شەهلا کاوە
چیرۆکی ژیان و خۆشی و ناخۆشییەکانی بەتایبەت بەشێوەی زویندوو[دراما] ڕاکێشێنەرییەکی تایبەت لەسەر زەینی مرۆڤ دروست دەکات و حەزێک لە ناخیدا دروست دەبێت کە بەرەولای بینین و چوونە نێو قوڵایی چیرۆکەکەوە پاڵی پێوەدەنێت.
ئەو پاڵ پێوەنان و تەرکیزکردنەسەر باس و بابەتەکە بێگومان کاریگەریشی دەبێت، کە زۆر جار ئەو کاریگەرییە ناڕاستەوخۆیە و تاک هەر بەخۆیشی نازانێت، زۆرجار ئەگەر بەجوانی لێی ورد بینەوە پێدەزانین کە دروستکردن و بڵاوەپێکردنی درامایەک کە بانگەشە بۆ بیروباوەڕ و سیاسەتێک دەکات کە دەکرێ پێی بڵێی هێرشی فەرهەنگی، شەڕی نەرم یان تێکدانی بنەمای کۆمەڵگایەک کەهەر ئەویش لە خێزان و بنەماڵەوە دەستپێدەکات.
سرشتی مرۆڤ وایە کە پێیخۆشە بینەر وبیسەری شتگەلێک بێت کە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی خۆیەوە و چرکە و ساتەکانی خۆی تێدا دەبینێ، وەک هەڵسووکەوتی نێوماڵ، خۆشەویستی، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، جلوبەرگی ڕۆژ، ژیان لە دەرەوەی ماڵ، قوتابخانە و… کەوابوو تێلڤزیۆن و میدیا دەوری گرینگ دەگێڕن لەو بابەتەوە دەتوانن بیروهزری بەرانبەر بە پرسەکانی ژیان بگۆڕن و کاریگەریی باش یان خراپ لەسەر کەسەکە دابنێن تاجێگایەک کە شاهیدی کێشە و ناکۆکیی نێوان بنەماڵەکان بەتایبەت ژن و مێردەکان بووین کە بەکار تێکەریی و هەستیاریی لەسەر دراما بیانییەکان گرژی و لووت بادان کەوتووەتە نێوانیانەوە چوونکە هەندێک کات مرۆڤ بەوشتانە تووشی دوودڵییەک لە ژیانی خۆی دەبێت کە پێیوایە ژیانی ئەو زۆر ناخۆشتر و کەمترە لە ژیانی ئەکتەری ناو دراماکە و بەردەوام ژیانی خۆی لەگەڵ ئەوان بەراورد ئەکات و پێیوایە ژیانی ئەو خۆش نییە و ژیان ئەبێ وەک ئەو درامایە بێ، بیر لەوە ناکاتەوە کە ڕاستتیەکانی ژیان یان ژیانی ڕاستی مرۆڤەکان جۆرێکی دیکەن کە لەوانەیە لەو ژیانەی کە بینەر هەیەتی و پێی ڕازی نییە زۆر ئەستەمتر و ناخۆشتر بێ.
زۆرێک یان دەتوانم بڵێم تەواوی کاناڵە تێلڤێزیۆنە کوردییەکان بوونەتە چاوێکی ڕیکلام بۆ فیلمی بیانی و بەتایبەت سینەمای داگیرکەر[تورکیە و ئێران] و جگە لەوەی قازانج بە داگیرکار و ئیدۆلۆژییە چەق و بەرچاوتەنگەکەی دەگەیەنن، زیان لە نێو ماڵی کوردیش دەدەن و ئەو دراما و بەرنامانە کارتێکەری خراپیان لەسەر لاو و منداڵی کورد دەبێت. ئەوەیکە بۆچی سینەما و بەشی فیلم و درامای کوردی بەهێز و کاری پێویستی بۆ نەکراوە بە تایبەت لەو بەشە ئازادکراوەی کوردستان واتا باشووری کوردستان، جێی داخ و سەرنجە و پێویستە ڕاوستەی لەسەر بکرێ، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی شێوەی ژیان و جلوبەرگ و ئەدەبیاتی داگیرکەر لە تیڤییەکانمانەوە ئەوەندە زەق بێت و شەو و ڕۆژی خێزانە کوردەکان بە دیار ئەو فیلمانەوە تێپەڕێت؟ لەکاتێکدا ئەتوانین گرینگی بە بواری سینەما و دراما بدەین و بەشێوەیەکی تەواو کوردانە دەست بکەین بە دراما دروستکردن و ناوەرۆک و چیرۆکی دراماکە بەتەواوی بڕوابەخۆبوون و بۆ تاکی کورد بگەڕێنەتەوە کە شانازی بە خۆیەوە وەک کورد بکات و هەستی نەتەوەدۆستی لەنێو منداڵان و لاوانی کورددا زیندوو و گەورە بکاتەوە.
