پێشەکی
مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئاڵۆز و پێچەڵپێچ بەردەوام ڕووبەرووی پرسیارگەلی هەستیناسییانە دەبێتەوە و بۆ تێ گەیشتن لە مانا و مەبەستی بوون و ژین، هەوڵی ناسینی خۆی و دەوروبەری دەدات. وێڵبوونی مرۆڤ بە شوێن وەڵامی پرسگەلی سەرەکیی کێبوون و چیبوون و لە کوێوە بۆ کوێ، ئاوڕدانەوە لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤبوون دەکاتە شتێکی واجیب. بەڵام ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ لە هەزاران ساڵی ڕابردوودا و هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسگەلی لەم چەشنە هەتا ئێستا بە ئاکامی کۆتایی نەگەیشتووە و لایەنە ئاڵۆزەکانی مرۆڤبوون زیاتر لە هەمیشە قوت بوونەتەوە.
ئەگەر مرۆڤ لە ناسینی خودی خۆیدا سەرکەوتوو نەبووبێت، ڕەنگە هیوای بەوە هەبووبێت ئەوی دیکەکەی خۆی بناسێت، واتە مرۆڤەکانی دەوروبەری. بەڵام لەمەشیاندا وێ ناچێت سەرەکوتوویییەکی ئەوتۆ وەدەست هاتبێت. دەروونی پڕ لە ڕاز و ڕەمزی مرۆڤەکان کردەی ناسینی ئەوی دیکە ئەستەمتر دەکات. ئێمە تەنانەت لە ناسینی نزیکترین کەسانی دەوروبەری خۆمانیشدا سەرکەوتوو نین. کەسانێک کە بە یەکەوە بڕیاری ژیانی هاوبەش دەدەن زۆر جاران دوای ساڵانێکی زۆر هەست دەکەن یەکتریان نەناسیوە و لە یەکتر تێ نەگەیشتوون. دایک و باوکەکان زۆر جاران لە ناسینی مناڵەکانی خۆیان سەرکەوتوو نابن. هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیەش شتێک نییە جگە لەو ڕاستییە کە هەر مرۆڤەی بۆخۆی دنیایەکی تایبەتە و بۆ ناسینی ئەو دەبێت ئێمە ئاگاداری سەرەکیترین لایەنەکانی کەسایەتییەکەی بین. ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمە ئەوەی سەلماندووە کە لەم بارەوە چەندە ناتواناین.
گرنگیی ڕۆمان وەک بەستێنێکی گێڕانەوەی چارەنووسی مرۆڤ لێرەوە خۆی دەردەخات. ئەگەر ڕۆمان بەر لە هەر شتێک بریتی بێت لە وەدەرخستنی دیوی ناوەوەی کەسایەتیی کاراکتەرەکانی خۆی، ئەوە بۆ دەستەبەربوونی ئەم تایبەتمەندییە ئێمە دەتوانین هیوادار بین کە ڕۆماننووسێکی سەرکەوتوو ئەو کەسە بێت کە خودائاسا کەسایەتییەکانی خۆی بئافرێنێت. لەبەر ئەوەی کەسایەتییەکانی ڕۆمان دواجار بوونەوەری خەیاڵین، ئەوە بە هێزی بێسنووری خەیاڵە کە لە کەسایەتیی کاراکتەرێکدا هەموو نهێنییەکانی کەسایەتی دەخرێنە ڕوو. بەم جۆرە ئێمە کاراکتەری ڕۆمانێک، بۆ نموونە ڕاسکۆلنیکۆڤ باشتر لە هاوڕێیەکانی خۆمان و کەسانی دەوروبەری خۆمان دەناسین. ئاخر ئێمە هەرگیز دەستمان بەو داڵانە تاریکانەی کەسایەتییەکانی دەوروبەرمان ناگات، بەڵام لە کەسایەتیی ڕاسکۆلنیکۆڤدا ئەستەمە هیچ گۆشەیەک لە ئەندێشەکانی ئەو بکەونە تاریکییەوە و لە بەرچاومان دیار نەمێنن. هەر ئەمەش یاریدەدەری سەرەکیی ئێمەیە بۆ چوونە نێو دنیای زەینیی کاراکتەرێکی وەک ڕاسکۆلنیکۆڤەوە. بەم جۆرە دەتوانین لە ناسینی خۆمان و دەوروبەرمان نزیکتر ببینەوە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە ڕۆماننووسێکی سەرکەوتوو دەبێتە ئافرێنەر و مرۆڤەکانمان دووبارە بۆ دەخوڵقێنێتەوە. ئیدوارد سەعید حەقی بوو کاتی خۆی هۆکارێکی سەرەکیی نامۆبوونی ڕۆمان و سەرهەڵدانی درەنگی ئەم ژانرە لە جیهانی ئیسلامیدا ڕێک بەو لایەنی ”بیدعەت”ی ڕۆمانەوە ببەستێتەوە کە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە کفرە. یەک لە ڕۆمانە سەرکەوتووەکانی مێژووی ڕۆماننووسی، “تاوان و سزایە”. لەم وتارەدا بەکورتی باس لە هەندێک لایەنی ئەم ڕۆمانە دەکەم کە بوونەتە هۆکاری سەرکەوتووییی ئەم گێڕانەوە سنووربەزێنە جیهانییە.
