فەرزانە حەبیبی
یەکێک لەو شتانەی کە دەبێت بەڕاستی ئەندێشەی هزری لێ دوور بێت، ئاوەز و ڕوونکەرەوەی ڕاستیی ڕاستەقینەی دەروونە، کە بە وتەی ئاوگوستینووس تایبەت بە هیچ ڕەگەزێک نییە. باوەڕ بەوەی کە ئاوەز (ئەقڵ) پەیوەندی بە ڕەگەزەوە نییە، تەنیا خۆهەڵخەڵەتاندنە؛ چونکە لێکەوتەی لاوەکیی گرینگی لەسەر ناسیاریمان سەبارەت بە جیاوازییەکانی دوو ڕەگەز لەم چاخەدا (سەردەم) هەیە. بۆ نموونە نیشان دەدات کە ئەو دژایەتییانەی لە نێوان ئاوەز و ژنبووندا هەیە، بە ڕای زۆربەی ژنان نەک تەنیا هۆکارگەلی کردەیی، بەڵکوو هۆگەلی تێگەیشتنیشی هەیە. زۆربەی لەمپەرەکانی پەروەردەی ئاوەز بەدەست ژن لە دەرەنجامی ئەمەیە کە ئارمانەکانی ئێمە لە ئاوەز لە بواری مێژوویییەوە بریتییە لە سڕینەوەی ڕەگەزی ژن و بونیادنانی چەمکی ژنایەتی، کە خۆی تا ڕادەیەک لە دەرەنجامی ڕەوتەکانی سڕینەوە و دوورخستنەوە بووە.
پیاوەتی نیشان لە شێوە تێفکرینێکی ڕوون و دیاریکراو بووە و ژنایەتی نیشان لە تێفکرینێکی لێڵ و ناڕوون و دیارینەکراو بووە. لە تێفکرینی یونانییەکاندا ژنبوون پەیوەندییەکی سیمبولیکی لەگەڵ هەموو شتە غەیرە هزری و نالەبار و نەناسیارییەکاندا – واتە لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی دەبێت بۆ پەروەردەی ناسیاری (معرفت) دەسیان لێ هەڵگری، هەبوو. فیلۆن وەک ئەفلاتوون لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە ژن هێما و سیمبولی تێگەیشتنی هەستی و هۆی هاتنەخواری ئادەمە کە هێمای ئاوەزە، تێگەیشتنی هەستیش وەک ژن ئافراندرا هەتا یار و ئاواڵی ئاوەز بێت. واتە بە وتەی سەفەری ڕسکان (تکوین)، خوا یەکەم جار ئاوەزی ئافراند کە هێمای پیاوە، چونکە ئاوەز بەڕێزترین فریشتە لە دەروونی مرۆڤدایە، ئینجا هەستە جەستەیییەکان کە هێمای ژنە. هەروەها ڕایسپارد کە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی تەژی لە ئاوەز و ئاوەزمەندی و ناسیاری پێویستە بەتەواوەتی لە توخمە ژنایەتییەکان خۆت دەرباز بکەی.
بەڵام ئاگوستینووس بەتوندی دژی ئەو بیر و بۆچوونە وەستا و بەدژی ئایینی مەسیحییەتی دەزانی و زۆری هەوڵ دا تاکوو ڕاشکاوانە سەبارەت بە یەکسانی و بەرابەریی ئاوەز لە دوو ڕەگەزی مێ و نێر تۆمار بکات. دێکارت لەسەر ئەم باوەڕە بوو؛ دەبێت لە ڕەوشێک بۆ فێرکاری کەڵک وەرگیرێت کە ژنانیش بتوانن شتێکی لێ فێر بن، کەچی تەنانەت ئەم پاڵاوتنەش نەیتوانی دەستپێڕاگەیشتنی ژنان بە زانست زۆرتر کات. بەڵام هەر دێکارت بە دابەشکردنی کاری هزری لەڕووی ڕەگەزەوە و دانی بەرپرسایەتیی جیهانی دەروونی بە ژن واتە – ئەو بەستێنەی مرۆڤی ئاوەزمەندی دێکارت بۆ گەیشتن بە زانستی ڕاستەقینە لەبارەی شتەکان دەبێت دەستیان لێ بشوات و پاراستنی ئەو مەڵبەندەی کە مێشک و جەستە تێیدا پێک دەگەن و ئەو شوێنەی کە پیاوی ئاوەز بۆ هێمنی بیر و خۆشەویستی و تەناهی پەنای بۆ دەبات، لەلایەن ژنەوە، خودی ئەم گۆڕانکارییە بوو بە هۆی سڕینەوەی زۆرتری ژن لە بازنەی ئاوەز و ئەقڵدا.
