شەهلا کاوە
هەموومان ئەزانین کوردستان داگیرکراوە و دوژمن بەبێ ڕەزامەندی خەڵکی کورد لەسەری حوکم ئەکات، بەڵام نازانم هۆکار چییە کە زۆربەمان تەنانەت بە خەباتکاریشەوە لە پەل و پۆی ئەو داگیرکارییە کە هەموو جمگەکانی ئێمەی تەندۆتەوە بێ ئاگاین یان ئاگادارین و دەرەقەتی بەرەنگاری نایەین.
خاکی داگیرکراو هەر ڕۆژێ دێ ئازاد بکرێ بەڵام کۆمەڵگەی ئاسمیلەکراو زۆر ئەستەم بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی بۆیە پێش لە ئازادکردنی خاک هەوڵی چڕ و بێوچان لە هەمە جۆرە کوردبوونمان پێویستە.
داگیرکردن تەنیا خۆی لە خاکدا نابینێتەوە ئێمە گۆرانیمان، زمانمان، کەلتوورمان و… داگیر کراوە و هەموو هەوڵی سووک کردن و لە قەراخ هاویشتنی دراوە.
کەم نین ئەو لاوە کوردانەی ڕۆژانە گۆرانی فارسی و عەرەبی و …گوێ ئەگرن.
ڕۆتینی ڕۆژانەی زۆر کورد ئەبینم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە فارسی یان زمانی داگیرکەرن.
چ پێویست ئەکات بیرەوەرییەکی خۆت، نامەیەک بۆ دایکت، دەربڕینی سۆزێک بۆ خۆشەویستەکەت یان ئەوینی قووڵی مناڵەکەت و هەزاران گوزارشتی دیکەی ژیان ڕوو لە بەردەنگە کوردەکانت بە فارسی یان زمانێکی دیکە جیا لە کوردی بنووسی؟
دڵنیام پێویستە زمانی بێگانە و داگیرکەریش بزانین و بەسەریدا زاڵ بین تەنانەت پێشی قسەبکەین بەڵام کاتێک پەیام و نووسراوەیەکی سیاسیت بۆی هەیە و ئەتەوێ بەهێزەوە بەرپرچی بدەیتەوە و لە دەمی بدەی.
تایبەت بوونی بیرەوەری منداڵی و چێژ و خۆشەویستی حاشای لێ ناکرێ و هەمووان دیل و ئەسیری ئەو بیرانەین دیارە مناڵیی ئێمەیش لەژێر دەسەڵاتی نەخوازراوی ئەویتردا گیرمان خواردبوو.
جلوبەرگی قوتابخانە، زمانی وانە وتنەوە، شیعر و مەتەڵ کە هیچی هین خۆمان نییە و کەلتوور و زمانی ئەویتری لەلامان گەورە و بەنرختر لە هین خۆمان نیشانداوە بەڵام کە گەورە بووین خۆ وشیار بووینەوە بۆچی جێگۆڕکێمان بە خۆمان و ئەویتری داگیرکەر نەکرد؟
بەدرێژایی مێژووی کورد چەک هەڵگرتن بەدژی داگیرکاری و پێشمەرگایەتی جوانترین و بەنرخترین بەپەرچدانەوەی وەزعی موجودی کورد بووە بەداخەوە بەشێکی کەم لە میللەتی کورد ئەو بەشە بە پشوو درێژی ئەپێون ئەویش گەلێک هۆکاری هەیە کە پێموایە گرینگترینی دژواری ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتییە.
دەکرێت زۆر ئاسان و بەکەمترین تێچوو کوردستانی و کوردانە بژین، چۆن؟
گۆرانی و مۆسیقا هەستێکی هێمن کەرەوەیە کە تێکەڵاوی ڕۆح و دەروونی هەمووکەس بووە، مرۆڤ کە دڵخۆش ئەبێ بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ وزەی بەتاڵ ئەکاتەوە، کە خەمبار ئەبێ بە گۆرانی و مۆسیقا و زۆر جار کتێب خوێندنەوە و چاو کردن لە دراما کوڵی دڵی دائەمرکێنێ. ئەمانە هەموو ئەکرێ خزمەتیش بێ بە زمان و درامای کوردی ئەشتوانێ فەرامۆش کردنی زمان و کولتووری بەدواوە بێ و بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین.
