شەهرام سوبحانی
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵانبردنی شۆڕشەکە لەلایەن ئاخوندەکانەوە، هەوڵی چەوسانەوە و مێلیتاریزەکردنی هەموو شارەکان و نەتەوەکانی ئێرانیاندا، بەڵام کاتێک گەیشتنە کوردستان نەیانتوانیی ململانێ لە گەڵ حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کوردستان بکەن، هەر بۆیە بە دەرکردنی فتوای جیهاد و کوشتن و برین و سێدارە تەرکیز و هێزی خۆیان زیاتر لە بەرانبەر حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەکەی دا خستەگەڕ، تاکوو بۆ هەمیشە کۆتایی بە بزووتنەوەی کورد بێنن. چوونکە لایان ڕوون کە سەری بزووتنەوەکە و ئالاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی کورد، وەک هەمیشە حیزبی دێموکراتە، هەر بۆیە لەو کاتەوە هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی بە چاوێکی ئەمنییەتی و ترسەوە دەڕوانێتە حیزبی دێموکرات، کە ئەم هەموو ترسەی کۆماری ئیسلامی لە حیزبی دێموکرات، نیشانەی گەورەیی و پێگەی حیزبە کە هەر ڕۆژ ڕوو لە گەشەکردن دەکا. ئەو هۆکارانەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاندەدات کە زیاترین تەرکیزی لەسەر حیزبی دێموکرات بێ مانەوەی ئەو حیزبە لە گۆڕەپانی سیاسی دوای پتر لە ٧٨ساڵ خەباتە.
دیارە هەموومان باش ئاگادارین کە حیزبی دێموکرات بە تەمەنترین و بە ڕابردووترین حیزبی هەر چوارپارچەی کوردستان و ئێرانە، حیزبێک کە بۆ یەکەم جار توانی یەکەم دەوڵەتی مودێڕنی کورد لە بەشێک لە خاکی کوردستان دابمەزرێنێ. فەلسەفەی بوونی ئەم حیزبە خەبات بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەی کوردە، کە دەیان ساڵە لە تەوژمی هەورە برووسکەکاندا دەچەوسێتەوە، خەباتی نەتەوایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی حیزبی دێموکرات، بێ واتایە چوونکە بناغەدانەری یەکەمین جووڵانەوەکانی کورد. نەتەنیا لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، لەسەر ئەساس و دەسکەوتەکانی ئەم حیزبەوە سەرچاوەیان گرتووە. وەکوو دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان کە شوناسێکی نەتەوەی بە هەر تاکێکی کورد بەخشی کە دوای ڕووخانی کۆماری کوردساتنیش هێشتا وەک دەسکەوتێکی مێژوویی و بەرگێکی زێڕین لە مێژووی سیاسیی کورددا دەدرەوشێتەوە. حیزبی دێموکرات دەیان ساڵە بۆ دامەزراندنی کیانیکی سیاسی و سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد لە هیچ کەند و کۆسپێکی بەردەمی سڵی نەکردۆتەوە و بە گۆڕتر و شێلگیرتر لە هەمیشە درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی خۆیدا داوە. ئەوەش هۆی شانازی ئەو حیزبە بە دژی پارچەکانی دیکەی کوردستان هیچ هەڵسووکەوتێکی نەکردووە.
حیزبی دێموکرات ئەگەر بە کۆمەڵەی ژ.کافەوە حسیبی بکەین ٨٠ساڵە بێوچان ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوایەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و، هەر لەو کاتەوە هەتا ئێستا وەک یەکەم حیزبی سیاسی و شوێندار لە گۆڕەپانی سیاسیدا نەیهێشتووە بۆ تەنیا ساتێکیش ئەم ئاڵایە و خەباتە فەشەل بێنێ، ڕەنگە بۆ پاراستنی کەرامەت و شوناسی نەتەوەکەی و دەسکەوته مێژووییەکانی خۆی هەتا ئێستا نرخێکی قورسی دابێت، بەڵام توانیوێتی بەسەربەرزییەوە وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی نەتەوەکەی بێت و لە سەخترین قۆناغەکانی خەباتدا پارێزەری لە کەرامەت و غروری نەتەوەکەی بکا. دیارە لە خەباتی سیاسی خۆیدا سەختی و دژواری زۆری بە خۆییەوە بینەوە و بەسەر زۆر هەوراز و نەشیوودا تێپەڕیوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە سەرەڕای ئەم هەموو کەند و کۆسپانەی کە لەسەر ڕێگای بوون توانیوێتی هەم ئاڵاگری یەکەمی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت و هەم جێگە و پێگەی خۆی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا بپارێزێ.
