دیمانە شاماران
بەبۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ ساڵرۆژی دامەزراندنی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» دەمانەوێ ئاورێک لە مێژوو بدەینەوە و بزانین کە ئایا ژنان لە کاتی دامەزراندی حیزبی دێموکراتدا هیچ ڕوڵێکیان هەبووە و هەروەها ژنان تا چەند توانیویانە کار بۆ وەدەستخستنی مافەکانیان بکەن و حیزبی دێموکراتیش تا چەند ئەم دەرفتە بۆ ژنان ڕەخساندووە و هاوکار بووە و ئایا ژنان خۆیان توانیویانە جێگە و شوێنپێی خۆیان لەنێو حیزبدا بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن گۆڤاری «ژنان»ەوە دیمانەیەکمان لەگەڵ بەرێز کاک «حەسەن حاتەمی» ڕاوێژکاری بەڕێوەبەیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ.
پرسیاری یەکەم: دەمانهەوێ ئاوڕێک لە مێژوو بدینەوە و ڕۆڵی ژن لە مێژوو دا هەڵسەنگێنیین، هەر بۆیە دەمهەوێ لە پێشدا بەم پرسیارە دەستپێبکەم کە لە ٢٥ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا و لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی شەهیدی نەمر قازی محەممەد دا، ئایا ژنان ڕۆڵیان هەبوو؟ چ ڕۆڵێکیان هەبووە؟
وڵامی پرسیاریی یەکەم : سەرەتا زۆر سپاستان دەکەم بۆ ئەو دیمانە و لە ڕێگەی گۆڤاریی تێکۆشەری ژنان وە، پڕ بە دڵ ٢٥ ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێ. کاف.) و حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە هەموو دێموکراتەکان، لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و نیشتەجێ لە هەموو جیهان دەکەم.
سەبارەت لە وڵامی پرسیارەکەتان دا، پێویستە عەرزتان بکەم کە: چ لە سەروبەندی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوە کورد (ژێ. کاف.) و چ دواتریش لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، ژنان بەداخەوە ڕۆلیان نەبوو. چوونکە هەم دواکەتویی کۆمەڵگە بەگشتیی، بە قەوڵی شەهید دکتور سادقی شەرفکەندی (د. سەعید) : عەشیرەگەریی، مەزهەب و نەخوێندەواری سێ چەمکی گرینگ لە بزووتنەوە ڕزگاریی خوازییەکان دا، لە لایەک وەک: لەمپەر و بەربەست هەبوون و لە لایەکی دیکەش ئیزنێکی ئەوتۆ لە لایەن کوڕان و پیاوان بە ڕۆڵ و نەقشی کچان و ژنان چ لە نێو کۆمەڵگە و چ لە دامەزران و تیکۆشان لەنێو حیزب و رێکخراوەکاندا، نەدەدرا. کەوابوو، ژنان و کچان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە دامەزرانی ئەو رێکخراو و حیزب دا نەبوو.
بەڵام ٤٥ ڕۆژ و شەو دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە ٨ ی مارسی ١٩٤٦دا، یەکەم کۆنفڕانسی ژنان لە ناوەندی فەرهەنگیی سۆڤییەتی و کورد لە مەهاباد گیرا. حەوتووی دواتر لە ١٥ مارس بەرانبەر بە ٢٤ ی ڕەشەممەی ١٣٢٤، حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان بە هێممەتی پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆمار و هاوبیرانی و بەرپرسایەتیی یایی مینا ئەسکەندەری (قازی)، هاوژینی دامەزرا.
لەو کاتی بەدواە ژنان و کچان، کە بە یایان و کیژان ناویان دەبرا، هەم لە ماوەی نیزیک ١٠ مانگی تەمەنی کۆمار و هەم دواتریش نەقشی بەرچاویان لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی سیاسیی – فەرهەنگیی تارادەیەک و لە بواری کۆمەڵایەتی زۆر پڕ ڕەنگ و دیارتر دەرکەوت. بۆ وێنە: پێشکەش کردنی وتار لە بۆنەکان دا، نووسین لە ڕۆژنامەی کوردستان، زمان حالی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، فێرکار(مامۆستا)ی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی حکوومەتی جمهووری کوردستان دا. پشتیوانی ماڵی و لۆجستیکی بۆ پێشمەرگەکان لە سپای میللی کوردستان دا، بە پێی توانا و هەوڵدان و …
پرسیاری دوویەم: ژنان بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکار دا دەچەوسێنراونە و مافیان بەردەوام پێشێل دەکرا، بەڵام ئایا ژنان توانیویانە لەگەڵ دامەزراندنی حیزبی دێموکراتدا کار بۆ مافەکانیان بکەن؟ حیزبی دێموکرات تا چەند ئەم دەرفەتەی بۆ ژنان ڕەخساند کە بتوانن کار بۆ مافەکانیان وەک: مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی بکەن؟
وڵامی پرسیاریی دوویەم : لە وڵامی پرسیاری یەکەم دا، عەرزم کردن کە تێکۆشان و دەرکەوتنی ژنان و کچان دوای دامەزرانی کوماری کوردستان بوو. کۆماریش ١٦٠ ڕۆژ و شەو دوای دامەزران و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا. کچان و ژنان لە ڕەشمەی ١٣٢٤ دا، بەفەرمیی هاتنە مەیدانی خەبات و تێکۆشان و جێگە و پێگەی تایبەتی خۆیان هەبوو.