تاوان و سزا
داستایێڤسکی هەر لە سەردەمی ژیانی خۆیدا توانی ئەوەندە سەرنجی خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕا بکێشێت کە وەک نووسەرێکی ناسراو و ڕێزلێگیراو ناوبانگ دەر بکات. بەڵام ئەو ناوبانگە بەربڵاوە هەرگیز نەبووە هۆکاری لووتبەرزی و خۆ لێونبوونی ئەو. کاتێک لە ١٨٨٠دا ڕۆمانی “برایانی کارامازۆڤ”ی داستایێڤسکی چاپ و بڵاو بووەوە، ١٤ ساڵ لە چاپ و بڵاوبوونەوەی “تاوان و سزا” تێپەڕ بووبوو. باشترە وەبیر خۆمانی بێنینەوە کە ئەم دوو ڕۆمانە پێشتر بە شێوەی زنجیرەیی و بەشبەش لە گۆڤاری “پەیکی ڕووسی”دا بڵاو بووبوونەوە. ئەمەش بۆ تێگەیشتن لە هەلومەرجی ئەودەمی کۆمەڵگەی ڕووسیە زۆر گرنگە کە گۆڤارێک بتوانێت هەڵگری بەشەکانی دوو لە ڕۆمانە هەرە مەزنەکانی ئەم گێتییە بێ و خوێنەری هەبێت. کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەهەمی ڕووسیە بەهەڵکەوت نییە کە چەند لە باشترین نووسەرانی کلاسیکی ئەم جیهانەی تێدا پەروەردە بووە. ژیانی تایبەتیی داستایێڤسکی و ئاستی ناسراوی و ناوبانگەکەی، لە کاتی بڵاوبوونەوەی برایانی کارامازۆڤدا، لە لووتکەدا بووە. بەم حاڵەشەوە، داستایێڤسکی لە پێشەکییەکی زۆر کورتدا بۆ برایانی کارامازۆڤ هەندێک شت دەڵێت کە دەتوانن بۆ هەموو سەردەمەکان ڕێنیشاندەر بن.
لە نووسینێکی دوو لاپەڕەییدا لە ژێر ناوی، ”لە نووسەرەوە”، داستایێڤسکی باس لە ڕۆمانەکەی دەکات و بە جۆرێکی وەها گەرموگوڕ و خۆمانە لەگەڵ خوێنەر دەدوێت کە تۆ هەست دەکەی لەگەڵ نووسەرێکی تازەکاری نەناسراو ڕووبەڕوو دەبییەوە. ئەو لەوپەڕی خاکەڕاییدا باس لە ڕۆمانەکەی دەکات و دەڵێت؛ ڕەنگە خوێنەر زۆر بە مافدارییەوە بپرسێت بۆ دەبێت کاتی خۆی تەرخانی خوێندنەوەی بەسەرهاتی پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە، واتە ئالێکسی فیۆدۆرۆڤیچ کارامازۆڤ بکات و بەفیڕۆی بدات لە کاتێکدا خوێنەر دەتوانێت هەر لە لاپەڕەی دووهەمی ڕۆمانەکەدا هەست بکات ئەم ڕۆمانە شایانی خوێندنەوە نییە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە نووسەری بلیمەت ئەم بژاردەیە بۆ خوێنەر بەجێ دێڵیت کە دەتوانێت هەستێکی ئەوتۆی هەبێت و تەنانەت ئەم مافەشی پێ دەدات. لەم ڕۆژگارەدا ڕۆماننووسی ئەوتۆ هەن کە مافێکی لەم چەشنە هەرگیز بۆ خوێنەر بە ڕەوا نازانن و گەر خوێنەرێک ئاوا لە ڕۆمانەکەیان بنواڕێت بە نەزان و نەخوێندەوار ناوی دەبەن. بەڵام داستایێڤسکیی مەزن بە خاکەڕایییەوە پێشبینییەکی لەم چەشنە دەکات و لە هەمان کاتدا لە دوا دێڕی ئەم پێشەکییەدا نووسیویەتی: ”تەواو لەگەڵتان هاوڕێم کە ئەم دێڕانە زیادەن، بەڵام چونکە تازە ئیتر نووسراون، ئیزن بدەن با لێرەدا بمێننەوە. جا با ئێستا بگەڕێینەوە سەر بابەتەکە”. ئەگەر نووسەرێک ئاوا خاکەڕایانە لەگەڵ خوێنەر بێتە گۆ، خوێنەریش دەبێت ڕاشکاوانە هەوڵی دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەو لە نووسینەکەیدا بدات. پێویست بە پێداهەڵگوتن و تاریفکردن ناکات، ئەوەی پێویستە ئەوەیە بزانین بۆ بەرهەمێکی دیاریکراو، لێرەدا “تاوان و سزا”ی نووسەرێکی دیاریکراو، فیۆدۆر داستایێڤسکی، هێندە گرنگە.
