ئاسۆ مینبەری
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەندێک لە هەواڵدەرییەکان بە بڵاوکردنەوەی مانشێتێک، سەرنجی خەڵکیان بۆ لای بابەتێکی گرینگ ڕاکێشا، کە گوایە هاوژینی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تلویزیۆنی دەوڵەتیی وێنێزۆئێلا وتوویەتی: “بۆچی ئێمەی ژن دەبێ وەکوو پیاوان بژین، یا وەک ئەوان کار بکەین و بخوێنین، ئەمە توندوتیژییە”.
وردبوونەوە لە قسەکانی ئەم ژنە، تەنیا نیشاندەری یەک تایبەتمەندیی گرینگە، ئەویش نەبوونی ئاوەز و تێگەیشتنە. لە سەردەمێکدا کە مرۆڤەکان شانبەشانی یەکتر و بە بێ گرینگیدان بە ڕەگەز، هەوڵ دەدەن پلەکانی سەرکەوتن تێپەڕ بکەن و بە سەرکەوتنەکانیان هەوڵ ئەدەن جێگایەکی بچووک لەم جیهانە پان و بەرینەدا بۆ خۆیان و ناسینەوەی خۆیان بدۆزنەوە، کەسانێک لە چەشنی ئەم بوونەوەرە باس لەوە دەکەن کە کارکردن و خوێندنی ژن وەک پیاوان، توندوتیژییە! وەک بڵێی تاکوو ئێستا چاو و گویێ لە ئاست هەموو ئەو توندوتیژییانەی کە هاوسەرەکەی و باقی ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵکی بێتاوان کردوویانە، کوێر و کەڕ بووە و هەر نازانێ توندوتیژی چ مانایەکی هەیە.
لەوەتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هاتووەتە سەر کار و دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، هەوڵی داوە کە هیچ پێگە و بایەخێک بۆ ژن نەهێڵێتەوە، هەر لەم پێناوەدا بە داڕشتنی بەرنامە و پیلانی جۆربەجۆر، ژنانی لە بوون و شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان داماڵیوە. بینیمان کە چۆن هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە حیجابی زۆرەملێی بە بەشێکی نەگۆڕ لە ژیانی ژنان و کچان پێناسە کرد و بە پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک هەوڵی دا وەها ئەم بیرۆکە بەسەر مێشکیاندا زاڵ بکات کە بەشێکی بەرچاو لە ژنان، ئێستاشی لەگەڵدا بێت شەڕ بۆ ڕاگرتن و مانەوی ئەم حیجابە زۆرەملێیە دەکەن. ڕێژیم لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی دا پێناسەیەکی نوێ لە ژن بێنێتە ئاراوە و وای پێناسە بکات کە هەموو هۆکاری بوون و خولقانی تەنیا بۆ بەردەوامبوونی وەچەیە، کچ لە دایک ئەبێ تاکوو خزمەتکارێکی باشی بنەماڵەی پیاومەزن بێت و ساڵەکانی ژیانی بە داوێنپاکی تێپەڕێنێ تاکوو بتوانێ لەوپەڕی باشی و سەرکەوتندا، کەسێکی وەکوو دایکی دەربچێ! گوێڕایەڵ، هیچ نەزان و بە دوور لە هەر چەشنە فاکتەرێکی ئەمڕۆژیبوون. لە ڕاستیدا ئەم چەشنە لە پێناسەکردن بە بێ جیاوازی، هەموو ژنانی جوغرافیای دەستکردی ئێرانی گرتەوە، بەڵام بە هۆکارگەلی سیاسی و فەرهەنگی لە بەشگەلێکی وەکوو کوردستاندا توندوتۆڵتر بەڕێوە چوو، کە نموونەی بەرچاویشی وەک پێشتریش باس کراوە، کوژرانی کچێکی کورد لە تارانی پێتەختی ڕێژیم لەسەر ئەم حیجابە زۆرەملێیە بوو، چونکە زۆر جاریش باس کرا ئەگەر ژینا کورد نەبوایە و لە تارانی پێتەختی ئاخوندەکاندا وە چنگ داگیرکەران نەکەوتبایە، ڕەنگە ڕووداوی لەم چەشنە هەر ڕووی نەدابایە، واتە فاکتەری کوردبوونی ژینا، جیا لە ژنبوونی لەم توندوتیژییە ئاشکرایەدا زەق و بەرچاوە، هەر بۆیەشە کە جەمیلە عەلەمولهودا بە بێ سەرنجدان بەم بابەتانە، ئازادیی تاکەکەسیی ژن و مافە سەرەتاییەکانی دەباتە چوارچێوەی توندوتیژییەوە.
