دیمنانە شاماران
دەمانەوێ ئاورێک لە ڕوانگەی شەهیدی نەمر د.عەبدولڕەحمانی قاسملوو بدەینەوە کە ئایا بیر و هزرییان سەبارەت بە مافی ژنان چۆن بووە و تا چەند کاری بۆ یەکسانی رەگەزی دەکرد و هەروەها ژنان تا چەند توانیویانە لەناو چواچێوەی کاری حیزبیدا لە ناوەندی بڕیارداندا خۆیان ببینەوە و تا چەند دەرفەتیان بۆ رەخسێنراوە، بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن گۆڤاری «ژنان»ەوە دیمانەیەکمان لەگەڵ خاتوو گوڵان هیجری ئەندامی لەمێژینەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیران دەبێ.
١. بیروهزری شەهیدی نەمر د. عەبدولڕەحمان قاسملو لەسەر ژنان بەگشتی چۆن بوو؟
ئایا کاری بۆ یەکسانی ڕەگەزی دەکرد؟
شەهیدی نەمر د. قاسملو باوەڕی وابوو
کە یەکسانی ڕەگەزی بەشێکی بنچینەیی کۆمەڵگای دێموکراسییە. پێی وابوو کە سیستەمێکی دێموکراتیک، کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک بەرهەم دێنێت و ژنانیش وەک بەشێک لەو کۆمەڵگایە بە ماف و ئازادییەکانیان دەگەن و دەور و رۆڵی خۆیان لە سەرجەم بوارەکاندا بەرجەستە دەکەن. باوەڕی قوڵی شەهید دکتور قاسملوو بە دێموکراسی و هاندان و پشتیگیری ژنان وەک بەشێک لە کۆمەڵگا و بۆ برەودان بە یەکسانی رەگەزی و بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکانیان لە سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە روونی رەنگی داوەتەوە و ئەمەش شتێک نییە کە هەر لە چوارچێوەی تئیوری و وتار و قسەدا قەتیس مابێ، بەڵکوو بە کردەوە ئەوە سەلمێندراوە. وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە کۆمەڵێک هەنگاوی پێشکەوتوانە و سەردەمییانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەین وەک هەڵوەشاندنەوەی ژن بە ژنە و گەورە بە بچووک و مارەکردن و بەشوودانی زۆرەملێ و شیربایی و بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم ئەو دیاردە ناشایست و دواکەوتوانەی کە لە کوردستان سەردەمانێک باو بوون و داوێنگیری کۆمەڵگا و ژنان ببوون و هاوکات بەرچاوڕوونی و ئاشناکردنی ژنان بە ماف و ئازادییەکانیان لە رێگەی یەکێتی ژنانەوە، بێگومان کاریگەری و شوێنپەنجەی شەهیدی نەمر دکتور قاسملووی پێوە دیار بووە کە ئەمەش زادە و دەرهاویشتەی هەمان روانگەی پێشکەوتنخوازانە و بەرگریکارانەی ئەو رێبەرە مەزنە بووە. لە لایەکی دیکەشەوە هاندانی ژنان بۆ خەبات و تێکۆشان و رەنگدانەوەی لە وتار و بابەت و وتوێژ و لێدوانەکانیدا بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو راستییەن و باوەڕی قووڵی بەوە بووە کە دەبێ ژنان هەمان ماف و دەرفەتی پیاوانیان لە ژیانی گشتی و تایبەتیدا هەبێت و لەناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیشدا چالاکانە کاری بۆ یەکسانی ڕەگەزی لە نێو سیستمی کاری حیزبیدا کردووە کە « بێگومان ئەمەش ئەرکێکی قورس بووە».
شەهیدی نەمر گرنگییەکی زۆری بە بەشی پەروەردە بە گشتی و پەروەردەی ژنان بە تایبەتی داوە. لەو ڕاستایەدا پشتیوانی لە پەروەردەی ژنان دەکرد و باوەڕی وابوو کە پەروەردە کلیلی ئازادی و سەربەوخۆییە. هانی ژنانی دەدا بۆ خوێندن و خۆپێگەیاندن و بەشداری چالاکانە لە بوارە ئاکادیمی و پیشەییەکاندا.
٢. دەتوانن ڕوانگەی د. قاسملوو سەبارەت بە بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەت و ناوەندی بڕیارداندا بخەنەڕوو؟
ئاماژەمان بەوە دا کە شەهید قاسملو بڕوای وابوو کە یەکسانی ڕەگەزی بەشێکی بنچینەیی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکە و ژنان دەبێ هەمان ماف و دەرفەتی پیاوانیان هەبێ لە کۆمەڵگەدا. کەواتە شەهیدی نەمر وەک کەسی یەکەمی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات بە کردە کاری بۆ بەرەوپشبردنی پرسی ژنان کردووە و بە تایبەت ژنانی پێشمەرگەی هان داوە بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە پڕۆسەی سیاسی و بڕیارداندا و هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێ بۆ ئەوەی ژنان تواناکانی خۆیانی تێدا بسەلمێنن.
هەرلەوپێناوەشدا شەهیدی نەمر هەوڵی داوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان و لابردنی لەمپەر و ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی ژنان لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، هەر بۆیە هەڵوێستەکانی بووەتە هاندەر بۆ زۆر کەس لە پێناو یەکسانی و دادپەروەریدا.