شێوازی گێڕانەوە
شێوەازی گێڕانەوە یەکێک لە گرنگترین تەکنیکەکانی نووسینی ڕۆمانە. کێ بەسەرهاتەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە و چۆنمان بۆ دەگێڕیتەوە؟ چەندەمان بۆ دەگێڕێتەوە و چەندەمان نیشان دەدات؟ چەندەمان بەشداری ڕەوتی ڕووداوەکان دەکات و هاندەری چالاکیی تێفکرین و تێکەڵاویمان دەبێت؟ چیمان بۆ دەگێڕێتەوە و لە زمان و ڕوانگەی کێیەوە شتەکان ڕیز دەکات؟ کەسایەتییەکان چۆن دەئافرێنێت و چەندە بەهۆی کردەوەی خۆیان دەیانناسێنێت و چەندە بە زۆربڵەیی وەگێڕێکەوە زەینی خوێنەر پڕ دەکات لە قسە و باسی خۆی و خوێندنەوەی خۆی لە کەسایەتیی کاراکتەرەکان؟
لە “تاوان و سزا”دا ئێمە لەگەڵ پڕۆتاگۆنیستێک ڕووبەڕووین کە ئێستا لە ڕیزی کەسایەتییە زیندووەکانی ئەم جیهانەدایە و وەک نموونەیەکی زیندوو و پێوانەیی لە قسە و باسەکاندا ئاماژەی پێ دەکرێت. ڕاسکۆلنیکۆڤ هەر بە ناوەکەیڕا بەشێک لە دەرکەوتەی کەسایەتیی خۆی نیشان دەدات. لە زمانی ڕووسیدا ئەم ناوە بە مانای ”دابەشبوو” دێت و ناوێکە پر بە باڵای ئەو دووراوە. ئاخر ئەو خاوەنی کەسایەتییەکی لەتوکوتبووی چەندپارچەی دەروونییە و لە مەیلی بە کوشتنڕا بگرە هەتا مەیلی فیداکاری و بەخشەندەیی تێیدا خۆی دەنوێنێت. لە هەمان کاتدا ڕاسکۆلنیکۆڤ دەبێت بە نوێنەری تەواو و هەمەلایەنی ڕەوتی گۆڕانکارییە هزری و فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەت لە وڵاتی ڕووسیەدا.
داستایێڤسکی چۆن ئەم ئەرکە مەزنە بەجێ دێنێت؟ ئەو وەک زۆر نووسەری دیکە وەگێڕێکی شیاوی نادیار دەکار دێنێت، بەڵام لەوە غافڵ نابێت کە کەسایەتییەکانی نێو ڕۆمانەکە بۆخۆیان بە کردەوە و ئاخافتن و هزری تایبەت بە خۆیانەوە نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن.
لە سەرتاپای ئەم ڕۆمانە درێژەدا ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا زۆر ڕووداوی سەرنجڕاکێش ناقەومێن، بەڵام خوێنەری تامەزرۆ بەپەرۆشەوە چاوەڕوانیی ڕەوتی گۆرانکارییەکان دەکات و چاوەنواڕە بزانێت دواجار ڕاسکۆلنیکۆڤ چ بڕیارێک دەدات و کێشمەکێشە زەینییەکانی ئەو بە کام باردا دەکەون.
هەر کاتێ خوێنەر سەرنج دەداتە پێکهاتەی گێڕانەوەکە، هەست دەکات بە دایموسات ئامادەی ڕەوتی ڕووداوەکان و هەڵکێشوداکێشی ورە و هەستی کەسایەتییەکانە. کاتێک ڕاسکۆلنیکۆڤ و ڕازومیخینی هاوڕێی دەئاخەڤن، وەگێڕ لە قوژبنێکدا ئامادەیە کە سەرەداوی قسەکانیان بۆ ڕا بگرێت و نەهێڵێت دەنکەکانی تەسبێحی ڕووداوەکان لە زەینی خوێنەردا بپسێن. وەگێڕ هێندە وەستایانە ئەم ئەرکە بەجێ دێنێت خوێنەر هەست دەکات ئەو لەڕاستیدا نوێنەرایەتیی خوێنەر دەکات و زەینی ئەو دەخوێنێتەوە و هەر لە زمانی ئەویشڕا وەگۆ دێت و دیالۆگی نێوان کاراکتەرەکان پتەوتر دەکات. بەم جۆرە هەر بڕگەیەکی ئەم ڕۆمانە دەبێتە پێشەنگەی ئامادەییی دیالۆگێکی نێوان دوو یان چەند کەس بە ئامادەیی وەگێڕێکی شاراوەی لە هەمانکاتدا پێویست و دیار و هاوکاری خوێنەر. ئەم ڕاستییە تەنانەت لەو کاتانەدا کە کاراکتەرەکان سەرگەرمی ئاخاڤتن لەگەڵ خۆیانن و بە مۆنۆلۆگ و تاکبێژییە دەروونییەکانیانەوە مژووڵن، هەمدیسان خۆی دەردەخات و خوێنەر هەست بە بەشداربوونی خۆی لە گەشە و نەشەی گێڕانەوەکەدا دەکات.
