردستان خاوەن دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ نییە؛ بەڵام بەداخەوە حکوومەتی دیفاکتۆی کوردستانی باشوور لە پڕاکتیک دا زۆر لاواز بووە.کە ئاکامەکەی لەوەدا دەردەکەوێ کە تەواوی کالاکانی نێو هەرێمی کوردستان درووست کراوی ئێران و تورکیان.
یان دیاردەی کوژانەوەی شەمە ڕووناک کەرەوکانی وڵاتی ئێمە کە وەک دیارەدەیەکی زۆر تاڵ هەر ڕۆژ بەرۆکی خەونەکانمان دەگرێتەوە. شەمە ڕووناک کەرەوەکان خەریکن لەژێر چەتری دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتە دیکتاتۆرەکان دەکوژێنەوە، و ڕۆڵی ئێمە وەک هەر تاکێکی کورد لەم بارەوە حاشا هەڵنەگرە. بۆ نموونە فەرهاد پیرباڵ یەکێک لەو بیرمەندە هەرە گەورەکانی کوردستانە کە بە جێگەی ئەویکە لە تێورییەکانیان کەڵک وەربگرین و بکاریان بێنین دێن کەرامەتیان دەشکێنین و بە شێت لە قەڵەم یان دەدەین و دەبین بە ئەکتەری سناریۆکەی دوژمنانی گەلەکەمان بێ ئەۆیکە خۆشمان هەستی پێبکەین. دوژمنانی کوردستان هەوڵ دەدەن شەمە ڕووناککەرەوەکان بکوژێنەوە، یان کوژانەوەیان بەدەستی ئێمە بسپێرن زۆر جار تەوری بڕینی نەمامەکان و دارەبەرزەکان لەدەستی ئێمە دایە و بەبڕینی نەمامەکان دڵ خۆش دەبین، ئەو شەمانەی کە ڕووناک کەرەوەی ڕێگان و بەرەو ئاسۆی ڕوونمان دەبەن. بە دەستی خۆمان دەیانبڕین و هیوا و ئاواتەکانیان دەخنکێنین. کوژانەوەی شەمەکان و بڕینی دارەبەرزەکان سێبەری حەسانەوەمان لێدەستێنێ و چرای ئومێدمان دەکووژێنێتەوە کە لە ئاکامدا بەدەیان ساڵ دەبین بە کۆیلەی چەترەکان.
ئەستەمە ئازاری کۆیلەبوون بەڵام کۆیلەی دەستی ڕەشی خۆمانین میللەتێک گەر ئاگا نەبێ ڕزگار نابێ میللەتێک گەر میللەت نەبێ دەوڵەتی نابێ، لێرەدا شەمە ڕووناککەرەوەکان ئاماژە بە کەسایەتییەکانی میللەتێکە کە بەهەموو مێتۆدێک تێ دەکۆشن بۆ ئازادی و سەربەرزی و بەختەوەری ئەو میللەتە، ئاماژەیە بەو مرۆڤە خۆنەویستانە، کە بە هەر چەکێکە پێیانە دەرد و ئازاری میللەتەکەیان دەخەنە بەرباس و ڕۆڵێکی گرینگیان لە دیاری کردنی چارەنووسی وڵاتدا هەیە، بەڵام ئەرکی ئێمە بەرانبەر بەو مرۆڤە شۆڕشگێڕانە چییە؟
ڕێزلێنان، کەڵک وەرگرتن لە ئەوان لەژیانی خۆمان و ناساندنی بە نەوەی داهاتوو، نەک ڕووخاندنی کەسایەتی و ناوی ئەوان ڕۆڵی ئێمە وەکوو خەڵکی هەموو پارچەیەکی کوردستان بەداخەوە زۆر کەمڕەنگە و لەم بارەوە بە ڕێژەیەکی زۆر گیرۆدەی دەستی نەزانی و سیاسەتی ڕەشی داگیر کەران بووین.
ــ بێحورمەتی بە مامۆستایان و بەکەم زانینیان لە کۆمەڵگە، بەزوو بەشوودانی کچان و پێشگرتن لە خوێندن و خۆپێگەیاندنیان، نەناسینی کەسایەتییەکان و تەنانەت بێ حورمەتی پێیان، دەروازەیەکی نوێی بۆ چەوسانەوەی میللەتەکەمان کردۆتەوە، کە زۆر بە کەمی هەستی پێدەکەین. کۆماری ئیسلامی توانیوییەتی سێناریۆکەی خۆی تا ئێستا بە باشی بە ئاکام بگەینێ و تەمەنی ڕێژیمە خوێنمژەکەی زیاتر بکا و نەمامی هیوا و دڵی پڕ لە ئاواتی ڕووناکبیران بە دیل بگرێت، بەڵام لە ئاکامدا ئێمە دوور نەڕوانین چوونکە ئاسۆ ڕوونە.