ئەو پێی وابوو هەر کاتێک یەکسانی لە نێو کۆمەڵگادا دەستەبەر کرا، بەشداربوونی ژنان لە سیاسەت و ناوەندی بڕیارداندا ئاسانتر پراکتیزە دەکرێت، بۆیە لە ڕوانگەی شەهیدەوە ژنان ئەرکی قورسیان لە پێش بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
مامۆستای زانا، بەپێی ئەو تێگەیشتنانەی لە کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیبووە، هەوڵی داوە بۆ کارکردن لەسەر هەموو بوارەکان. بۆیە چاکسازی کۆمەلایەتی یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی بووە لە کاری سیاسی حیزبی دێموکراتدا. کەواتە بیر وهزری شەهیدی نەمر هێزێکی پاڵنەر بووە بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی کە پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا باشتر بکات. هەمیشە دژی جیاکاری و توندوتیژی دژ بە ژنان بووە و پشتگیری ئەو یاسایانەی کردووە کە مافی ژنان دەپارێزن.
لە پەیام و کۆر و کۆبوونەوەکاندا زۆر بە ڕوونی باسی لەسەر گرنگی سەربەخۆیی ئابووری ژنان کردووە و پشتیوانی لەو ڕێوشوێنانە کردووە کە دەتوانن باری ئابووری ژنان باشتر بکەن و هانیان بدات بۆ سەربەخۆبوون لە کارکردن و بڕیارداندا.
وەک کۆتا پرسیار دەمهەوێ ئەوەش بپرسم کە ئایا پێتان وایە ژنان توانیویانە لە ناو چوارچێوەی کاری حیزبیدا خۆیان لە ناوەندی بڕیارداندا ببیننەوە؟ واتە ئەم دەرفەتە لە لایەن خودی حیزبەوە دراوە؟
بەبڕوای من بەڵێ ئەم دەرفەتە دراوە. هەروەک لە پرسیاری پێشووتر ئاماژەمان پێ دا، حیزبی دێموکرات بەردەوام کاری بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی ژنان کردووە و باوەری بە یەکسانی ڕەگەزی و سەرجەم ویستە مرۆیی و رەگەزییەکانی ژنان هەبووە.
ژنان ئەرکی قورس و جۆراوجۆری حیزبییان وەئەستۆ گرتووە و لە ناوەندی بڕیار و ڕێبەڕی ئەو حیزبەدا هەبوون و هەن، بەڵام من وەک خۆم لە ئاست گەورەیی و پێگەی جەماوەری و ئەو چاوەڕوانییانەی کە لەم حیزبەم هەیە، ئەو رێژەیە لە ژنان لە رێبەری و بەرپرسایەتیدا بە کەم دەزانم و پێم وایە ژنان پێویستە دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان زیاتر دەربخەن. هەر ئەو ژنانەی کە گەیشتوونە ئاستی بڕیاردان، نموونەن بۆ ئەوەی کە ژن دەتوانێ بگاتە ئاستی ڕێبەڕایەتی هەرچەند تووشی زۆر ئاستەنگیش ببێتەوە. کەواتە ئەو دەرفەتانەی کە بە پیاو دراوە و ئەو بوارانەی کە بۆیان رەخساوە،بە ژنیش دراوە بۆ ئەوەی خۆی پێبگەیەنێت و پەلە تەشکیلاتییەکان ببڕێت و ئەرک و بەرپرسایەتییە قورسە تەشکیلاتی و رێکخراوەییەکان بەڕێوە ببات، بەڵام لە بیریشمان نەچێت کە ڕێژەی ئەندامی ژن لە حیزبدا وەک تاک، کەمترە لە ئی پیاو، کە ئەمەش باسێکی تایبەت بە خۆی دەوێ کە بۆچی وایە.
هەمووشمان شاهیدی ئەوەین و ئەو راستییە دەزانین کە لەم چەند ساڵەی دواییدا، ڕێژەی ژنان لە حیزبی دێموکراتدا روو لە زیادبوونە و لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب و تەنانەت بەشی نیزامیشدا ئەوە بەرچاو دەکەوێ شان بە شانی پیاوان ئەرکەکان رادەپەڕێنن و شوێنپەنجەیان لە خەبات و تێکۆشان و کارە حیزبییەکاندا دیارە.
کۆتا قسەم ئەوەیە کە ئێمەی ژن دەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و سڕینەوەی هەڵاواردن و جیاکاری پشت بەتواناکانی خۆمان ببەستین و لەو دەرفەتانە کەڵک وەربگرین کە حیزب بۆمان دەڕەخسێنێ و لە راستای خۆپێگەیاندن و خۆتەیارکردن بە چەکی زانست و زانیاری هەنگاو هەڵبگرین و بەهرە و تواناکانی خۆمان بخەینە خزمەت نەتەوە و کۆمەڵگاکەمان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانمان. پێم خۆشە ئەوەش بڵێم کە پێویستە یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لێبڕاوانەتر لە جاران، بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی ژنان پلان و پڕۆژەی نوێی خۆی هەبێ و هەوڵ بدات ژنان بەرەو پێگە و جێگەی شیاوی خۆیان یارمەتی بدات.
هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ ئێوە ژنانی چالاک و بوێر و ئەرکوەخۆگر دەخوازم و سوپاس بۆ زەحمەت و ماندووبوونەکانتان.