پێوەندیی چڕی سەرجەم کاراکتەرەکان بە یەکترەوە نموونەی سەرکەوتووی گێڕانەوەیەکی تۆکمەیە. ئەگەرچی ڕاسکۆلنیکۆڤ پشکی شێری لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا پێ دەبڕێت، بەڵام ئەوە ئامادەیی و خۆتێوەردانی کەسایەتییەکانی دیکەیە کە ڕووناکی دەخاتە سەر لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتیی ئەو و بە خوێنەری دەناسێنێت. ئەوانی دیکەی ڕاسکۆلنیکۆڤ بە نێوخۆیی و دەرەکییەوە، بە گەورە و بچووکەوە، ئەو كاکێشانە پڕ ئەستێرەیەن کە لە دەروونی نائارامی ڕاسکۆلنیکۆڤدا شەوق دەدەنەوە و دەرفەتی سەفەری خوێنەر بە داڵانە تاریکەکانی ئەم کەسایەتییە ئاڵۆزەدا دەڕەخسێنن.
هەر لایەنێکی ئەم ڕۆمانە بگری و هەر چەمکێکی نرخاندن و هەڵسەنگاندن دەکار بێنی، هەست دەکەی هەموو هێزەکانی ئەدەبی و هونەریی شیاو و مومکینی گێڕانەوە کەوتوونەتە سەر یەکتر و لە هزری کەسدا ناگونجێت کە هیچ کەسێکی دیکە بتوانێت لەوە باشتر ئەم ئامانجە بپێکێت و ئەم ئەرکە بەجێ بێنێت. هەر لە دەستپێکەوە کە کوڕیکی گەنج لە ئێوارەیەکی گەرمی مانگی پووشپەڕدا لە هۆدەکەی خۆی، ژوورەکەی ژێر شێروانییەکی سانتپالاس، بە هێمنی و گۆمانەوە بەرەو دەرگای دەرەوەی باڵەخانەکە هەنگاوە شلەکانی هەڵدێنێتەوە، ئێمە لەگەڵ یەکەم دێڕەکانی گێڕانەوەیەکی تۆکمە ڕووبەڕوو دەبینەوە.
با جارێکی دیکەش بڕوانینە دەستپێکی ڕۆمانی تاوان و سزا
”لە ئێوارەیەکی بێداد گەرمی سەرەتای مانگی پووشپەڕدا، کوڕێکی گەنج لە ژوورەکەی خۆیەوە لە ژێر میچی بینایەکدا لە سانتپالاس، هاتە دەر و بە هێمنی، هەر چەند دیار بوو بە دووڵییەوە، بەرەو پردی ک وەڕی کەوت. ئەو بە سەرکەوتووییەوە توانیبووی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژنە خاوەنماڵەکەی لەسەر پلیکانەکاندا دەرباز بکات. هۆدەکەی ئەو لە ژێر میچی بینایەکی بەرزی پێنج نهۆمدا هەڵکەوتبوو و زیاتر لەوەی لە ژوورێک بچێت لە قودوویەک دەچوو. ژنە خاوەنماڵەکەی کە ئەم ژوورەی بە کرێ دابوویە و خواردن و خاوێنکردنەوەکەشی بۆ دابین دەکرد، لە نهۆمی خوارەوەی ئەودا دەژیا و هەر کاتێک کوڕە ویستبای بچێتە دەر ناچار بوو بە بەردەم چێشتخانەی ژنەکەدا کە بەبەردەوامی دەرگاکەی لەسەر پشتێ بوو، تێپەڕ بێت. هەر جارەش کوڕە بەوێدا تێپەڕ دەبوو، هەستێکی ناخۆش و ترسێنەری هەبوو کە وای دەکرد نێوچاوانی تێک بنێت و هەست بە شەرم بکات. کوڕە قەرزداری ژنەکە بوو و دەترسا لەگەڵی ڕووبەڕوو ببێتەوە.”
ئەم سەرەتا چڕ و خەستە، بێ هیچ زێدەڕۆییەک، هەموو کەرەسەی پێویست بۆ چوونە نێو دونیای کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە پێشکەشی خوێنەر دەکات. لێرەوە دەروازەی جیهانێکی پڕ لە نهێنی دەکرێتەوە و خوێنەر هێدی هێدی لەگەڵ جیهانی هەمەڕەنگی کەسانێک ئاشنا دەبێت کە بۆ هەمیشە لە یادەوەریی ئەودا دەمێننەوە. کاراکتەرەکان بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکتردا خۆیان دەناسێنن و بەبەردەوامی دیالۆگیزم لە گێڕانەوەکاندا ئامادەیی هەیە. هەندێک جار ئەم ئەرکە لە جیاتی ئاخاڤتنی دوولایەنەی ڕووبەڕوو لە ڕیگەی نووسینەوە بەڕێوە دەچێت. لێرەدا تایبەتمەندیی پێوەندییەکە ڕێگەخۆشکەری ئەم شێوازە دەبێت. بۆ نموونە کاتێک دوای ماوەیەکی درێژ لە دووری، دایکی ڕاسکۆلنیکۆڤ پێوەندیی پێوە دەگرێت، نامە دەبێتە باشترین و مومکینترین شێوازی بەئەنجامگەیاندنی ئەم ئەرکە. لەبیرمان بێت ئەمە لە سەردەمێکدایە کە تەلەفۆن و ئامرازە دەنگییەکانی دیکە هێشتا دانەهێندراون و تەنیا ڕێگەی پێوەندییە لە دوورەوە نامەیە.
