ن: باوان کرماشانی
و: ئاڵەشین
ژنانی ژێردەستەی ڕێژیمە ئێرانشارییەکانی چوارچێوەی جوغرافیای سیاسی ئیران و بەتایبەتیش ژنانی کورد، بەدرێژایی مێژوو لە کونجی ماڵانەوە هەتا چەقبەستووی و چەپاندنەوە، بۆ گۆڕەپانی ئەکتیڤیتی سیاسی و خەباتەوە رێگەیەکی ئەستەم و دژواریان پێواوە. ئەو ژنانەی شان بە شانی پیاوان، لە هەموو قۆناخە سەخت و ناخۆشەکانی ئەو جوغرافیایە لە بەرگریدا بووون….
لە بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە بایکۆتی تەنباکو و شۆڕشی مەشرووتە، سینگیان داوەتە پێش و نیشانیان داوە دەتوانن وەک پیاوان لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا رۆڵ و دەوریان هەبێ و بەوپەڕی ئازایەتی توانیویانە دەوریان لەسەر درێژەی بزووتنەوە هاوچەرخەکان هەبێ. بەڵام هەمیشە پشتگوێ خراون و مافیان فەوتاوە و لە نووسینەوەی قانووندا پشکیان نەدراوە و نەیانتوانیوە لە گۆڕەپانی سیاسی و بەتایبەتیشدا لە پارڵەمان وەک پیاوان ئامادە بن. کە ئەمەش بەواتای پشتگوێ خستنی نیوەی بەهرە و توانای کۆمەڵگەیە بۆ گەیشتن بە گەشە و پێشخستنی کۆمەڵگە. دەگەڵ ئەوەشدا، ژنان قەت نەسرەوتوون و هەمیشە بە هیوای بە ئاکام گەیاندنی مافی نیوەی کۆمەڵ لە گۆرەپانی خەباتدا چالاک و بەشدار بوون. هەر بۆیە لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو رۆڵ دەگێرن. بەڵام کۆماری ئێسلامی کە بە بەڵێنی پڕوپووچەوە بەتایبەت یەکسانی و دادپەروەرییەوە هاتبووە سەرکار، هەر زوو ماهییەت و چییەتی دژی ژن بوونی خۆی دەرخست و بە پەسندکردنی قانوونگەلی دژەژن رێگەی بۆ سەرکوت و پەراوێزخستنی ژنان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ماڵێش هەموار کرد.
ژنان کە هەر زوو بە چییەتی دژە ژن و گەمژانەی کۆماری ئیسلامی زانی کە ماکەی لە هزرینی چەقبەستووانەی ١٤٠٠ ساڵ پێش بوو، لە ساڵەکانی سەرەتای دامەزرانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە، هەوڵیان دا بە دەنگ هەڵبڕین و خۆپێشاندان دژی حیجابی زۆرەملی، دەنگی ناڕەزایەتی بە گوێی دەسەڵاتدارانی ئاخوندی بگەیەنن و مل بۆ گوشاری سیستماتیکی ڕێژیم کەج نەکەن. ئەو ژنانەی کە لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام پێشەنگی گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان لە جوگرافیای فرەنەتەوەیی ئێراندا بوون و هاوار مافخوازییان گێچی لە کەوڵی دەسەڵاتداران خستوە و بە نافەرمانی مەدەنی بناخەی حکومەتی ئایدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییان لەق کردوە، چونکی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانەوە لەو جوغرافیایەدا مافی ژنان ژێر پێ خراوەو و ئێستاش ئەمە دەزانن و بەروونی ڕایانگەیاندوە، ئەگەر دەسەڵاتەکەیان بلەقێ، ئەوە ژنان و مافی ژنانە دەیلەقێنێ. “ئەگەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی بلەقێ، ژنانن کە لەقی دەکەن.” (وەحید ئەحمەد، وەزیری نێوخۆ ٠٨/٠٩/١٤٠٠). حکومەتی بەباشی ئاگاداری شوێندانەری ژنانە لەسەر پێشخستنی وێژەمانی ئازادیخوازی، بۆیە لەماوەی ئەو ساڵانەدا تەنەخی لە هیچ چەشنە سەرکوت و سڕینەوەیەکی ئەم بەشەی کۆمەڵگە نەکردوە، لە ئەسید پێهەڵپڕژاندنەوە بگرە هەتا هێرشکردنە سەر ژنانی دوچەرخەوار و …. هەتا دەستدرێژی و ئازار جینسی لە گرتووخانەکاندا و، لەوانەش قێزەونتر لە شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی»دا ئامانجدارانە فیشەک نان بە نێو گەڵی ئافرەتانەوە.