ئەوەی کە لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی ڕابردوودا بینراوە، هەڵاواردنی ئاشکرا دژی ژنان بووە، هەڵاواردنێک کە لە کتێبە دەرسییەکانەوە و بە وێنەی سەر ڕووبەرگی کتێبەکان دەستی پێ کرد و وای کرد کە کچان و کوڕان وەکوو دوو دەستە بوونەوەری جیاواز پێناسەی یەکتر بکەن کە ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان لە یەک نزیک ببنەوە تووشی گوناهێکی گەورە دەبن، هەر بۆیە بە بڤە پێناسەکردنیان بۆ یەکتر، هەر لە سەرەتاوە وایان کرد کە هەندێ هەنجار لە مێشکیاندا جێگیر بێت کە گۆڕین و چارەسەرکردنیان پێویستی بە کات و زەمەنێکی درێژخایەنە. کچەکان لە کار و تێکۆشانی پراکتیک دوور کەوتنەوە بەو بیانوویە کە ڕەگەزیان ناسکە و کوڕەکانیان وا بار هێنا کە بتوانن هەموو کارێکی قورس و ماندووکەر بکەن ئەگینا لە پیاوەتییان کەم دەبێتەوە! هەر ئەم هەڵاواردنە ئاشکرایە وای کرد کە کۆمەڵگە بوو بە دوو لایەن، لە جیاتی ئەوەی ژنان و پیاوان تەواوکەری یەکتر بن و بەپێی حەز و ویستی دەروونیی خۆیان دەست بۆ کار و چالاکیی دڵخوازیی خۆیان بەرن، هەر کامەیان بە لایەکدا کەوتن و کارەکانیان دابەش کرد بە سەر دوو بەشی ژنانە و پیاوانەدا! و وەکوو دوژمنی یەکتر پێناسەیان بۆ کردن ئەویش بەم لۆژیکەوە کە ژن دەبێ خانم و خاتوونی ماڵەوە بێت و پیاویش بەیانی هەتا ئێوارە خەریکی ئاڕەق ڕشتن تاکوو پاروویەک نان بۆ ئەو ژنە پەیدا بکات، هەر بۆیە کەسێکی وەکوو هاوسەری ڕەئیسی لەوپەڕی نەزانیدا و چونکە ئەویش درێژەدەری ئەم هەڵاواردنەیە، کارکردن و خوێندن بۆ ژنان بە توندوتیژی دەزانێ!
لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەموو تاکەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان قوربانین، قوربانیی دەسەڵاتێک کە لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەدا جگە لە وانەی حیجاب و پاراستنی عیفەت و پاکداوێنی بۆ ژنان و دڵڕەقی و سەختبوون بۆ پیاوان، هیچ شتێکی تری پێ نەبوو. لە ڕاستیدا هەموو دەسەڵاتێکی تۆتالیتەر وایە، بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئیدئۆلۆژیی خۆی بخاتە مێشکی خەڵکەوە، یاساکانی بە جۆرێک دادەڕێژێت کە هەموو گوێڕایەڵ بن، مرۆڤەکان لە بوون و خواستی ڕاستەقینەی خۆیان دادەماڵێ تاکوو بەو شێوازە هەڵسوکەوت بکەن کە ئەو دەیەوێ، لێرەدایە کە خەڵک دەبنە قوربانیی ئەو دەسەڵاتە چونکە لە ئەگەری بەرەنگاربوونەوەدا، سزای مەرگیان بەسەردا دەسەپێت و بێگومان لەژێر کاریگەریی ئەو پەروەردە ئیدئۆلۆژیکەدا زۆرینە قوربانیبوون هەڵئەبژێرن نەک مردن! کۆماری ئیسلامی ئەمەی کرد، بە توندوتیژیی ئاشکرا، خەڵکی هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە وەکوو قوربانی خۆیان پێناسە بکەن، بۆیە پاش زیاتر لە ٤ دەیە ئێستاش ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک ئامادە نین بە هیچ قیمەتێک بەرەنگاری ئەم ڕێژیمە ببنەوە. بەڵام خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە خودی هاوسەرەکەی ڕەئیسیش یەکێک لە قوربانییەکانە، ژنێک کە بە هۆی خوێنمژبوونی هاوسەرەکەیەوە لە چوارچێوەی سیستەم و دەسەڵاتێکدا تواوەتەوە و لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی چ وەک مرۆڤ و چ وەک ژنێک داماڵراوە، دەسەڵاتی تۆتالیتەر، مێشک و زەینی داگیر کردووە و بەو شێوازە هەڵیدەسووڕێنێ کە خۆی پێی خۆشە، کەوابوو ئیدی لە ڕوانگەی ئەویشەوە، هەر ئەو شتە درووستە کە دەسەڵات دەیەوێ، ئەویش ئەمەیە: بوونی ژنی گوێرایەڵ کە خوێندن و کارکردن و سەربەخۆیی ئابووری بە دوژمنی خۆی بزانێت و لە ئاساییترین حاڵەتدا پێی وابێ توندوتیژییە!