با سەیرێکی نامەی دایکی ڕاسکۆلنیکۆڤ بکەینەوە و لە دەنگ و نیگەرانی و دەردەدڵ و ترس و هیواکانی ورد ببینەوە. ئایا ئەم وردەکارییانەی پێوەندیی نێوان دایک و کوڕێک و پرسی شووکردنی کچەکەی باشتر لەم شێوازە، واتە لە ڕێگەی نامەیەکی ڕاستەوخۆی دایکەکەوە، دەکرێت دەستەبەر بکرێت؟ دایک نیگەرانی خوێندن و سڵامەتیی کورەکەیەتی. باوک مردووە و دایکی بێوەژن دەستی ناڕوات کە بەبەردەوامی یارمەتیی ماڵیی کوڕەکەی بدات کە بۆ خوێندن لە پێتێرزبۆرگە. ڕاسکۆلنیکۆڤ ئاگادار دەکاتەوە کە دنیای خوشکی، بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەکەی و خودی ڕاسکۆلنیکۆڤ، بەناچارییەوە لای کابرایەکی دەوڵەمەند، سڤیدریگایلۆڤ، کار دەکات. دواتر دنیا بڕیار دەدات لەگەڵ کابرایەکی دەوڵەمەند بە ناوی پیوتر پێترۆڤیچ زەماوەند بکات تا ئەو یارمەتیی ڕاسکۆلنیکۆڤ بدات بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنەکەی. دایک ئەم شتانە بە شێوازێکی زۆر وەستایانە لە نامەکەیدا دەردەبڕێت. نامەیەک کە بە پیتی ورد ڕووبەری ”دوو لاپەڕەی گەورەی دەفتەرێکی” داپۆشیوە. مرۆڤ زەحمەتە هەست بکات ئەو نامەیە هەر بە ڕاستی لەلایەن دایکێکەوە نەنووسرابێت. لەوانەیە خوێنەر ئەوەندە بچێتە ژێر کارتێکەریی ئەم نامەیە هەست بکات نووسەری ڕۆمانەکە ئەو نامەیەی لە ئارشیڤی نامە ڕاستەقینەکاندا دۆزیبێتەوە و لەگەڵ مەرامی خۆی لەم ڕۆمانەدا گونجاندبێتی.
بەس لۆژیکی ڕۆماننووسی پشتڕاستمان دەکاتەوە ئەوە ئاکامی توانایی خودی ڕۆماننووسە کە لە هەڵبژاردنی شێوازی ئاخاڤتن و زمانی کاراکتەرەکانیدا دەبێتە ڕێئالیستێکی ئەوەندە ورد کە هەست دەکەی دەقاودەق لاسایی دایکێک دەکاتەوە کە لە قووڵاییی دڵییەوە لەگەڵ کوڕەکەی دەدوێت و بە عەقڵی غەریزی و دایکانەی خۆی ڕێگەچارەی گرفتەکان دەستنیشان دەکات. بنۆڕە ئەم دوا ڕستەیەی نامە دوورودرێژەکە و بچووە نێو دنیای پر لە خۆشەویستیی دایکێک بۆ کوڕەکەی:
”لەبیرت بێت کوڕی ئازیزم ئەو کاتەی مناڵ بووی و باوکت هێشتا مابوو، لە باوەشی مندا بە زمانە پسکەکەتەوە دەپاڕایەوە و ئێمە هەموومان لەو سەردەمیدا زۆر دڵخۆش بووین. ماڵاوا، هەتا دیداری تازەمان. بە گەرمی لە باوەشت دەکەم، زۆر بە گەرمی، تێر ماچت دەکەم. هەتا هەم هی تۆم.”