لە ڕوانگەی پێگەی سیاسیی و جەماوەری حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات و لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە
ئەو حیزبە هەمیشە خۆشەویستی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی کوردستان بووە و ئەمە ڕیشەکانی حیزبی دێموکراتی لەنێو جەماوەری خەڵکدا پتەوتر کردووە. سەردەمانێک ئەگەر کۆماری کوردستان تەنیا خاوەنداریەتی بەشێک لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەکرد، تەنیا بەشێک لە خەڵکی کوردستان وەک حیزبی یەکەم چاویان لێدەکرد، ئەمڕۆکانە بە خۆشحاڵییەوە له سەرانسەری کوردستان لە ماکۆ تا دەگاتە قووڵایی خاکی کوردستان جێگە و پێگەی حیزب دەبینرێت جاران ئەگەر لە ئیلام و کرماشان خەڵک کەمتر ڕوویان لە حیزبە کوردییەکان دەکرد، ئەمڕۆ دەبینن کە پۆل بە پۆل لە لاوەکانی کوردستان بە حیزبی دێموکراتەوە پەیوەست دەبن و خۆیان بە بەشێک لەو حیزبە دەزانن کە بۆ بەرگری لە کەرامەت و مافە نەتەوایەتییەکانیان خەبات دەکا.
ئەم جووڵانەوەیە و ئەم وشیاریە نەتەوەیە کە سەرەڕای کوردستانی گرتووە و ئەو هەموو گوشار و سیاسەتە دژە گەلییانەی کۆماری ئیسلامی کە لە شارە ستراتیژیکەکانی کوردستان دەبیندرێت. دەرخەری سیاسەتی دروست و واقیع بینانەی حیزبی دێموکراتە کە هەر ساڵ زیاتر لە ساڵی ڕابردوو جێگە و پێگەی خۆی لەنێو خەڵکدا پتەوتر دەکا.
لێرەدا وتەیەکی دوکتور قاسملووی نەمرم بیر دێتەوە کە دەفەرموێ: سێ هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات بریتییە له: سیاسەتی واقیعبینانە و بە دوور لە خەیاڵات، دووهەم، پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، سێهەم، هەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.واتا بەم سێ هۆکارە حیزبی دێموکرات توانیویە لە ڕووی پێگەی سیاسیی و جەماوەرییەوە لە ئاستێکی بەرزی نێوخۆیدا خۆی ببینێتەوە، هەروەها ئەم حیزبە حیزبێکی ئایدۆلۆژیک نییە کە تەنیا تایبەت به چینێک یان توێژێکی کۆمەڵگە بێت بەڵکوو حیزبێکی نەتەوەیە کە دەرگای بەڕووی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی کوردستان ئاوەڵایە و هەموو کوردێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەتوانن خۆیانی تێدا ببینەوە، هەروەها گرینگترین پرس، لای حیزبی دێموکرات پرسی نەتەوەیی و شوناسخوازییە کە ئەمڕۆکانە وەک پرسی یەکەم نەتەنیا ڕۆژهەڵات بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەناسرێت. ئەم ئاکار و ڕەوشتە جوانانەی کە حیزبی دێموکرات بە درێژایی مێژوویی تەمەنی لە کارنامەی سیاسیی خۆییدا تۆماری کردووە، بووەتە هۆی دروست بوونی ئێعتبار و پێگەیەکی قایمی کۆمەڵایەتی کە ئەمڕۆکانە ئەو پێگەیە وەک هێزکی شوێندار و کاریگەر ڕۆڵ دەگێڕێ.