ڕاڤەی هیووم لەبارەی ئاوەزدا لە هەندێک جێگە لەگەڵ پیاوبوون هاوتەریب دەبێت، چونکە بە بڕوای وی ئەو کەسەی کە دەبێت قازانجە تایبەتییەکانی بە دەست دادپەروەرییەوە پێشی پێ بگیرێت، ئەوە گەورەی بنەماڵەیە و گەورەی بنەماڵەش کە پیاوە و ژنان بە دژداماوی (انفعال) تایبەتی بەستراونەتنەوە. لەڕاستیدا هیووم لەم بوارەدا شوێنکەوتووی دێکارتە.
ژنایەتی لە ئەندێشەی ڕۆسۆدا بەم شێوەیە خۆی دەنوێنی: ژن هێمای نزیکییەکی باش بە سروشت دێتە ئەژمار و بە واتایەک هەرگیز لێی جیا نابێتەوە. واتە ژن ڕێک ئەو بارودۆخە نادیارەی هەیە کە سروشت هەیەتی. ڕۆسۆ ژنان بە سەرچاوەی شپرزەیی و نالەباری دەزانێت کە دەبێت بەدەستی ئاوەز و ئەقڵ دەستەمۆ بکرێن. جیاوازیی نێوان مێشکی ژن و پیاو بە ڕای ڕۆسۆ هێندە زۆرە کە دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن. ڕۆسۆ بە نزیککردنەوەی ژن لە سروشت ئەوی کردە نموونەی ئاکار، بەڵام بەڵگەیەکیش بوو بۆ بێبەشیی ژن لە هاووڵاتیبووندا. ڕێگەچارەی ڕۆسۆ بەم شێوەیە کە هاووڵاتییانی باش با لە پیاوان پێک بێن و کەسە تایبەتە باشەکانیش لە ژنان.
“کانت”یش سەبارەت بە تەواوکەربوونی ژن و پیاو ڕێک جەخت لەسەر ڕای ڕۆسۆ دەکاتەوە و دەڵێ؛ هەرچەند هیز و تواناییی تێگەیشتنی ژن واتە ڕەگەزی ناسکتر ڕێک بەقەد پیاوە. بەڵام تێگەیشتنی ژن لە پیاو جیاوازە – تێگەیشتنی ژن ناسک و جوانە -. کانت لەسەر ئەو باوەڕەیە کە “فێربوون لەگەڵ ڕیازەت” یان “قووڵتێفکرین” جوانییەکانی ژنانە لەنێو دەبات. کەواتە کانت بێبەهرەبوونی ژن لە هزری جیاواز، بە کەمئاوەزی و گەمژەییی ئەو نازانێت. ژن ئەم کەمیە لە ڕێی سۆز و عاتیفە و زەوق و ناسکخەیاڵیی خۆی قەرەبوو دەکاتەوە. ئەم حاڵەتە تەواوکەرییەش هەرچەند بە ڕواڵەت بە قازانجی هەر دوو ڕەگەزە، بەڵام بەم شێوەیەی کە کانت شی کردووەتەوە زۆرترین قازانجی بۆ پیاو دەبێت. پیاو بە بەرەکەتی ئەو تەواوتر دەبێت لە کاتێکدا ژن دەبێتە هاوژینێکی تەواوتر بۆ پیاو. لەم ڕووەوەش هەر پیاو پێوانە و هەنجارە.
شوپێنهاوێر نەبوونی هێزی بەڵگەهێنانەوە لە ژناندا جورێک نەگەیشتن بە پێگەیشتنی نیهادی (بلوغ فطری) دەزانێت. بە بڕوای ئەو، ژن تەنیا دەتوانێت بە ڕادەیەکی زۆر کەم بەڵگە بێنێتەوە و هەر بۆیەش لە درێژاییی ژیانیدا منداڵێکی گەورە دەمێنێتەوە.