پولچەریا ڕاسکۆلنیکۆڤ
پەرچەکرداری ڕاسکۆلنیکۆڤ بەم نامەیە ئەوەندە سروشتییانەیە کە مرۆڤ دەبێتە مەفتوونی سیحری کارکردییانەی گێڕانەوەیەکی شیاو. هەم سڤیدریگایلۆڤ و هەم پیۆتر پێترۆڤیج دواتر دێنە پێترزبۆرگ و دەبنە دوو کەسایەتیی کارتێکەری نێو ڕۆمانەکە. پێوەندیی ئەوان بە دنیای خوشکی ڕاسکۆلنیکۆڤەوە و تایبەتمەندییە کەسایەتییەکانیان وەها تەونی ڕۆمانەکە پڕ لە گرێ دەکەن کە هەست دەکەی هەموو کۆمەڵناسانی ئەودەمی کۆمەڵگەی ڕووسیە کۆ بوونەتەوە نوێنەرانی ناسێنەری کۆمەڵگەی خۆیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی ئەو دەم و ئێستا و هەموو دەمێک بڵێن کۆمەڵگەی ڕووسیی نێوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم چۆن بووە و ژیان و ئەندێشە و بوونی کۆمەڵایەتییەکەی هەڵگری چ تایبەتمەندیگەلێک بووە. وەستایەتیی داستایێڤسکی لە لێکگرێدانی ئەو کاراکتەرانە بە یەکترەوە “تاوان و سزا” دەکات بە جیهانێکی ئاڵۆز کە لە ڕێگەی بیر و هۆشی دانیشتووانەکەیەوە خۆی بە هەموو وردەکارییەکەوە دەناسێنێت. خوێنەری ژیر هەر تەنێ چێژ لە ڕووداوەکانی گێڕانەوەکە وەر ناگرێت، بەڵکوو تێشووی خۆی بۆ ناسینی کارلێکی کەسایەتی و کۆمەڵگە دەوڵەمەند دەکات و لەودیو تێپەڕبوونی زەمەندا کەرەسەی ناسینەوە و دەستنیشانکردنی ڕۆحی سەردەمی ڕووداوەکان دەستەبەر دەکات. جێرێمی هاوتۆرن، بە دروستی لە باسی پێوەندیی خەیاڵیبوونی کاراکتەری ڕۆمان و دنیای دەرەوەی گێڕانەوەکاندا دەڵێت: ”ئەگەرچی کاراکەتەر و کردەوەکانی [ڕۆمان] خەیاڵین، ئەوان لە هەندێک ڕووەوە ‘نوێنەرایەتیی ژیانی ڕاستەقینە’ دەکەن.”
با سەیرێکی دیالۆگی نێوان مارمێلادۆڤی مەست و ڕاسکۆلنیکۆڤی بێهیوا و شێواو بکەین کە پەنای بۆ باڕێک بردووە. لێرەدایە کە بۆ یەکەم جار ڕاسکۆلنیکۆڤ ناوی سۆنیا لە زمانی باوکی کچەکەوە دەبیسێت؟ بەسەرهاتی پیاوێک کە لەبەر عارەقخواردنەوە و بێمبالاتی بووەتە هۆکاری ئەوەی کچەکەی بۆ بژیویی زڕبرا و زڕخوشکەکانی ئامادە بێت لەشی خۆی بفرۆشێت. دواتر لە ڕەوتی گێڕانەوەکەدا پێوەندیی سۆنیا و ڕاسکۆلنیکۆڤ دەبێتە ڕووداوێکی گرنگی ڕۆمانەکە و بەشێک لە پەیامە سەرەکییەکەی. کارکردی ڕێکەوت لە ڕۆمانەکەدا هێندە سروشتییانەیە کە خوێنەر هەرگیز هەست بە ناڕێکیی ڕەوتی ڕووداوەکان ناکات. لە هەمان کاتدا کاتێک سەرجەمی ڕووداوەکان بە یەکەوە گرێ دەدرێن، تازە کارکردی فەلسەفییانەی ڕووداوەکان خۆیان دەردەخەن. ئەڤینی ڕاسکۆلنیکۆڤ و سۆنیا و ڕۆڵی ئایین و باوەڕ و بێباوەڕی، ئەوەندە بەجوانی ئاوێتەی یەکتر کراون کە خۆێنەر خۆی لە بەرانبەر بێئەژمار لێکدانەوەدا دەبینێتەوە. ئەگەر قەرار بێت ڕۆژێک ئاماژە بە لەخۆبردوویی و فیداکاریی عاشقانە لە ڕێگوزەری مێژوودا بکرێت، ئەوە بێگومان ئەڤینی سۆنیا بۆ ڕاسکۆلنیکۆڤ دەکەوێتە ڕیزی سەرەوەی لیستەکەوە. ئەمە لە کاتێکدایە سۆنیا بەڕوواڵەت لەشفرۆشە. ئاخر ئەو لەشفرۆشیشی هەر بە شێوەیەکی ئەڤیندارانە و بۆ ڕزگاریی خوشک و برا زڕەکانی و بژێویی باوکی عارەقخۆری، هەڵبژاردووە. بۆ یارمەتیی ڕزگاربوونی ڕاسکۆلنیکۆڤیش لە ئاسەواری کوشەندەی ئاڵۆزیی ویژدان و دەروون، هانی دەدا کە دان بە کردەوەکەیدا بنێت و خۆی بداتە دەستی یاسا. دواجار هەر ئەویشە کە لەگەڵی دەچێتە سیبریا و بە هەموو توانایەوە ئاگاداریی لێ دەکات.