ڕەنگە ئەم قسەیەی جەمیلە عەلەمولهودا بۆ زۆر کەس گرینگ نەبێ و زۆر ئاسایی بەلایدا تێپەڕن بەڵام، بێگومان قووڵبوونەوە لە وشەکان وا دەکات کە ناچار بە بیرکردنەوە بین، بیرکردنەوە لەوەی کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا، هاوسەری بەرپرسە باڵاکان کێبڕکێی زانست و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیان دەکەن و هەوڵ دەدەن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە نوێکردنەوەی ڕوانینەکانیان، ژیانی کۆمەڵگە و وڵاتەکەیان باشتر بکەن، کەچی لە وڵاتی بەڵالێدراوی ئێراندا، هاوسەری کاربەدەستانی خوێنمژ، دەبنە هاوکار و هاوەڵی هاوسەرەکانیان تاکوو باشتر خوێنی خەڵک هەڵمژن.
جەمیلە و جەمیلەکان دەبنە نوێنەری ژنانی ئەو وڵاتە و تریبوونیان پێ دەدرێت تاکوو بە ڕووهەڵماڵراوییەوە، سەرەتاییترین مافەکانی ژنان بە بەرچاوی جیهانەوە بە توندوتیژی ناو ببەن و شانازی بە نەخوێندەواری و دواکەوتوویی خۆیانەوە بکەن کە لە سەدەی ٢١دا و لە کاتێکدا کە هەموو شتێک بە پێوەری زانست دەپێورێ، وتە کۆنەکانی سەردەمی نەزانی بێننەوە گۆڕێ و شانازی بە دواکەوتوویی خۆیان و وڵاتەکەیانەوە بکەن.
جەمیلە عەلەمولهودا کاتێ باس لە توندوتیژی دەکا، بەڕاستی نازانێ توندوتیژی چییە یان ئەشکەنجەی ژنان و پیاوان، لەسێدارەدرانی ڕۆژانەی خەڵکی بێتاوان و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان و بە سەدان تاوانی دیکە کە بە بڕیاری هاوسەرەکەی بەرانبەر بە خەڵک دەکرێن بە توندوتیژی نازانێ! بێگومان جەمیلە خانمی، هاوسەری ئیبراهیمی ڕەئیسی کە تەنیا یەکێک لە نموونەکانی دڕندەبوونی، تاوانەکانی ساڵی ٦٧ە، باشتر لە هەموو کەس دەزانێ کە لەژێر پێستی شارەکانی ئەو ئێرانەدا و لە سووچ و قوژبنە جیاوازەکانیدا چی بەسەر خەڵكی داماو و چارەڕەشی ئێراندا دێت، بەڵام بەرژەوەندیی نیزامی ویلایەتی فەقیهـ لەلایەک و خۆشڕابواردنی خۆیان وەکوو ئەربابان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە سامانی نەتەوەییەوە وا دەکات کە ئێران بە بەهەشتێکی ڕووت وێنا بکەن، لێرەدا قسەی کۆتایی ئەمەیە، کاتێ کە هەموو جیهان، بە درێژایی ٤٠ و چەند ساڵی ڕابردوو، بینیویانە کە کۆماری ئیسلامی لە ئاست خەڵکەکەی خۆیدا چەندە دڕندە و خوێنمژە، بۆچی دەبێ بوونەوەرێکی کاڵفامی وەک هاوسەری ڕەئیس یا هەر ژنێکی دیکە لەو دەسەڵاتە کە ئاوێنەی باڵانوێنی گڵاوبوونی ئەو دەسەڵاتەیە تریبوونی پێ بدرێت و کێشە و ئاریشەکانی ژنان پشتگوێ بخات و مافە سەرەتاییەکانی ژنان وەکوو توندویژی پێناسە بکات؟
ئەو وتارە لە ژومارە 61ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بووەتەوە