بۆ سەلماندنی وتەکانم سەبارەت بە فێرگە و پەروەدەی بەهێر وڵاتی کۆریای باکوور و کۆریای باشوور بە نموونە دێنمەوە، یەک وڵاتن، یک ڕەچەڵەکن، یەک کەشوهەوان، بەڵام لە هەمبەر سیاسەتەکانی دنیادا بوون بە دووبەش لە کۆریای باکوور پایە و بناغەی دەوڵەت لە سەر نیزام و کەرەستی نیزامی دامەزراوە، کەچی لە ئاکامدا بووەتە یەکێک لە وڵاتە دواکەوتووەکانی دنیای ئەمڕۆ بەڵام کۆریای باشوور وڵاتەکەیان لەسەر فێرگە و پەروەردەی بەهێز دامەزراندووە و ئاکامی بوون بە یەکێک لە وڵاتە پێش کەوتووەکانی دنیا لەبواری ئابووری و تەکنۆلۆژیاوە، هیچ کام لە وڵاتانی جیهان بێکێشە نین. هەموویان بە جۆرێک تووشی کێشە و قەیرانی جیاجیا هەن ئەگەر ڕیشەی هەموو کێشەکان لە وڵات و بەگشتی جیهان چاو لێبکەین دەبینین هۆکاری نەبوونی پەروەردەیەکی درووستە کە بووە بەهۆی تەواوی کێشەکانی ئەمڕۆ و ڕێگای چارەسەری ئەم کێشەگەلە لە یەکەم هەنگاودا ئەوەیە پەروەردەی بەهێز دابمەزرێنین.
پەروەردەی بەهێز بە واتای کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سەربەخۆیە، کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە واتای ئەوەیە کە کەسایەتییەکان لە جێگە و پێگەی خۆیاندا بن، بەواتای باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکانە باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکان، بەواتای وشککردنی ڕیشەی نەهامەتییەکانە، کە پێش لە گەشەسەندنی وڵات دەگرن.
بەڵام دیکتاتۆرەکان هەوڵ دەدەن لق و پۆی سەرەکیترین بناغەی وڵات واتا فێرگە و پەروەردە ورد و خاش بکەن. یەکەم ــ”بێڕێزی کردن بە مامۆستایانی قوتابخانە” دووهەم “پێشێلکردنی مافی ژنان و نەبوونی پەروەردەی درووستی ژنان و چاو لێکردنیان وەکوو ئامێرێک” سێهەم “ڕووخانی کەسایەتی و پێشەنگەکانی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی سیاسەتی بێ حورمەتیکردن بە ڕووناکبیران” هەر وەک ئەوەی لە کۆماری ئیسلامی دەیبینین. بە کارکردن لەسەر ئەم سێ خاڵە و لاواز کردنیان، کۆمەڵگە لە گەشەکردن و بەرەو پێشەوەچوون دەخەن و زۆر بەئاسانی خەڵک بەدەیان ساڵ دەکەن بە کۆیلەی سیستەمی خاوەن دەسەڵات و لە ژێر چەتری ڕەشی خۆیاندا دەیانهێڵنەوە. لە زۆربەی وڵاتانی دنیا مامۆستایانی قوتابخانە ڕێزێکی تایبەتیان هەیە کەچی مامۆستایان لە ئێران لە زیندان دان، یارمەتی مامۆستایان لە ئورووپا لە گەڵ یارمەتی وەزیرێک دا بەرابەرە بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم دەڵێن: مامۆستایان بۆچی لە سێ مانگەی هاوین یارمەتی وەردەگرن!!!