لە ئێستادا بازاڕی دراما تورکییەکان زۆر گەرمە، دراماگەلێک هەتا دڵ پێیخۆش بێ دوورە لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی عەشیرەیی تورکیا و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەیەوە.
کەم خێزان هەبێت شەوانە بە دیار دراما تورکییەکان لە تەلەڤزیۆنی کوردییەوە دانەنیشن، زۆرێک لەو خێزانانەش دەڵێن دراماکە کراوەتەوە بە کوردی و لێی تێدەگەین بۆیە پێمانخۆشە کە ئەمەش نیشانەی بۆشاییەکی فەرهەنگ و دابونەریتی خۆییە کە پێویستە بە دروستی بۆ تاکەکان پڕ بکرێتەوە و تاسەیان لە زمان و فەرهەنگی خۆیان بشکێ.
ئەو کۆمەڵگە و یان باشترە بڵێین ئەو نەتەوانەی کە خاوەنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی نین و دەسەڵاتی سەرکوتکەر و توێنەر بەسەریاندا زاڵە بەتەواوی لەژێر مەترسی لەنێوچوون و تواندنەوە دان چ لەباری تیرۆری فیزیکی و بێسەروشوێن کردنەوە و چ لەباری فەرهەنگی و مێژوویی و سەرهەڵدانی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی، شەڕی نەرم و ئاسمیلەکردن بەشێوازێکە تەنانەت خودی کەسەکەیش هەستی پێناکات ئیتر ئەگەر کەسەکان بواری خۆبەدەستەوەدانیان هەبێت یان لە ئاستێکی خوارەوە لە زانیاری و وشیاری بن ئەوە ئیتر قووڵایی کارەساتەکەیە و لایەنی توێنەر و بەرنامەداڕێژ زۆر بە باشی دەتوانن ئامانجیان بپێکن و ئەوەی دەیانەوێ بە نەرمی تەزریقی تاک و کۆمەڵگای بکەن.
ئەركی لاوانی وشیار لەوبارەوە
بەخۆشییەوە لەهەموو کۆمەڵگەکاندا کەسانێک وەک پێشەنگ و چاوکراوە، ئەرک وەخۆگرانە دەجووڵێنەوە و دڵسۆزانە و نەترسانە دێنە مەیدانی کردەوە و بڤە دەڵێن بەو مەترسییە و بەهەرشێوازێک بۆیان بکرێت بەرگری لە مانەوەی فەرهەنگ و داب و نەریتە تەندروستەکان دەکەن و لەهەمان کاتیشدا پێش دەکەون لە و ڕێکخراوە خۆڕسکـ”کەکاندا کۆمەڵێک لاو و منداڵ و تەنانەت بەساڵاچوویشیان لە دەوری خۆیان کۆکردووەتەوە و دەتوانن بەشێوەیەکی جوان بەردەوامی ژیان بە ئاراستەیەکی باش و تەندروستدا ببەن، ئەو کەسانە هەمیشە لەژێر گوشار وهەڕەشەدان وئەگەرچی ساڵانە ئەندامەکانیان دەگیرێن و ئەشکەنجە دەدرێن بەڵام کارەکانیان هەروا بەردەوامە دەست بە دەست و نەسڵ بە نەسڵ ئەرک و مافەکان بە نەوەکانی دوای خۆیان ئەناسێنن.
خولی فێرکاری زمانی کوردیی بە بەردەوامی بەڕێوە دەبەن، زیندووکردنەوەی یاریی و سونەتە کۆنەکان لە بەرنامەی کاریان دایە، شانۆی سەر شەقام کە شاری مەریوان وەک داهێنەر و پێشەنگی برەودان و بەڕێوەبردنی شانۆی سەر شەقامە لەو ڕێگایەوە زۆر پەیام و زانیاری دەداتە بەردەنگەکانی و بەزمانێکی خۆماڵی و چێژبەخش زاخاوی پاراستن و لەبیرنەکردنی پیرۆزییەکانی ژیان دەدات و هەوڵ بۆ فڕێدانی دابونەریتە ناپەسەندەکان و پاراستنی نەریتە شیاوەکان دەدات. ئەم ڕەوت و خەباتە پیرۆزە ئەگەرچی خوێن و ماندووبوونی لێدەچۆڕێ بەڵام دڵنیام هەتا گەیشتن بە دەسەڵاتی کوردی بەردەوام ئەبێت. دیارە هەتا دەسەڵاتێکی خەڵکی جێگیر نەبێ خەبات بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی زۆر ئەستەم و پڕتێچوو ئەبێت وبەردەوام گیان و ژیانی مرۆڤەکان ئەخاتە مەترسییەوە چوونکە ئەو کارەی پێویستە دەسەڵات و حکوومەت بیکات بە مەترسییەوە خەڵک ناچارن خۆیان بیکەن و لەبەرانبەریاندا دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک لە جبهەی شەڕدا خۆی مەڵاس داوە بەڵام هەر خۆمانین کە ئەبێ پارێزگاری لە مانەوەی خۆمان بکەین.