هەندێجار کە لە کوردێک ئەپرسی بۆ ئەوندە زۆر گوێ لە گۆرانی غەیرە کوردی و بەتایبەت زمانی داگیرکەر ئەگری؟ لەوەڵامدا ئەڵێ “مۆسیقا سنووری نییە یان ئەڵێ خۆ ئەمە گۆرانی بێژێکە” بەڵام پێویستە ئەوەبزانین یەکەم: ئەو کارەی ئێمە خزمەتە بە زمان و فەرهەنگی ئەوان.
دووهەم: نیشانەی بێ بڕواییمانە بەخۆمان و کەم گرتنی زمان و فەرهەنگی خۆمان و لەبیرکردنیان.
لاوەکان سەلیقەی گوێگرتنیان جیاوازە بەڵام ئەگەر هیچ نەبێ ڕۆژێ جارێک بە منداڵەکانمان بڵێین کە ئێمە نەتەوەیەکین لەژێر هەڕەشەی سڕینەوەدا، هەتا ئێرە هاتووین و نەتواوینەوە و دیسانیش داگیرکەرانی کوردستان وازیان نەهێناوە بۆ لەناوبردنمان، بەردەوام ئەو ئەرکە نیشتمانییە بەجێ بێنین، کاریگەری خۆی هەر ئەبێ.
دوژمنی کورد ئەوەندە بە فێڵ و تەڵەکە و بێ ڕەحمی لێمان ئەڕوانێ کە هەمووشتێکی ئێمە و ئەوان سنووری هەیە بەڵام ئێمە لەبەر خۆ بەکەمزانینمان زۆر جار ئەو سنوورە نابینین.
فیلمگەلێکت بەناو تەنز کە فشە بە زمان، جلوبەرگ و کەلتووری ئێمەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران ئەکرێت هەرچەنێکیش تێچووی ببێ داگیرکەر درووستی ئەکات. …. .
پاراستنی شوناسی کوردستانیبوون نەسەختە و نە تێچووی قورسی هەیە چوونکە ئەکرێ بۆ نموونە لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ هاوبەشکردنی ڕۆتینی ڕۆژانەمان کوردی پەتی بنووسین و گۆرانی کوردی بۆ هاوڕێ و نزیکانمان دابنێین و بەئاشکراش بەلای سیاسەتدا نەچین (ئەمە بۆ هاوڕێیانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتە) بۆ ئەوەی تووشی کێشە و گیران و شکنجە نەبین کە ئیتر کوردی نووسین بۆمان بڤە بێت.
کاتێک ئەڵێین لاوەکان و هەستە دڵخۆشکەرەکانیان گۆرانی خێرای ئەوێ، منداڵی ساوا لای لایەو ئارامی ئەوێ بۆ گشت ئەمانە کورد دەوڵەمەندە، تەنیا گەرەکیە دایک وباوک و کەسێکی گەورەی پاڵنەر زانیاری دروست و یارمەتی بڕوا بەخۆبوونی تاکی کورد بدات.
دایکان بە لایەلایەی گەرمی کوردی ئەتوانن منداڵەکانیان هێور بکەنەوە کە ئەمە هەم ئەبێتە بیرەوەری شیرینی منداڵ بۆ گەورە بوونی و ئەویش دواتر ئەو گۆرانی و لایەلایەیە ئەکات بۆ منداڵی خۆی ئیتر ئاوایە پرۆسەی پاراستنی شوناس و بەرپەرچدانەوەی تووندی داگیرکەر کە ئەیهەوێ بمانفەوتێنێ.
هەمیش بەزمانی خۆت دواویت و ئەو وشە ڕەسەنە کوردییانەی لایەلایەی پێ کراوە پارێزراوە و نوێ بۆتەوە.
