(لە پەراویزی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆف بە ژینا ئەمینی و خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بە نەرگس محەممەدی)
ئاسۆ مینبەری
بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژ و لە هەمان کاتدا پڕ هەوراز و نشێوی هەیە، وەکوو نەتەوەی کورد زۆر قۆناغی ئەستەم و تاقەتپڕووکێنمان تێپەڕاندووە و هەمیشە وەک نەتەوەیەکی مافخوراو و لە هەمان کاتدا ئاشتیخواز، هەوڵمان داوە خاک و نیشتمانی خۆمان بپارێزین، لەم پێناوەدا زۆر جار بووینەتە قوربانی و زۆر جار کەوتووینەتە بەر پەلاماری بێبەزەییانەی داگیرکەران و ئەو کەسانەی کە ئێمە بە هاوچارەنووسی خۆمانیان دەزانین!
ساڵانێکی زۆرە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ستەممان لێ دەکرێ، خاکمان داگیر کراوە و لە جیاتی خانەخوێ، وەکوو میوان لەسەر خاکی خۆمان دەژین، ئەگەر باس لە ڕزگاریی خاک و نیشتمانەکەمان دەکەین، بە تەجزیەتەڵەب ناومان لێ دەبەن و بۆ لەنێوبردنمان ئەوەی مووشەک و درۆن و چەکوچۆڵی تاقینەکراوە، بەسەرماندا دەبارێینن و دەیانەوێ بێدەنگمان بکەن.
زۆرجار باس لەوە کراوە کە بۆ دەربازبوون لە هێژموونیی داگیرکەر، ئەبێ هەوڵەکان بخرێنە گەڕ تاکوو هەموو هێزە و لایەنەکان بە کۆکردنەوەی هێز و پۆتانسییەلی خۆیان، ڕێژیمی ئێستای حاکم بەسەر ئێراندا بڕووخێنن و ژیانی ڕاستەقینە ئەزموون بکەن، بەڵام ئەوەی کە هەمیشە وەکوو خاڵی لاواز لە خەسارناسیی ئەم پرسەدا باسی لێ کراوە، نەبوونی ئاڵترناتیڤێک بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە.
هەر ئەم نیگەرانییە وای کردووە کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم و گرینگتر لە هەموویان کورد، هەوڵ بۆ دروستکردنی یەکدەنگی و ڕێکخستنێکی گشتی بۆ ئەو مەبەستە بدەن.
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بمانەوێ و نەمانەوێ، کورد لەم یارییەدا، تاکوو ئێستا براوە نەبووە.
لانیکەم ئاگادارین کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن هەوڵیان داوە تاکوو بە چوونە نێو هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان، ببنە ئاڵترناتیڤێک بۆ داهاتوو، بەڵام هیچکات وڵامی ئەو دڵئاوەڵایی و گەورەیی حیزب و لایەنەکان کە نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد دەکەن نەدراوەتەوە.
نموونەکان زۆرن و لێرەدا ناکرێ هەموو شتێک بکەوێتە بەر باس. بەڵام بە هێنانەوەی نموونەیەک کە لەم دواییانەدا ڕووی دا دەمەوێ زیاتر بابەتەکە ڕوون بکەمەوە.
ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، نەرگس محەممەدی، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و زیندانیی سیاسیی وەک براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند.
لە ڕۆژی ١٩ی سەرماوەزدا کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، ئەم خەڵاتە لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژدا، پێشکەشی ئەم زیندانییە سیاسییە کرا و بنەماڵەکەی بە نوێنەرایەتی لە خۆی خەڵاتەکەیان وەرگرت.
هەر لە ڕۆژی ڕاگەیەندنی براوەی خەڵاتەکەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خەڵاتەکە پێشکەش کرا، زۆر کەس و لایەن پیرۆزباییان لە نەرگس محەممەدی کرد، سۆشیاڵ میدیا بە وێنەکانی تەنرابوو و زۆر کەس خۆشحاڵ بوون لەوەی کە نەرگس محەممەدی ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە، و کۆمیتەی نۆبێل لە کاتی ڕاگەیاندنی براوەی خەڵاتەکەدا نووسیویەتی: دروشمی ژن، ژیان، ئازادی نیشاندەری چالاکییەکانی نەرگس محەممەدییە!
لایەنە کوردستانییەکان بە بڵاوکردنەوەی پەیامی دوورودرێژ و پێداهەڵگوتن بە نەرگس محەممەدیدا، پیرۆزبایی گەرموگوڕیان لێ کرد تا بە خەیاڵی خۆیان هاواهەنگی و هاوپەیمانەتی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان بپارێزرێ و کورد وەکوو هەمیشە، بە نەتەوە باشەکە بناسرێ، ئەڵبەت ئەگەر بە نەتەوە بزانرێ!