لە دەیان شوێنی ئەم ڕۆمانەدا شێوازی گێڕانەوە و تێکهەڵکێشکردنی وەستایانەی قسەی وەگێڕ و دیالۆگی نێوان کاراکتەرەکان دەبنە نموونەی سەرکەوتووی گوتن و نیشاندان. بۆ نموونە هەڵسوکەوتی ڕاسکۆلنیکۆڤ لەگەڵ پیرێژنی سووتخۆر زۆر بەسانایی هەنگاوەکانی یەکەمی ناساندنی ئەومان بۆ دەردەخات. وەگێڕ زۆر بە زیندوویی ئەم ئەرکە ڕادەپەڕێنێت و سەرەڕای گفتوگۆی کورت و پچڕپچڕی راسکۆلنیکۆڤ و ئالیۆنا ئیڤانۆڤنا خوێنەر بەتەواوەتی ئاشنای دنیای هوندری ڕاسکۆلنیکۆڤ دەبێت. گفتوگۆی ڕاسکۆلنیکۆڤ و پێشخزمەتی ماڵەکەشی، ناستاسیا، هەر هەمان دەور دەگێڕێت. گفتوگۆکانی ڕاسکۆلنیکۆڤ و ڕازمیخینی هاوڕێی، نموونەیەکی دیکەی دەوڵەمەندی کارکردی ژیربێژیی دیالۆگن لە ڕۆماندا.
کاتێک دنیا لەگەڵ ڕازمیخین بڕیاری ژیانی هاوبەش دەدات، مرۆڤ هەست بە ئەنجامی بێئەملاولای دیالۆگ دەکات کە دەبێتە هەوێنی پشت هەموو کردەوەکان و پێشینەیەکی دەوڵەمەندی یەکترناسین. ئەوە بە هیچ شێوەیەک بەهەڵکەوت نییە کە میخاییل باختین بە لێکدانەوەی لایەنی دیالۆگییانەی بەرهەمەکانی داستایێڤسکی بنەماکانی یەک لە کاراترین تیۆرییەکانی خۆی لەمەڕ دیالۆگیزم دادەڕێژێت. پێوەندیی شێوازی گێڕانەوەی داستایێڤسکی و تیۆرییەکانی باختین نموونەیەکی بەکەڵکە بۆ بنەماکانی تیوریسازی لەسەر پاشخانی گێڕانەوەی بەهێز و کارا. هەر بەم چەشنەش تیۆرییەکانی باختین بە نۆرەی خۆیان دەبنە ئامرازێکی گرنگی پێوانەیی بۆ چوونە نێو دنیای نووسین و هەوڵی ئافراندنی کاراکتەری شیاو لە چوارچێوەی گێڕانەوەی فرەدەنگدا.
تێکهەڵکێشکردنەوەی جەمسەرەکانی گێڕانەوە و جێگۆڕکێی وەگێر و چوونە نێو دنیای زەینیی کاراکتەرەکان و بیستنی دەنگی دیالۆگییانەیان، ئەو تایبەتمەندییە بەرچاوەیە کە لە داستایێڤسکیدا دەگاتە لووتکە. گوناهە دوو سەدە دوای ئەم نووسەرە بلیمەتە، ڕۆماننووسی سەردەم هەوڵی فێربوونی ئەم تەکنیکە نەبێت.
وێنای پێوەندیی خۆشەویستی
پێوەندیی خۆشەویستیی نێوان ژن و پیاو بەبەردەوامی لە ڕۆمانەکاندا زەق دەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە بەسەرهاتی ئەڤینداریی نێوان چەند کاراکتەرێک کەمتر وایە بەشێک لە گێڕانەوەکان مژووڵی خۆی نەکات. بەڵام چلۆنایەتیی ئەم پێوەندییانە و وێناکردنیان لەلایەن وەگێڕەکانەوە خاڵی جیاکەرەوەی گێڕانەوەی سەرکەوتووی هونەری و مرۆڤناسانەیە لەگەڵ گێڕانەوەی لاواز و دەستکرددا. لە گێڕانەوەکانی داستایێڤسکیدا کەسایەتییە چەندڕەهەند و پێچەڵپێچەکان لە بواری ئەڤیدارییشەوە دەردەکەون و ئاستی قووڵایی و فرەلایەنیی خۆیان نیشان دەدەن. لە “تاوان و سزادا” ڕاسکۆلنیکۆڤ لە ڕەوتێکی دوورودرێژ و ئاڵۆزدا جیهانی ئەڤینی سۆنیا دەدۆزێتەوە و نیگای بە بوون و پرسیارەکانی، تووشی گۆڕان دێت. سۆنیایەک کە بۆ ئاسوودەییی باوکە بەردەوام مەستەکەی و بژێویی زڕدایکەکەی و مناڵەکانی ئامادەیە لەشی خۆی بفرۆشێت، کاتێک پرسی ئەڤینداریی ڕاسکۆلنیکۆڤی بکووژ دێتە گۆڕێ، بە دڵپاکی و لێبووردەیییەوە عاشقی دەبێت و هەموو ژیانی لە پێناوی ئەودا دادەنێت و تەنانەت بۆ ئاگاداریکردن لەو دەچێتە سیبری و لەوێ کار دەکات و هەموو ڕۆژێک سەری لێ دەدات.