دیاردەیەکی دیکە کە مەترسییە بۆ لەناوچوونی جلوبەرگی کوردی.
گۆڕانکاری زۆر و زێدەڕۆیی لە دوورینی ئەو جلەیە لەلایەن هەندێک لاوی ئیستەوە کە بەداخەوە ئاوا بڕوات شێوازی ڕەسەن و ڕاستی جلی کوردی بەتەواوی لەبیر ئەچێتەوە.
ئازادی جل پۆشین ئەوە نییە کە مرۆڤ جلوبەرگێک کە تەنیا مڵکی تاک نییە و هین نەتەوەیەکە بەدڵی خۆی دەسکارییەکی زۆری بکات چوونکە ئەوە ئامانەتە لەدەستی ئێمە و ئەرکمانە وەکوو خۆی بیناسێنین بە نەسڵی دوای خۆمان. ئەو لاوە حەزی لە جلێکە کە تۆزێک زیاتر لە پێ و مل و گەردن یا هەر شوێنێکی دەربخات دەکرێ دەیان نموونە جلی بیانی کە هەیە لەبەری بکات ئیتر چ پێویست ئەکات جلە کوردییەکان بشێوێندرێ؟
شوناسی مرۆڤ بایی ئەوەندە بایەخی هەیە کە شانازی پێوە بکەی، بەتایبەت کورد کە نە داگیرکەر بووە نە ژینۆسایدی کردووە و سفاتی باشی یەکجار زۆرن.
ئەو قسەیە کە دەڵێ “پێی عەیبە بەجلی پارەوە ببینرێ بەڵام بەبیری کۆنی هەزاران ساڵەوە ئەژی و شانازیش ئەکات” بەداخەوە ئەو شتە یەکجار زۆرە.
پێشکەوتن و لەگەڵ گۆڕانی سەردەم بۆ ژینگەپارێزی، وەرزش کردن، بیری ئەرێنی بەنیسبەت ژیان و ڕووداوەکان، چالاک بوون و زانیاری درووست لەسەر ڕووداوەکانی جیهان و سیاسەتی دەوروبەر بە نیسبەت ئێمەی کورد، ئەمانەن پێشچوون نەک بەزمانی بێگانە دوان، جلی بێگانە بە جوان زانین و جلی خۆت شێواندن گۆرانی بێگانە گوێکرتن و گۆرانی خۆت بە دواکەوتووانە بزانی.
“من سیاسی نیم و کارم بە سیاسەت نییە” ئەو ڕستەیە لە زۆر کەس ئەبیسرێ بەداخەوە. کە کورد بووی بتەوێ و نەتەوەی سیاسەت کاری لە ژیان و گوزەرانت کردووە و سێبەری ڕەشی دایم بەدواتەوەیە.
ئەو کۆڵبەرەی کاری بە سیاسەت نییە و لەبەر نەبوونی بژێو و گەمارۆی ئابووری وڵاتەکەی کە بەرهەمی سیاسەتی چەوتی حکوومەتی داسەپاوەکەیە بۆ ئەکوژرێ؟ ئەو کچە کوردەی لە تاران(ژینا ئەمینی) خۆ کاری بە سیاسەت نەبوو بۆ کوژرا؟ ئەوەی ئەڵێ کارم بە سیاسەت نییە یان زانیاری پێویستی لەسەر شوناس و ژینگەی خۆی نییە یان ئەیەوێ دەست بە کڵاوەکەی خۆیەوە بگرێ با نەیبات” ئەگینا لەهەر سووچێک خۆی مات بکات سیاسەتی پیسی دوژمنی کورد هەر ڕۆژێ یەخەی ئەگرێ و ماڵوێرانی ئەکات.
کورد بوون و کوردستانی ژیان و بیرکردنەوە ئەگەر قورس بێ مەحاڵ نییە و تەنیا ڕێگای ڕزگاریمان لە ژێر دەستەیی و گەڕانەوەیە بۆ خودی خۆمان.