لەلایەکی ترەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، یەکیەتیی ئورووپا، ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی بە براوەی خەڵاتی ئازادی ئەندێشەی ساخارۆف بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند.
ڕۆژی ٢١ی سەرماوەز بڕیار بوو ئەم خەڵاتە لە یەکیەتیی ئورووپا پێشکەشی بنەماڵەی ژینا بکرێ بەڵام، سێ ڕۆژ پێشتر، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە فڕۆکەخانەدا پێشیان بە چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ئەمینی گرت و نەیانهیشت لەم ڕۆژە گرینگەدا بەشدار بن و خەڵاتەکە وەربگرن بۆیە ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەکە، بە نوێنەرایەتی لەم بنەماڵەیە، خەڵاتەکەی وەرگرت.
لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەرەوە هەتا ڕۆژی ٢١ی سەرماوەز کە خەڵاتی ساخارۆف پێشکەش کرا، قەت شەپۆلی پیرۆزباییەکان وەک پیرۆزباییەکان لە نەرگس محەممەدی نەبوو، خەڵاتی ساخارۆف پێشکەش بە کچە کوردێک کرا کە هێمای دیاری ستەمی نەتەوایەتی و ڕەگەزی بوو، کچێک کە بە بیانووی لەدەرەوەبوونی تاڵەقژەکانی _ هەرچەند ئاخرین وێنەکانی ژینای جوانەمەرگ شتێکی دیکە دەڵێن_ لە تارانی پێتەختی جەلادەکاندا کەوتە بەر لێدان و کاتێک زانییان ژینا کوردە، بێبەزەییانە گیانیان لێ ستاند! تەنانەت لایەنە سیاسییەکانیش بەو جۆرەی کە پێویست بوو و بەو جۆرە کە بۆ نەرگس محەممەدی بەپەرۆش بوون، نەیانتوانی پەیامێکی شیاوی ژینا و شیاوی ئەو هەموو خوێنەی کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە شەقامەکانی کوردستاندا ڕژا، بڵاو بکەنەوە، ئەمە نەک تەنیا ڕەخنە بەڵکوو، گازندەشە، گازندە لە لاینگەلێکی سیاسی کە خۆیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن بەڵام نەیاتوانی خاوەندارەتی لە کچەکەیان بکەن!
سەیر ئەوەیە کە تەنانەت ئەو چالاکە سیاسییانەش کە لە سۆشیاڵ میدیادا، پەیامی چەند سەد وشەییان بۆ نەرگس محەممەدی نووسیبوو، لانیکەم بە ڕستەیەکیش ئامادەنەبوون پیرۆزبایی نەک لە ژینا و بنەماڵەکەی، لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بکەن!
وەک بڵێی نەرگس محەممەدی لە زینداندا پەیامە پڕ لە میهرەبانییەکانیان دەبینێت بەلام بنەماڵەی ژینا نایبینن.
ئەمە بە مانای نەدیتنی هەوڵ و تێکۆشانی نەرگس محەممەدی نییە، نەرگس محەممەدی وەک سەدان ژنی تێکۆشەری دیکە شیاوی ڕێزگرتنە چونکە وەک تاکێکی ئازادیخواز، بۆ باوەڕ و ئامانجەکانی هەوڵی داوە و لەپێناویشیدا کەوتووەتە بەر پەلاماری ڕێژیمی ئێرانەوە، بەڵام کاتێک باس لە دەسکەوت و تێچووەکان دەکرێ، پرسەکە گۆڕانی بەسەردا دێت.
دروشمی ژیان، ژیان، ئازادی لە هەناوی کوردستانەوە سەری هەڵداوە، لە دوای مەرگی ژینا جارێکی دیکە ئەم دروشمە گیانی بەبەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا کردەوە و هەموو خەڵکی ئێرانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە، گوتاری پشت ئەم دروشمە بۆ ئێمەی کورد زۆر جیاواز بوو، هەر بۆیەش دوایی لەلایەن ناوەندەوە گۆڕدرا بە «مرد، میهن، آبادی»! پرسیار ئەوەیە کە کۆمیتەی نۆبێل بەپێی چ پێوەرێک ئەم دروشمە بە نیشاندەری چالاکییەکانی نەرگس محەممەدیی دەزانێ و تاکی کوردیش شانازیی پێوە دەکات بەڵام قوربانیی سەرەکیی ڕووداوەکە کە ژینایە لەبیر دەکرێ؟!