دنیای خوشکی ڕاسکۆلنیکۆڤ کچێکە تژی لە فیداکاری بۆ براکەی و دایکی. لێرەشدا بەشێک لە کەسایەتیی دنیا لە ڕێگەی پێوەندیی ئەو لەگەڵ پیاواندا دادەڕێژرێت. دنیا دەکەوێتە گێژاوی دەربڕینی ئەڤین لەلایەن سێ پیاوی جیاوازەوە. چارەنووسی هەر کام لە لوژین، سڤیدریگایلۆڤ و ڕازومیخین بە جۆڕیک گرێدراوی ئەو پێوەندییەیە کە بە دنیاوە هەیانە. دواجار کە دنیا ڕازومیخین وەک هاوسەر هەڵدەبژێرێت، خوێنەر هەست بە ڕەوتی پێچەڵپێچی خۆشەویستی و کەسایەتی دەکات. ئەم هەڵبژاردنە لەڕاستیدا وەک ئاکامی ڕەوتێکی دوورودرێژی پێگەیشتن و پەروەردە خۆی دەردەخات و خوێنەر دەبێتە شاهیدی زیندووی ئەزموونەکانی دنیا.
لە برایانی کارامازۆڤیشدا پرسی ئەڤینداریی نێوان ژنان و پیاوان پڕە لە وردەکاریی کەسایەتییانە. ئەم پێوەندییانە زۆر دوورن لە ئەڤین و پێوەندییە ئوستوورەیی و ئەفسانەیییەکان. لەڕاستیدا ئەم پێوەندییانە دەبنە تەواوکەری چەندتوێژی و فرەلایەنیی کەسایەتییە ئافرێندراوەکانی نێو ڕۆمانەکە. کوڕی گەورەی بنەماڵەی کارامازۆڤ، دیمیتری، شیفتەی گرووشێنکای دڵڕفێن و پڕ لە ڕازە. ئەمە لە کاتێکدایە کە باوکی دیمیترییش لەگەڵ ئەم خانمە شۆخ و شەنگە لە پێوەندیدایە و ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ دنیای ئاڵۆزی نێوان باوک و کوڕ. ئیڤان کارامازۆڤ کاترینای نەجیبزادەی خۆش دەوێت کە پێشتر دەزگیرانی دیمیتریی برای بووە. وەک دەبینین پێوەندییەکان لە جیهانی داستایێڤسکیدا ڕێک وەک مرۆڤی سەردەمانی مۆدێڕن پڕن لە ئاڵۆزی و پێچەڵپێچیی و قۆناغی تاکڕەهەندییانەی کۆمەڵگەی نەریتییان جێ هێشتووە و لەودیو دنیای ساکاری ڕەش و سپێتیدا مۆرکی زەینی تێکەڵوپێکەڵی مرۆڤی سەردەمیان پێوە دیارە.
کۆتاییی ڕۆمانێک و دەستپێکی ڕۆمانێکی دیکە
ئەو کاتەی خوینەر دەگاتە دوا دێڕەکانی ئەم ڕۆمانە دوورودرێژە و سەرمەستی حاڵوهەوای ڕاسکۆلنیکۆڤە و پربەدڵ سۆنیای فیداکاری خۆش دەوێت، وەگێڕ باس لە ڕۆمانێکی دیکە دەکات و دەڵێت ئەو هەلومەرجە ڕوحییەی ئێستای ڕاسکۆلنیکۆڤ دەبێت ببێتە هەوێنی ڕۆمانێکی دیکە. کەم خۆێنەری جیددی هەیە بەدڵ ئاواتەخواز نەبێت هەر لەو دەموساتەدا ئەو ڕۆمانە تازەیە وەدەست نەخات و یەکسەر بڕیاری خوێندنەوەی نەدات. بەڵام ئەوە هێزی بێوینەی گێڕانەوەی داستایێڤسکییە کە ئەم هەستە لای خوێنەر دروست دەکات، ئەگینا ئەو هەرگیز ئەو کارە ناکات و درێژە بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ڕاسکۆلنیکۆڤ نادات. هەست دەکەی ئەم کارەش بۆ خوێنەر بەجێ دێڵێت و ئەو لە نێعمەتی ئافراندن و تاودانی ئەسپی خەیاڵەکانی بێبەش ناکات.
بەم جۆرەیە کە داستایێڤسکی دەبێت بەو کەسەی کە هەیە و “تاوان و سزاش” بەبەردەوامی لە پلە و پایەی خۆی لە ڕیزی دە ڕۆمانی سەرکەوتووی ئەم جیهانە دانابەزێت و خوێنەریش هەرگیز ناتوانێت خۆی لەژێر کارتێکەریی کەسایەتییەکانی ئەم ڕۆمانە دەرباز بکات.
سەرچاوە: ئەم بابەتە لە لاپەڕەی فەیسبووکی د. هاشم ئەحمەدزادە وەرگیراوە.