هێگێل ئاگاییی ژنانە، بەرانبەر بە ژیانی بنەماڵەیی کە لە قۆناغێکی سەرەتاییتر بەنیسبەت ژیانی ئاگایانەتری “کۆمەڵگەی مەدەنی”یە، دادەنێت. ئەو دووانە، بەشێک لە “ژیانی ئاکاری” پێک دێنن کە لە یەکەمین قۆناغەکانی گەشەسەندنی ڕۆح لە ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ڕامیارییە؛ ژیانی ئەخلاقی لە بەرانبەر دژایەتییە دەروونییەکانی، بە قۆناغە پێشکەوتووترەکانی گەشەسەندنی ڕۆح کە یاسایە (قانون) دەگات. ئەو دژایەتییە دەروونییانە بە شێوەی دژایەتیی نێوان یاساکانی مرۆڤی کە کۆمەڵگەی مەدەنی و پیاو لە هێماکانین و یاساکانی ئیلاهی کە بنەماڵە و ژن لە هێماکانین، وەدەر دەکەون.
هێگێل یاسای ئیلاهی کە بنەماڵە و ژن لە نیشانەکانین، لەژێر چەمکی “ژێرجیهان” دادەنێت و ئەم جیهانە هی ژنە، چونکە ژن هاووڵاتی نییە. ژنان لەبەر ئەوەی کە دەستیان بە گۆڕەپانی بەربڵاوتر واتە کارکردن لەمەڕ کارە گشتییەکان کە گۆڕەپانی وشیارییە، ناگات، ژیانە ئاکارییەکەیان دەستخۆشی کێشە و گرفتێک دەبێت کە بۆ پیاوان ئەمە ڕوو نادات. کەواتە هەر شتەی بۆ پیاو پاژەکییە (جزئی) بۆ ڕەگەزی ژن گشتی و ئاکارییە.
شێوەی هەڵسوکەوتی هێگێل لەگەڵ ڕەگەزی ژن وەک ڕۆسۆ دوولایەنەیە. لە ئەندێشەی سارتر و دووبوواردا مەرجی پێویست بۆ خۆبوون بەشداریکردن لە “پلانەکان” و “ڕووداوەکانـ”ـە. ئەگەر وا نەبێت مرۆڤە دەستنیشانکراوەکە ناچار لە چاڵی لەخۆدامانەوەدا دەکەوێت. خۆبوونی بەنێونج (با واسطە) ناکرێ و ژن تەنیا بە نێونجی ئەو خۆفریودانەیە کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پیاو بە شێوەیەک دەبینێت و دەڵێی پیاو بەشێک لە سەرتری و بەرزیی خۆی پێ دەبەخشێت. لەڕاستیدا ناوچەیەکی مامناوەند (بینابین) بۆ ژن خەیاڵێکی خاوە. ژن ئەگەر نەچێتە نێو جیهانی دەرەوە و وەدوای پلاندانان و گێچەڵسەری (ماجراجویی) نەکەوێت، تا ئەوپەڕی نوقمبوون لە ژیان و خۆیدا نوقم دەبێت. لە نێوان لەخۆتێپەڕین و لەخۆدامانەوەدا هیچ مامناوەندێک نییە.
بەم شێوەیە دووبووار بە ئەندێشەکانی لەمەڕ ئەوی تربوونی ژن، دژایەتییە دەروونییەکانی هێگێلی لەبارەی جێگە و پێگەی ژن وەک زەین ئاشکرا دەکات. کەواتە بەپێی ئەو داوایەی کە لە بوارە باوەکانی فەلسەفەی ئێستەدا کراوە کە ئاوەز و ئەقڵ “پیاوانە”یە، هاینە بەو واتایەی نییە کە هەر شتەی کە بۆ پیاو دروست و گونجاوە، بۆ ژن دروست و گونجاو نییە. لەڕاستیدا پیاوانەبوونی ئاوەزی مرۆڤ ڕیشەی لە هەناوی نەریتی فەلسەفی ڕۆژاوادایە. ئامانج ئەمە نییە کە بڵێین ژن ڕاستییەکی تایبەت بە خۆی هەیە یان یاسا و ڕێسای تایبەتی ژنانە بۆ باوەڕە هزرییەکان هەیە، بەڵکوو ئامانج ئەمەیە ڕەگەزایەتی شتێکە کە دەبێت ئەندێشەی بەڕاستی هزری لێ دوور بێت. ئەم باوەڕە کە ئەگەر گشت زەینەکان هزری بن هیچ جیاوازییەکیان نییە، خۆی ژێرخانی زۆرێک لە ئارمانە ئەخلاقی و ڕامیارییەکانە. ژنانی فیلسووفیش سەرەڕای ژنبوونیان