هەموومان باش دەزانین کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، کوردستان زیاترین تێچووی بۆ شۆڕشی ژینا دا، بە ژن و پیاو و منداڵ و لاو و پیرەوە، هەموو هاتنە سەرشەقام تاکوو نەهێڵن خوێنی ژینا بەفێڕۆ بچێت، خواستی نەتەوەیی زەق کرایەوە و خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاقارێک چوون کە خەڵک داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە و ڕزگارکردنی یەکجارییان دەکرێت، بە پێچەوانە لە ناوەند، هەموو خواستەکە لابردنی سەرپۆش و ئازادیی پۆشش بوو.
خاڵی گرینگ لێرەدا خۆبەکمزانینی ئێمەی کوردە، ژینا ئەگەر کچێکی ناوەند بایە، بێگومان خەڵاتی ساخارۆف زیاتر لە خەڵاتی نوبێل گرینگیی پێ دەدرا، هەروا کە بەکارهێنەرانی تویتر لەو کاتەدا بە هاشتەگی مەهسا ئەمینی، شوناس و ناسنامەی ژینایان بەلاڕێدا برد و وەک کچێکی ئێرانی پێناسەیان بۆ کرد!
خۆبەکەمزانین لە بەرانبەر ئەوی تردا وای کردووە کە تاکی کورد، هەمیشە سەرکەوتنی ئەویترەکە زیاتر بە هی خۆی بزانێ، زیاتر شانازیی پێوە بکا و زیاتر گرینگیی پێ بدا.
ژینا نوێنەری کوردستان بوو، خاکێکی داگیرکراو کە بست بە بستی بە خوێنی ڕۆڵەکانی کوردستان سوورە، خەڵاتی ساخارۆف نەک تەنیا بۆ ژینا بەڵکوو بۆ هەموو ئەو خوێنانە بوو کە ڕژان، بەلڵم بۆچی تاکی کورد ئەمەی بەلاوە گرینگ نەبوو؟ ئەی ئەو هەموو دروشمە گەورە و گرانەی سەردەمی شۆڕشەکە چییان بەسەردا هات؟ بڵێی ئەوە خەڵكی ناوەند بووبێتن کە لەسەر شەقامەکان دروشمیان دژی دەسەڵات دەدا و خوازیاری ڕوووخانی ڕێژیم بوون؟ یان بڵێی ئەو کاتە نەرگس محەممەدی لە زینداندا خەریکی نووسینی مانیفێستی شۆڕشگێڕی بۆ کوردستان بوو؟
خاڵێکی دیکە کە بەڕاستی گرینگە، ئەوەیە کە بنەماڵەی ژینا بە بێ هیچ پێشینەیەکی سیاسیی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە چوونەدەرەوەیان لێ قەدەغە کرا، بەڵام جگە لە چەند هەواڵ لە چەند ماڵپەڕدا، هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک ئاوڕی لەم پێشیلکارییە ئاشکرایە نەدایەوە، بەڵام بە دەیان هەواڵ و ڕاپۆرت و گرتەی ڤیدیۆیی لە منداڵەکانی نەرگس محەممەدی بڵاو کرایەوە!
زۆر سادەیە، چیرۆکەکانمان جیاوازن، ئەگەر لە هەموو ساڵەکانی ڕابردوودا بە ئێلیت و خوێندەوار و سیاسی و چالاکی کوردە، لە جیاتی بایەخدانی زۆر بە لایەن و کەسایەتییەکانی دیکە، هەوڵمان بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆمان دابایە و بە پەروەردەی دروست و نەتەوەیی و هزرێکی سەردەمیانە هەنگاومان بۆ دروستکردنی ژێرخانی نەتەوەیی خۆمان دابایە، ئەمڕۆ لە جیاتی شاگەشکەبوون بە خەڵاتی نۆبێل و پێشکەشکرانی بە نەرگس محەممەدی، ژینای ڕەمزی ژیانەوەمان بەرز دەنرخاند و ڕێزمان لە خوێنە ڕژاوەکانی سەر شەقامەکانی کوردستان دەگرت.
ئەرکی هەموومانە، وردبینانەتر لە ڕووداوەکان بڕوانینن، دروستکردنی ئاڵترناتیڤ بۆ دوای ڕوووخانی ڕێژیم پێویستە و وەکوو نەتەوەی کورد بەشێکیشی لە ئەستۆی ئێمەیە، بەلام مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتوو بوون ئەوەیە کە وەکوو نەتەوەی کورد بتوانین قورسایی خۆمان ڕابگرین، هەوڵ بدەین هێزمان کۆ بکەینەوە و وەک هێزێکی شوێندانەر لە هاوکێشەکاندا دەور بگێڕین و بەرژەوندیی نەتەوەیی و نیشتمانیمان نەکەین بە قوربانی.