هەروەها دەمەوێ ئاماژە بەو خاڵە گرینگەش بکەم کە گرینگترین فاکتەری سەرکەوتن لە دنیای سیاسەت و ڕاکێشانی سرنجی زلهێزەکان بەلای خۆتدا، مەشرووعییەتی سیاسی نێوخۆ و دەرەوی وڵاتە، کە ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسی بیهەوێ لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە سەرکەوتوویی بێتە دەر، دەبێ لە قۆناغی یەکەم دا خاوەنی ئەم فاکتەرە بەهێزە بێت، چوونکە لە ڕاستیدا هێزی خەڵک و پشتیوانی خەڵکە، کە لە کۆتاییدا چارەنووسەکان یەکلا دەکاتەوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە گەورەترین شۆڕشەکانی دنیا بکەین کە هێزی خەڵک چۆن توانی سەرەڕۆیترین دەوڵەتانی دنیا لە بن بێنێ. وەکوو شۆڕشی فەڕانسە که بە پشتبەستن بە هێزی خۆیان توانیان دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆر بگۆڕن و بە جێگەی دەوڵەتێکی دێموکراتیک دابمەزرێنن کە فەڕانسەی ئەمڕۆی لێ بکەوێتەوە، جابۆیە مەشرووعییەتی سیاسیش پڕۆسەکی زەمانی و دڕێژ خایەنە کە دوای تێپەڕبوونی چەندین قۆناغی جۆراوجۆر دروست دەبێت. کە بە خۆشحاڵییەوە حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٧٨ساڵ خەباتی بێوچانی خۆیدا توانیویەتی ئەو فاکتەرە بەهێزە بۆ خۆی دەستەبەر بکات.
ئێستا لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش کە بۆ مەشرووعییەتی سیاسی حیزبێک دەتوانێ بۆ دەوڵەتێک مەترسیدار بێ؟
هەر وەک ئاماژەم پێکرد لە هەر شۆڕش و سەرهەڵدانێکدا هەمیشە هێزی خەڵک یەکلاکەرەوەی چارەنووسەکان بووە، لێرەدا ئاماژە بە وتەیەکی د. سادق شەرەفکەندی دەکەم کە دەڵێ: هیچ جووڵانەوەیەک بە ئاکام ناگات کە پشتیوانی خەڵکی لەگەڵ نەبێت، ئەم قسەیە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە پشتیوانی خەڵک چەندە دەتوانێ لەسەر جووڵانەویەک کاریگەری هەبێت، دەتوانین بڵێین کە ڕۆڵی سەرەکی شۆڕشەکانیش هەر ئەو خەڵکە گێڕاویانە، جا بۆیە ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسی بتوانێ لە قۆناغی یەکەم دا ئەو مەشرووعییەتە بۆ خۆی دەستەبەر بکات ئەوکات سەرکەوتنی زۆر بە ئاسانی مسۆگەر دەبێت. چوونکە ئەوکات وەک هێزێکی شوێندار و کاریگەر لەسەر شەقامەکان ڕۆڵی ڕێبەری و بەڕێوەبەریی جووڵانەوەکە وەئەستۆ دەگرێ کە ئاکامی ڕووخانی سیستەمی خاوەن دەسەڵات و دامەزراندنی نیزامێکی نوێیە، وەک ئەو ڕۆڵەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شۆڕشی ژینادا گێڕای، کە سەرەکی ترین پێگە و جوومگەکانی ڕێژیمی ولەرزە خست، تەناتەت دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵی تەواو بەسەر ئەو شۆڕشەدا هێشتا کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە وەکوو خۆی لێ بێتەوە. و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاستەنگێکی بەرین و قووڵتر هەنگاو دەنێ کە هیچ ئۆمێدێک بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتداری ئێران نەماوە. و ئەوەی هەتا ئێستا ڕێژیمی ڕاگرتووە زەبری چەک و کوشتن و بڕین و ئێعدام بووە کە ئەویش ماوەیەکی کاتییە و تا سەر ناتوانێ پێش لە ئیرادەی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئازادی بگرێ.