بە قەولی: خاتوو شەهزادی مەجاب، مامۆستا و توێژەر لە زانستگەیەکی تۆڕێنتوی کانادا، دامەزرانی حیزبی ژنان لە کۆماری کوردستان دا، هەم سیمایەکی مۆدێڕنی دا، بە دەوڵەت – نەتەوەیی خوجێی کوردی دا، و هەم ژنان لە ماڵەکان هاتنە دەر و بوون بە پشتیوانی باشی کۆمار و بە گەرمیی لە گۆڕەپانەکە دا، چالاک بوون.
پرسیاری سێیەم: ئایا ژنان دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیش، بەردەوام ڕۆڵیان هەبووە؟ دەرفەت بە ژنان دراوە کە بتوانن خۆیان لە کاروباری سیاسیدا ببیننەوە؟
وڵامی پرسیاری سێیەم: ژمارەیەک لە ژنان و کچان لە دوای ڕووخاندن و ساواکوژکردنی کۆماری کوردستان، لە نێو کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتیی، بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان و تێکۆشەرانی ڕێی ئازادی و مافی نەتەوایەتیی بەردەوام بە شێوەی «سەربازانی ون» کەم و زۆر، دوور و نیزیک حوزووریان هەبووە.
دڕیژەدان بە خوێندنی کچان بە پێی وەسییەت نامەکەی شەهیدی نەمر پێشەوا قازی محەممەد بۆ خوێندن و بردنە سەر ئاستی زانست، زانیاریی وپێگەیشتن بەشێک لە خەبات ئەوان بووە کە حیزبی دێمۆکرات و کۆماری کوردستان ڕێچکەی هێنانەدەری و پێگەیاندنی ژنان و کچانی گرتبوە بەر. لە دەرفتەکانی ساڵەکانی ١٣٣٠ – ٣٢ هەتاوی دا، کە فەزای ئێران تا ڕادەیەک کراوە بوو بەشداری ژنان و کچان لە شەقام لە کاتی پێویست دا، بەرچاو بوو. گیرانی «گوڵێ ڕێحانێ» بۆ ماوەی ٣ مانگ دوای کوودێتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢ چالاکیی ژنان نیشان دەدا.
لە بزووتنەوەی ١٣٤٦- ٤٧ یش دا، کچان و ژنان، پتر لە گوند و مەزراکان بۆ پشتیوانی لە تێکۆشەران و فیداکارانی ئەوکات، چ لە هاوڕێێ لەگەڵ کوڕان و پیاوان و بەتایبەتی لە نهێنی پاریزی حەشاردانی پێشمەرگەکان و کارەئاسانی بۆیان ژنان و کچان نەقشی زۆر باشیان هەبووە، کە بە داخەوە زۆر کەم ئاماژیان پێکراوە. لە تێکۆشان دا، ژنان تەنانەت زیندانیش کراون کە یەک لەوان نەمر کوبڕا ئەڵڵاویسی لە جۆزەردانی ١٣٥٧ بوو.
لە خولی پتر لە ٤٥ ساڵەی نوێی خەبات و تێکۆشان لە بەرانبەر سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی دا، ژنان و کچانی لایەنگری حیزبی دێمۆکرات و ڕێکخراوەکانی دیکە کە لە دوای جۆزەردانی ١٣٥٧ و ناشتنی یادبەڕێز و نەمر کاک عەزیز یۆسفی و سێیەمین ڕۆژی گۆڕستانی مەهاباد کە خۆپێشاندانی دانی گەورەیی لێ چێ بوو و بەشداریی لە مێتینگی پتر لە ١٠٠ هەزار کەسی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی (ئیران)، لە ١١ ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ دا، دەنگ نەدان بە دامەزرانی «کۆماریی ئیسلامی نە یەک وشە زیاد و نە یەک وشە کەم» لەگەڵ کوڕان و پیاوان و بە هەڵویستی بەرگری کارانەکەیان و هاتنە نێو ڕێزی پێشمەرگەکان، لە شەڕە داسەپاوەکان و هێرش بۆسەر کوردستان، هەتا هەڵبژاردنی خاتوو فەوزییەی قازی بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆنگرەی چوارەم دا، کە یەکەم ژنی هەڵبژێراو لە مێژووی حیزب دا، ڕێگەیەکی بچووکی دەرفەت دان بە ژنان بۆ بەشداریی لە سیاسەت هەتا ئەوکات بوو.