ئێستاش ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەر و دژەژنە، لە نوێترین پیلانی خۆیدا، واتە هێرشی شیمیای بۆ سەر قوتابیخانەی کچانە و کچانی قوتابی هەول دەدا بە بەردێک دوو کێلان بپێکێ، سەرەتا تۆڵەی دەوری چالاکانەی کچانی قوتابی لە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” یان لێ بکاتەوە کە بە لچکە لەسەر داماڵین و سەر ڕووتکردن (هێمای ئامادەیی قورس و قایمی حکومەت لە ژیانی رۆژانەی ژناندا) فشەیان بە ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات کرد و بە فڕێدان و تووڕهەڵدانی هێمای دەسەڵات لە کلاسی دەرس و قوتابخانەکانیان پشکێکی مەزنیان لەو شۆڕشەدا هەبوو و وێنە و بیرەوەری خۆش و شیرینیان رەنگاند و هەروەها کپکردن و چاوترسینیان لە منداڵییەوە، واتە لەو قۆناخەوە کە یەکەم ئایدیاکانی ئازادیخوازی چەکەرە دەکەن، هەتا بە خوڵقاندنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ، بەر بە خوێندنی کچان بگرن و لە زانین و زانیاری بێبەشیان بکەن، چونکی چەخماخەی شۆڕشی ژینا لە لایەن ژنانی خاوەن وشیارییەوە لێدرا کە عورفی پیاوسالارانەی (نێرەوەجاغی) کۆمەڵگەیان لادا، شۆڕشێک کە روون و ئاشکرایە مەزنایەتی هێزی سیاسی ژنان و بەشداریی کۆمەڵایەتی ئەوان نیشان دەدا بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و، کۆماری ئیسلامیش هەمیشە ترسی لە وشیاری بووە و هەوڵی داوە بە پێی پلانی پێشوەختە و هاندانی بەمنداڵی بەشوودان، ژنان و کچان لە ماڵێ پەستێوێ، ئەمجاریش دەیەوێ بە زەبری هێز و ترساندن و هێرشێ بەربڵاو بۆ سەر قوتابخانەی کچان کە بیست و پێنج پارێزگەی ولاتی گرتۆتەوە، ترس و دڵەڕاوکێی هێزێکی نادیار بخاتە دڵی خەڵکەوە و، بە ژنان بڵێ کە کەشی کۆمەڵایەتی بۆوان ئەمین نییە، هەتا دە ماڵێیان پەستێوێ.
ئێستا بۆ کۆماری ئیسلامی یەکەم تۆمەتبار یان باشتر بڵێین تاوانباری ئەم پەروەندەیەیە، چونکی ئەم دەسەڵاتە جگە لە پێشینە و سەرچەشنی دژەژنانە لە تەمەنی خۆیدا، کە هێرش بۆ سەر قوتابییە کچەکانیش لەسەر هەمەن رەوتن، دەگەڕێتەوە بۆ وەدوا نەکەوتن و بەنەناسراو هێشتنەوەی سەرچاوەی ئەم هێرشانە. پرسیار ئەوەیە، بۆچی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی نهێنی دوکتور شەرەفکەندی سکرتێری حیزبی دێموکرات یان ڕێبەر و کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن لە ئاڵمان ئاگادارە و لە ڕۆژاوا کاری تیرۆریستی دەکا، یا عەبدولمالیک ریگی کە لە سەفەرێکی تەواو نهێنیدا بۆ وڵاتی پاکستان لە ئاسمانەوە دێنێتە خوار و دەیفڕێنێ، یا لە بابەت روحوللە زەم، کە بە فێل و تەڵەکە دەیكێشێتە عێراق و پاشان دەیڕفێنێ و پاشان لە سێدارەی دەدا و تەوێڵی خۆی رەشتر دەکا، یا ئەوەی ئێستا لە رووی کورتە ڤیدیۆی ڵێڵ و ناڕوونەوە ئەو کەسانەی لە بەرگری رەوا دژی پاسدار و بەسیجان