شەهلا کاوە
لە شۆڕشە شکۆدارەکەی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتدا(شۆڕشی ژینا) بنەماڵەی ئەو لاوانەی خوازیاری بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەختەوەر بوون و بۆ ئەو ئامانجەیش گیانی شیرینیان سپارد ڕۆڵێکی تایبەت، جوان و ڕێبەرانەیان گێڕا و بوونە مایەی هیوا و سەرسوڕمانی هەموو لایەک، بنەماڵەی شەهیدان برینداران، زیندانیانی سیاسی ئەو سەرهەڵدانە ڕۆحێکی نیشتماندۆستی و پڕ لە بیری ئازادییان نیشاندا و ئەوەش کاریگەری باش و بەکەڵکی بۆ هەموو ئازادیخوازێکی ئێرانی و کوردستانی هەبوو.
پشتیوانی و شانازی بنەماڵەکان لەو سەرهەڵدانە، نیشانەی ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری نەتەوەیی و تێگەیشتوویی لە مافی تاکەکانی کۆمەڵگەیە کە ئەمە زۆر دڵخۆشکەر و دەکرێ زیاتر هیوادار بین بە نزیکبوونەوە لە ڕزگاری لە ژێردەستی و چەوساندنەوە.
خۆشەویسی بێسنووری دایک و باوک بۆ جگەرگۆشە بەجۆرێکە کە دەڵێن منداڵ جەرگی دایک و باوکە واتا ئەندامێکی جەستەی کە زۆر پێویستە بۆ بەردەوامی ژیانی، بۆیە شۆڕشی ژینا تایبەت دەنگدانەوەی باشی لە نێوخۆی ئێران و کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا بوو چوونکە دایکوباوک و بنەماڵەکان تەنانەت بە لەدەستدانی پارچەیەکی جەستەیشیان هێشتا پاشەکشەیان لەسەر ئەو داوایەی ڕۆڵەکانیان سەریان لە ڕێی دانا نەکرد میدیاکان، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئاکاونتە کەسییەکانیش هەر ڕۆژە و حەماسەت و پێداگری کەسووکاری شەهیدانیان بڵاو ئەکردەوە کە بەدەنگی بەرز هاواری ئازادی و ئەستاندنی تۆڵەی خوێنی ڕۆڵەکانیان ئەکرد، ئەو دایکانەی جەرگیان بۆسۆی سووتانی لێ ئەهات جامانەیان لەسەر ئەکرد و بە شیعری شۆڕشگێڕی ڕێبازی منداڵەکانیان دووپات ئەکردەوە کە ئەو ورەدانە نیشاندەری ڕەوابوونی خواستی میللەتەکەیان بوو هەر ئەوەش وایکرد گڕ و کڵپە بستێنێ و بەربڵاوتر تەنگ بە دوژمن هەڵبچنێ.
گرینگی پشتیوانی بنەماڵە لە خواستی ڕەوای لاوەکان و نەترسان لە سەرکوت و کوشتاری داگیرکەر بواری بۆ شۆڕشێکی قورس و قایم خۆشکرد کە هەتا سەرکەوتن کەس ناتوانێ بیکوژێنێتەوە .
با کەمێک بگەڕێینەوە دواوە و باسێک لە باشووری کوردستان و کاتی هێرشی داعش بۆسەر کوردستان بکەین، ئەوکات لە ڕۆژهەڵات ئەژیام لە یەکێک لە کاناڵە کوردییەکانەوە حەماسەتی بنەماڵەیەکی کوردی پیشان دەدا ، لاوێک بەدەنگێکی بەرز و پڕ لە وزەی بەرگری دەیگوڕاند «باوکم بە من و براکانمی وتووە ئەگەر جگەرگۆشەی من بن و قسەی منتان بۆ گرینگ بێ هەر ئیستا هەمووتان چەک هەڵدەگرن بەرپەرچی داعش دەبنەوە» کوڕەیش بە چاوی فرمێسکاوی بە هەواڵنێرەکەی دەگوت ئێمە ٣برا کە ئەو قسەیە باوکمان بیست وامانزانی هەموو دونیا یانی کوردستان یان کوردستان هەموو دنیایە بۆیە هەموومان چووینە شەڕی داعش، ئاوایە پشتیوانی و ورەدانی دایک و باوکەکان کە وەک پشتی جەبهەیەکی بەهێز پشتیوانی شۆڕش ئەکات.