لێرەدا ئەم پرسیارەش دێتە ئاراوە کە بە پێی کام ئاکام و کردارێک بۆ کۆماری ئیسلامی ڕوون بووەتەوە کە هێزی سەرەکی و شوێندار لە کوردستان حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاماژە بە چەندین خاڵی گرینگ دەکەین کە یەکێک لەوانە بریتییە لە: بەشداری خۆبەخشانەی خەڵکی هەموو شارەکانی کوردستان، لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خەبات، تەنانەت خەباتی چەکداریش، هەروەها ئەمەگناسی و لەخۆبوردوویی و گیان فیدایی هەزاران لاوی کورد کە سینگی خۆیان لەو ڕێگا و ڕێبازەدا کردووەتە قەڵغانی بەرگری و کەرامەتی نەتەوەکەیان، تا نەتەوەکەیان کەش و هەوایەکی ئازاد بە خۆیەوە ببینێ، ئەمانە بۆ خۆی یەکێک لەو ئاکارانەیە کە بۆ کۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە حیزبی دێموکرات و ئەو حیزبانە چەندە شوێندارە و کاریگەر بوون لەسەر پرسی مافخوازی و جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
مانگرتنی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی بۆ لاواز کردن و بنبڕکردنی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان له کردەویەکی تێرۆریستی و لەپێشداڕێژراودا لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بە دەیان مووشەکی بالستیک بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە کۆیە کردە ئامانج، کە بەداخەوە لەو کردەوە تێرۆریستییەدا زەبرێکی قورس و گران وەبەر حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد کەوت کە بەداخەوە ٦ئەندامی ڕێبەری و دەیان کادر و پێشمەرگەی قارەمانی ئەم حیزبە تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون، ڕەنگە ڕێژیم بەم کردەوە تێرۆریستییە توانیبێتیی بەشێک لە هاوڕێیە قارەمانەکانمان لێ بستێنێ بەڵام ئەو ئامانجەی کە کۆتایی هێنان بە پرسی شوناسخوازی کورد بوو، قەت نەهاتە دیی و بە پێچەوانەوە حیزبی دێموکرات زیاتر لە جاران لە نێوخەڵکی خۆیدا دەنگی و ڕەنگی دایەوە، بۆ سەلمێنەری ئەم ڕاستییەش دەتوانین ئاماژە بە مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان بکەین کە چۆن خەڵکی ڕۆژهەڵات بە مانگرتنی سەرانسەری، پشتیوانی خۆیان لە حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی تری دژبەری کۆماری ئیسلامی دەربڕی و بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمان نیشان دا کە حیزبی دێموکرات و ئەو حیزبانە تەنیا لە دەرەوی سنوورەکان نین.
بۆ ڕەواییدان بەو ڕاستییە کە حیزبی دێموکرات هەموو کات لای کۆمەڵانی خەڵک خۆشەویست بووە دەتوانین ئاماژە بە «میتینگی سەد هەزار کەسی شاری مەهاباد» لە ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٨ بکەین
لە یەکەم میتینگی گەڕانەوەی حیزبی دێموکرات بۆ نێوخۆ و ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب لە ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٨ کە لە شاری مەهاباد بەڕێووە چوو. لەم میتینگەدا زیاتر لە سەد هەزار کەس لە سەرانسەری کوردستان بەشداری ئەو میتینگە بوون کە بە میتینگی سەد هەزار کەسی شاری مەهاباد ناسراوە.
لەو میتینگەدا سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور قاسملوو لە وتارێک دا خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕاگەیاند. تەنانەت کۆماری ئیسلامی لەو میتینگە لە ڕۆژنامەی ئیتڵاعاتی ئەو کاتی خۆییدا ڕایگەیاند کە دوو سەد هەزار کەس بەشداری ئەو میتینگە بوون، ئەم مەحبووبییەت و پێگە بەهێزیە دەرخەری ئەو ڕاستییە بوون کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی شوێندار و ڕێبەریی سەرەکی جووڵانەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵات، وتەیەکی جوانمان هەیە کە دەڵێ: «تاریخ دوبارە تکرار میشود» ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش باش دەزانێ کە حیزبی دێموکرات ئەو ماهییەتەی هەیە کە بە گۆڕتر لە ڕابردووی خۆی قۆناغێکی بەرینتر لە خەباتی خۆی وەگەڕ خاتەوە کە ئاکامی ڕووخانی یەکجاری ڕێژیم بێت هەر بۆیە زیاترین تەرکیزی لەسەر حیزبی دێموکرات و حیزبە کوردییەکانە، تاکوو دووبارە مێژوو دووپات نەبێتەوە.