تێکهەڵچوون بە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دەیانگرێ، بەڵام بۆ دیتنەوە و گرتنی بکەرانی هێرشی شیمیایی بۆ سەر قوتابیخانەکان و کچان کە بەگوێرەی راپۆرتی وزارەتی تەندروستی ڕێژیم، زیاتر لە ١٣ هەزار کچ لە زیاتر لە ٣٠٠ قوتابیخانەی تووشی نەخۆشخانە کردوە، دۆش داماون. لەم پێوەندییدا پێویستە بگەڕێینەوە ناخی کۆمەڵگە و بڕاوی خەڵکی، بۆ وێنە قسەکانی ئەو خوێندکارە بوێرەی بە سەعید جەلیلی نوێنەری خامنەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە زانکۆی “چەمران”ی ئەهواز لە ڕۆژی ١٥ی ڕەشەممەی ١٤٠١ی گوت: “ئەگەر دەڵێین دەرمانداو کردنی قوتابییە کچەکان کاری خۆتان نییە، کەواتە زۆر زەبوونن، کە ناتوانن ئەمنییەتی منداڵان دابین بکەن”. مەگەر لە سەرەتای راپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆی کامێراکانی قوتابیخانەکانەوە، ئەو کچانەیان نەدەگرت کە دژی دەسەڵات درووشمیان وتبۆوە و یان دەریاندەکردن یان دەستبەسەریان دەکردن. ئەی دە چۆنە ئیستا ئەگەر بۆ سەلماندنی خۆشیان بێ، ناتوانن لە ڕێگەی هەمەن کامێراوە بکەرانی ئەو هێڕشە شیمیاییانە بۆ سەر قوتابخانەی کچان بدۆزنەوە؟
ئەرێ تەنیا ئەم هۆکارە بەس نییە، بڵێین کاری خودی کۆماری ئیسلامییە؟
ئەم هێرشانە بەم بەربڵاوییە، بەرنامەداڕشتن و ئەنجامدانینان بەبێ هاوکاریی و هەماهەنگی هێزە دەوڵەتییەکان نەکردەییە و بۆ بڕوا نابێ و بەو ئاکامەمان دەگەیەنێ کە بەدڵنیاییەوە دەستی مەعموورانی حکوومەت و هێزە ملهوڕەکانی (اتش بە اختیار) خامنەییان تێدایە، چونکی بەستنەوەی ئەم هێرشانە بۆ هۆکاری دەرەکی، زیدی ئینقلاب و هێزە سەرەڕۆکان شوێنەونکەیە و هیچ لە تاوان و کەمتەرخەمی دەسەلات کەم ناکاتەوە. چونکی ڕوون و ئاشکرایە بەرپرسیارێتی ئەمنییەت و ئاسایش و پاراستنی گیانی هەموو هاووڵاتییەکان لەسەر شانی دەسەڵات و کەسی یەکەمی دەسەڵات، عەلی خامنەییە. ئەوە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەن دەبێ وڵام بدەنەوە، کە چۆنە کەسانێک ئازادانە مەواددی شیمیایی لە کۆڵ شار بە شار دەگەڕێین و هاوکات لە شارەکانی چەندین پارێزگەی وڵات، کچە قوتابییەکان دەرمانداو دەکەن، کێ دەتوانێ بەئاسانی ئەو هەمووە مەواددە شیمیاییەی وەدەست کەوێ؟
ئەدی ئەو ئەمنییەت و ئاسایشە کارتۆنییەی بەردەوام بە گوێمانیدا دەدەن، کوا؟
بەڵێ، کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی خەریک تۆڵەکردنەوە لە کچان و ژنانە، ئەو کچ و ژنانەی کۆڵەکەکانی سیستمە ئایدیۆلۆژییەکەیان لەقاندوە، ئەو ژنانەی ئیزنیان نەدا، هیچ ئاخوندێک لەسەر لەشی ساردی کچەکەیان ژینا نوێژ بکا و بە سەما و هەڵپەڕكێ، لچکەکانیان بەدەستەوە گرت و شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”یان لە شاری بچوکی سەقز لە کوردساتانەوە بۆ هەر چوار قورنەی وڵات هەناردە کرد.