کاتێک لە ئەمڕۆدا چاو لە مێژووی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان دەکەین هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنەکانیان بە هەبوونی سیاسەتی درووستی پەروەردە دەبینین. هەر بۆیە ئێستا پرسیارە بۆ پەروەردە؟ چۆن پەروەردەی درووستە کە لە دواڕۆژدا کەسایەتییەکانی کۆمەڵگە درووست دەکا، کەسایەتییە سیاسییەکان، ئابوورییەکان، نزامییەکان و…هتد. ئەمڕۆ لە دنیادا دەوڵەتان شەڕی قەڵەم دەکەن و هەموو زلهێزەکان تێدەکۆشن نۆخبەکان بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن تا بتوانن بە باشترین شێوە پەروەردەیان بکەن و کەڵکیان لێوەربگرن و بەدەسکەوتەکانی ئەوان وڵاتی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە و وڵاتانی دیکە بەشێوەیەکی مۆدێڕن بکەن بە ژێردەستەی خۆیان. بەڵام لە ئێران دەسەڵاتی ئاخوندی وای کردووە کە ئێران لە ڕیزی یەکەمین وڵاتی هەڵهاتنی مێشکەشکان دا بێ کە پێی دەڵێن (فرار مغزها)، کۆماری ئیسلامی، چۆن دەوڵەتێکی زیادە خوازە و کۆنەپەرەستە، قەت نایهەوێ میللەتێک ئاگا و خوێندەوار بێ و ئەم پرسیارە لێرەدا دێتە گۆڕێ.
چۆن بەو شێوە دەتوانن مێخ تەوێڵەی مانەوەیان قایمتر داکوتن و تەمەنی زیاتر بۆخۆیان بستێنەوە. نەتەوەیەک کە خوێندەوار و ئاگا بێ، قەت کۆیلەبوون و ژێردەستی قەبووڵ ناکات، نەتەوەیەک کە ئاگا بێ، زوڵم و ژێردەستی قەبووڵ ناکا هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێز و تواناییەکانییەوە هەوڵدەدا خەڵک لەخوێندن و زانین دوور بخاتەوە یان بە دامەزراندنی فێرگە و پەروەردەی پڕوپاگەندە لاوان و نەسڵی نوێ بە لاڕێدا ببا، هەوڵدەدا کەرامەتی زانایان و ڕووناکبیران بڕوخێنێ هەوڵدەدا هەموو ئەو شەمانە بکوژێنێتەوە کە دەبنە هۆی ڕوونکردنەوەی ڕێگاکان، لەنێوبردنی کەسانی وەک د.قاسملوو، د. شەرفکەندی و… هتد)و دەیان کەسایەتی دیکە، و زۆر جاریش کەڵک لەخۆمان وەردەگرێ بەڵام هەستی پێناکەین. کەسێک کە کتێبی بە دەستەوە بێ گاڵتەی پێدەکین، کەسێک کە پەنا بۆ کاری ناشیرین ببات شانازی پێدەکەین، واتا ئێمەش بەتەواوی بووینەتە ئەکتەری کارە ناتەواوەکانی ئەوان و ئەو پازڵانەی کە گوم بوون پەیدایان دەکەین و وێنەکەیان بۆ تەواو دەکەین. وەکوو جوبران خەلیل جوبران دەڵێ: وڵاتێک پێش دەکەوێ کە لەم سێ خاڵەدا بەهێز بێ، ئێمە ئەگەر بایەخ بە مامۆستایان بدەین زۆر بەباشی دەتوانن وانەکانی ژیان فێری خوێندکاران بکەن، ئەگەر پەروەردەی دروست بۆ خۆپێگەیاندنی ژنان دابمەزرێنین و مافی هەڵبژاردنیان پێ بدەین و ڕۆح و جەستەیان ئازادتر بێ باشتر دەتوانن منداڵەکان پەروەردە بکەن چون بنەماڵە گرینگترین فێرگەی فەرهەنگییەو منداڵیش زۆرینەی کەسایەتی خۆی لە دایکی وەردەگرێ، ــ کەسایەتییەکان: ڕێزلێنان لە گەورە پیاوان لە هەموو نەتەوەیەکدا ئەرکی ئەو کۆمەڵگەیە چۆن کەسایەتییەکان، ڕێبەر و ڕێنیشاندەرانی ئەو گەل و نەتەوەن بۆ بەرەو پێش بردنی وڵاتێکی بەهێز و ڕووخانی ئەوان بە واتای نەمانی میللەتە. ئەگەر هەر میللەتێک بێ ڕێزی بە کەسایەتییەکانی خۆی بکا ئاوا بە دڵنیاییەوە لاپەڕەی لەناوچوونی خۆی واژۆ کردووە.