دواتر بە هەڵبژاردنی ژنێک بۆ ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی، لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە درێژەی خەبات و تێکۆشان دا، کادر و پێشمەرگە بوونی ژنان و کچان، ڕەخساندنی دەرفەتەکان لە جەستەی حیزب دا بوون. بەداخەوە بۆ ماوەی ٦ کۆنگرە کە گۆنگرەی ٥ هەتا کونگرەی ١١ ژنان و کچان لە هیچ کام لە ئاستەکانی ئەندامانی ڕێبەریی ، کۆمیتەی ناوەندی، جێگری کۆمیتەی ناوەندی و موشاوران دا، نەخوێندرانەوە.
بەڵام لە کۆنگرەی ١١ وە کە خوشکە خەجیج مەعزوور بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێرا، هەتا ئێستا بۆ ماوەی ٢٧ ساڵە کچان و ژنان لە ڕادەی ڕێبەری دا، بەخۆشییەوە لە هەر سێک ڕدەی دا، حزووری بەرچاویان هەبووە و هەیە. دیسان بەداخەوە نە لە دەفتەریی سیاسی و نە لەجێگری سکرتێر دا، بوار بۆ ژنان و کچان نەڕەخساوە. ئومێدەوارەم لەوە بەدواوە لەو ڕەدانەش هەم لە لایەن کچان و ژنانی خوێندەوار و پێگەیشتوو ئامادەیی ئەو بەرپرسایەتییانە هەبن و هەم کوڕان و پیاوان کە زۆرینەی بەردەوام لە ڕێبەریی یارمەتیدەر لە بەشانەش دا، بن.
پرسیاری چوارەم: وەک: کۆتا پرسیار، دەمهەوێ بپرسم کە ئایا ژنان لەنێو حیزبدا، بە نیسبەت ئەوکات توانیویانە خۆیان لەگەڵ دونیای سیاسەتدا بگونجێنن و جێگە و شوێنی خۆیان لەنیو حیزب دا، بکەنەوە؟
وڵامی پرسیاری چوارەم: پێویستە لەو بەشەی پرسیارەکەت دا، کەمێک وردەکاری پتر باس بکەم. لە کۆنگرەی ١٤ ی حدک دا، ساڵی ٢٠٠٧ (١٣٨٦) «سیستێمی کۆتا ‹› یا «جیاوازیی ئەرێنی» هاتە نێو پێڕەوی نێوخۆیی حیزب و ٢٥٪ ی بەشداریی کچان و ژنان لە کۆنگرە و ڕێبەریی دا، تا ڕادەیەکی بەرچاو کاریی پێکرا. ئەندامانی ڕێبەریی لە دەرەوەی وڵات، جێگە خۆیان هەبوو، کە ژنیش تێیدا هەڵبژێران. خاتوونەکان، دکتورکوێستان گادانی و گولاڵە شەرفکەندی ولەو خاتوونە چالاک و پێگەیشتووانە بوون. پێگەیشتوویی کچان و ژنان لە کوردستان و تاراوگە لەنێو حیزب دا، بەخۆشییەوە بەرەوسەر چوو هەتا جێگەیەک کە، لەدوای یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، بەرپرسی یەکەمی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاتوونێکی پێگەیشتوو و تیگەیشتوو بە ناوی خاتوو دکتور کوێستان گادانی یە.
هەورەها، لە ئاستی کۆمیتە و ئۆرگانەکانی حیزب دا، تا ڕادەیەک بەرپرسانی ژن کادری بەوەج و پێگەیشتوو، بەتایبەتی لە ڕۆژنامە، ڕادیو و تلویزیۆنی حیزبن، پێشمەرگەن و لە ڕێکخراوی مەدەنی یەکیەتیی ژنان لە کوردستان و دەرەوەی نیشتیمان بوون و هەن. بۆ وێنە خاتوو کوێستان بابایی بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوئید بوو. خاتوونەکان شلێر حەسەنپوور، لەتیفە جەباریی، موژدە عەزیزی و سکاڵا حەکیم زادە، ئەندامانی کۆمیتە و جێگر لەو کۆمیتەیە بوون. خاتوو نیشتیمان عەزیزی ماوەیەک بەرپرسی کۆمیتەی ڤێسترۆسی حدک و ئێستا ئەندامی بەشی پێوندەییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حدکا، لە دەرەوەی وڵاتە کە خاتوونەکان، جەمیلە حەسەنخاڵی، بەهار حوسێنی و مونیرە نیگەهداریش تێیدا ئەندامن.
