ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨-٠٣-٢٠٢٣ پارتی چەپی سوید لە پارێزگای “ئوستێرگۆتلەند” لە ساڵۆنی “فوڵێتس ھوس” لە شارۆچکەی “شیسا” کۆنفرانسی ساڵانە خۆی بەڕێوەبرد.
پارتی چەپ وەک نەریت، هەموو ساڵێک لە کۆنفرانسێکدا خەڵات پێشکەش بە ڕێکخراو یا کەسێک دەکا کە لە بواری پرسە کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەت پرسی ژنان کاریان کردووە و چالاک بوون.
ھەر بەو مەبەستە پارتی چەپ خەڵاتی ئەوساڵی خۆی، بەھۆی چالاک بوونی یەکیەتیی ژنان لە بواری تێکەڵاو بوون و ھەوڵ دان بۆ یەکسانی و بەرابەری و ھەروەھا کاری ھاوبەشی نێوان پارتی چەپ و یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، وەک گرتنی سیمینار و بەشداری کردن لە چەندین ڕێوڕەسمی تایبەت بە پرسی ژن، پێشکەشی ڕێکخراوەکەمان لە سوید کرد و هەوڵ و تێکۆشانەکانی ڕێکخراوەکەمانی بەرز نرخاند و ئامادەگی خۆیان بۆ ھاوکاری زیاتر لە داھاتوو دا دووپات کردەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی پارتی چەپ بەڕێوە چوو، هاوڕێیان خاتوو “کەژاڵ ئەحمەدی” و خاتوو “شلێر حەسەنپوور” بە نوێنەرایەتی یەکیەتیی ژنان بەشدار بوون و خەڵاتەکەیان وەرگرت.
دوای وەرگرتی خەڵات خاتوو “کەژاڵ ئەحمەدی” وتەیەکی کورتی پێشکەش بە بەشدار بووان کرد. خاتوو “کەژاڵ” وێڕای سوپاسی پارتی چەپ لە ناوچەی “ئۆستێرگوتلاند” باسی ھەل و مەرجی ئێستای ڕۆژھەڵاتی کوردستانی کرد و گوتی: لە شۆڕشی ژینا دا بەسەدان کچ و کوڕی لاو بۆ وەدەست ھێنانی ئازادی شەھید و بریندار بوون و بەشێکی زۆر هەر ئێستا لە بەندیخانەکانەی ڕێژێمی ئێران لە ژێر گوشار و ئازار و ئەشکەنجەدان، بەڵام ئاگری ئەو شۆڕشە ناکوژێتەوە و تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبێ.
خاتوو کەژاڵ بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کۆتایی بە قسەکانی ھێنا کە لەلایەن نوێنەرانی کونفرانس پێشوازیەکی زۆری لێکرا.
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سوید
١٨-٠٣-٢٠٢٣