لە شۆڕشی ژینادا بنەماڵەی شەهیدان لە حاڵێکدا بوونە پشتی جەبهەی ڕۆڵەکانیان کە ئەیانزانی لەڕووی ڕێژیمێکی بەتەواوی دیکتاتۆری بێ ڕەحمدا وەستاون کە ڕەحم بە منداڵ و پیر و … ناکات.
خوشکی شەهید “پەیمان مینبەری” (کە لە شۆڕشی ژینادا گیانی بۆ نیشتمان بەخت کرد) دوای شەهید بوونی براکەی کاتێک ژیانی هاوبەش پێکدێنێت لەگەڵ دەزگیرانەکەی لەسەر گۆڕی براکەی ئاوا لەگەڵ ڕۆحی براکەی ئەدوێ: ژیانی هاوبەشمان دەسپێکرد فیداکاری و لەخۆبردوویی تۆ دەکەینە چرای ڕێگای ژیانمان، پەیمان کاکەگیان ئیمڕۆ لە تەنیشت گۆڕەکەت بە دڵێکی خەمبار بەڵام ئیرادەی پۆڵایینەوە بۆ داخوازییەکانت، ژیان دەست پێ دەکەین”.
لە مەهاباد کچی شەهید “شۆڕش نیکنام “گوڵ دیاری ئەباتە جێگای شەهیدبوونی باوکی و پیرۆزبایی لەدایک بوونی لێ دەکات و سۆز و خۆشەویستی بۆ باوکی دەردەبڕێ. کەسوکاری شەهیدان ڕێگا دەبڕن بۆ بینینی یەکتر و باوەش بەیەکدا دەکەن و باوەڕ و ئامانجێکی هاوبەش لەیەک گرێیان دەدات.
ئیستا ئیتر دایکی شەهیدان داماو و دەرمەند نین کە هەر کەس بیانبینێ تەنیا بەزەیی لە ناخیدا دروست بێ بەڵکوو ئیتر ئەوان پەیامی کۆڵنەدان و هاوسۆزی یەک و پێداگری لەسەر خواستی شەهیدان بووەتە پیشەیان، لە بۆکان دایکی شەهیدان تێکڕا جامانە لەسەر و هەوری لەبەرکە ئەو دووە هێمای چەندین ساڵەی شۆڕشی کوردە سەردانی گۆڕی شەهید محەممەد ئاڵیکەندی دەکەن و دایکی شەهیدێک گوڵ پێشکەش بە دایکی شەهیدێکی دیکە دەکات و لە ئامێزی ئەگرێت و هەموو تێکڕا سروودی نیشتمانی دەخوێنن؛ ئەمانە لەگەڵ دڵتەزێن بوونی کۆستەکە ورە و هیوا ئەخاتە دڵی شۆڕشگێڕان.
لە هێرشی ئاسمانی سپای پاسداران بۆ سەربنکەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان کە دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە لەنێو شەهیدەکان ژنێکی دووگیان و کۆرپەی ناوسکی شەهید بوون، لەدوای ئەو هاوسەری ژنە شەهیدەکە(زانیار ڕەحمانی)پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات کاتێک تەرمی منداڵە شەهیدە دونیا نەدیوەکەی لە ئامێز گرتبوو لەگەڵ ئەو برینە قورسەدا لە بەردەم میدیاکان زۆر وەفادارانە بە ورەوە بەڵێنی درێژەدەری ڕێگای شەهیدانی دەدا و سوورتر لە جاران قسەکانی پڕ بوون لە ئیرادەی شۆڕشگێڕی، پاشان دەڵێ نەوە بە نەوە بە منداڵەکانمان دەڵێین بۆ ئازادی تێکۆشن.
هەموو ئەو کاردانەوە حماسی و جوانە ئەو گشتە چاوکراوەیی و حەزە بۆ ڕزگاری هێزی پاڵنەڕی شۆڕشن بەرەو پێشەوە کە پێویستە لە ئاست گەورەییان سەردانەوێنین.
خاوەندارییەتی ڕەوای بنەماڵەی شەهیدان بیری وتەی ڕێبەری شەهیدمان دەخاتەوە کە دەڵێ: ئێمە لە ڕۆژی شەهیدبوونی شەهیدەکانمان لە بیرەوەی شەهیدەکانمان لە مێژە بڕیارمانداوە ناگرین و تەنیا کارێک کە دەتوانین بیکەین لە بەرچاو و لەبەر بیری شەهیدەکانمان شەرمەزار نەبین ئەوەیە کە ڕێگای ئەوان بەرنەدەین.