پێویستە ئاماژە بکەم کە لەنێو حیزبی دێموکرات دا، هەتا ئیستا زۆربەی ئەوکەسانەی بە ڕێبەریی هەڵبژێردراون، بریتین لە خاتوونەکان: فەوزییە قازی، شەهیدان نەسرین حداد و سوهیلا قادری، خەدیجە مەحزوور، دکتور کوێستان گادانی، گوڵاڵە شەرفکەندی، دکتور ئارەزوو نەستانی، ناهید حوسێنی، شەهین مەحموودیان، ئیلهام چایچی، گەلاویژ پەیرەوان، فاتمە عوسمانی، شەونم هەمزەیی، موژگان عەلیپوور. و…
لەو بوارە دا، ئەو بچوونە باشەی خاتوو شەونم هەمزەیی کە لە وتاریی «ژنان و خۆ دیتنەوە لە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا» نووسیوەیەتی دەکەمە دواین پاراگرافی دیمانە کە دەنووسێ: «
لە دوای کۆنگرەی چواردەی حیزبی دێموکراتەوە له بهڵگهنامهکانی حیزبی دێموكراتی كوردستان بهشداریی ژنان له ئۆرگانهكانی رێبهریدا گرینگی و بایەخی تایبەتیی پێدراوە. بە کردەوەش كارهاسانی کراوە بۆ ئهوهی ژنان و لاوان بێنه نێو ڕێبهریی حیزب و له بهڕێوهبردنی كاروباری حیزبیدا دیار و بهشدار بن. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خەبات و پێگەی دیاری ژنان لە بزووتنەوەی مافخوازیدا، بێگومان ئهوهنده حزوورەی ژنان له ڕێبهری و پۆستهكانی حیزبدا زۆر نییه و حیزبی ئێمه ئهركێکی زۆرتری لەو پێوەندییەدا دەکەوێتە ئەستۆ. ئێمه نابێ ئهم كهمایهسییه بهوه پاساو بدهینهوه كه ژنان لهنێو ڕیزهكانی كادر و پێشمهرگه و ئهندامانی حیزبدا كهمترن، ههر بۆیه سروشتییه كه له ئۆرگانهكانی بهڕێوهبهرییشدا كهمتر بن؛ بەڵکوو ئێمە دەبێ بەدوای ئەوەدا بگەڕێین کە بۆچی ژنان كهمتر له پیاوان ڕوو دهكهنه حیزب و، دهبێ چ بكهین بۆ ئهوهی ژنان پتر لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خۆیان ببیننەوە و لە ڕەدە و ئاسته جۆراوجۆرهكانیدا دیار بن؟
ئێستا کە نیزیکەی دوو ساڵە دێموکراتەکان بەخۆشییەوە یەکیان گرتۆتەوە و لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا، خەبات دەکەین و ئێمە لە قوناغی دوای «ژن ژیان ئازادی» دا خەبات دەکەین، چاوەڕوانیی ئەوەی لێدەکرێ کە بە هەست بە بەرسایەتیی پتر لە بواری رەخساندنی دەرفەت بۆ کچان و ژنان، لە بەڕێوەبەریی لە ئاستی سەرووی حیزب و هەموو ئۆرگانەکان لە کوردستان و تاراوگە دا، خوێندنەوەی نوێیان بۆ بکرێ و بە یارمەتیی هەموو لایەک بەستێنەکانی جێگە و پێگەی ژنان بەهێزتر بکرێ.
سپاسی دووبارە بۆ گۆڤاریی ژنان، بۆ پێکهێنانی ئەو دیمانەیە.
سەرچاوەکان
* کورتە مێژووی جووڵانەوەکانی نەتەوەیی کورد، دکتور سادق شەرفکەندی.
* شهرزاد مجاب، زنان و ناسیونالسیم در جمهوری کوردستان سال ١٩٤٦، مقدمە، ترجمە احمە اسکندری.
* پیری دێموکرات، جەلیل گادانی ١٣٢١- ١٣٩٩، ل ١١٤، دکتور ئیسماعیل بازیار.
* ژنان و خۆدیتنەوە لە ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، ٢٢- ١١- ٢٠١٩، شەونم هەمزەیی، ماڵپەڕی پێشووی کوردستان و کورد.
کاک حوسەن حاتەمی سپاس بۆ وڵامدانەوەی دیمانەی ئەمجارەئ گۆڤارەکەمان
سپاس بۆ ئێوەش