کەم نین ئەو ژنانەی کە شوێنپەنجەیان لە کۆمەڵگەدا دیار بێ خاتوو شەهلا دەباغی یەکیک لەو ژنانەیە کە هەموو تەمەنی تێکۆشاوە تا یەکێک لەو ژنە شوێندانەرانە بێ و بە دەیان وتار و بابەتی لە ماڵپەڕ و نامیلکە و ڕۆژنامەی کوردیدا بڵاو بووەتەوە گۆڤاری «تیشک» یەکێک لەو گۆڤارانەیە کە خاتوو شەهلا یەکێک لە خاتوونی نووسەری ئەو گۆڤارەیە.
نوێترین کاری ئەدەبی خاتوو شەهلا کتێبێکە بە ناوی «برگی ڕزگای» بوو کە لە وتووێژێکدا لەگەڵ خاتوو گوڵالە شەڕەفکەندی باس لەو کتێبە و هۆکار و چوێنییەتی نووسینی کتیبەکەی دەکا.
وتووێژەکە لە تۆڕی میدیایی یووتیووب بڵاو بووەتەوە و هاوکارانی «گۆڤاری ژنان» زەحمەتیان کێشاوە و ئەو دەنگەیان بە شێوازی نووسین بۆ گۆڤاری ژنان دابەزاندووە.
گوڵالە شەرەفكەندنی: سپاس بۆ بەشداربوونی هەمووتان و سپاس بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و سپاس بۆ شەهلا کە دیسان هەموومانی لێک کۆ کردەوە. شەهلا دەباغی نووسەر، تیكۆشەر و تەنیا ئەندامی ژنی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشك، قەڵەمێكی بوێر كە ساڵانێكە قەڵەمەكەی بۆتە چەكی بەرگریكردنی لە كورد و پرسی كورد و ژنی كورد. بێترس و دڵەڕاوكێ و خاکەڕایانە ڕاستییەكان لە ئاوێنەی گێڕاوەكانیدا و لەڕوانگە تایبەتەكەی خۆیەوە دەخاتە سەر کاغەز و سەرنجی خۆێنەر بۆلای خۆی ڕادەكێشێ. شەهلا ماجسێتێری لە زانستیی ئەدەبی بە گۆشەنیگای جێندەری هەیە. تەواوی نووسینەكانیشی بە كراوەیی و بەبێ سانسوور دەردەبڕێ لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆر لە خاوەن خامەكان هەستەكانی خۆیان دەشارنەوە بەڵام شەهلا بێپەردە و زۆر ڕووت باسی هەستەكانی خۆی لە نووسینەكانیدا دەكات. وایە شەهلا؟
شەهلا : زۆر سپاس و پێزانین بۆ ئەم دەرفەتە و سپاسی تایبەتتر بۆ گۆڵاڵە كە من هەودای ئەم گفتگۆیەم بێدوودڵی پێ ئەسپاردوە و زۆر سپاس بۆ كتێبخانەی كوردی و هەروەها بۆ یەكییەتی ژنان بۆ ئەم دەرفەتە. دەمەوێ قسەكانم لەسەر كتێبەكەم بە شعێرێك دەست پێبكەم كە خاتوونێك لەناوخۆی وڵات دوای شەهیدبوونی شەهید شەماڵ یەكێك لە گیانبەختكردووانی شۆڕشی ژینا نووسی، دەست پێبكەم. ئەگەر وەبیرتان بێ ڤیدیۆیەك لەسەر شەهید شەماڵ بڵاوببووە كە گۆرانی “نازیلێ” دەڵێتەوە.
«شەماڵێك هەڵیكردوە
بەم نیشتمانەدا نازیلێ
بەم درەنگ وەختە ماچ دەستڕێ
وەك ئەوەی نیوەشەو دوایین درەفەتی ڕزگاری بێت»
بەرگی كتێبەكە هەر شەقامێكی شاری مهابادە كە دكتور ئازادی حوسێنپوور لەوێ شەهیدكرا. بەداخەوە زۆر هەوڵی دۆزینەوەی وێنەگرەكەشم دا بەڵام نەماندۆزییەوە. پێداگریم كرد كە هەمان وێنە بۆ بەرگی پەرتووكەكەم بەكاربێنم تا ئەوە کە تەڕحێکمان لە ڕووی وێنەکە لێدا و دوای چەند جار هێنان و بردن بۆ بەم ڕووبەرگە.
بۆ پرسیارەکەت: لە جیهانی مودێرندا لە بنەڕەتدا كاتێک مۆدێرنیتە دێـت، خۆی چونكە زیاتر لەگەڵ شاردا گرێدراوە، بۆ نمونە تیۆرییە كۆمەڵایەتی و ڕامیارییەكان زیاتر پەیوەندییان بە شارەوە هەیە، بۆ وێنە ئەگەر ڕەخنەگرانە تەماشای جیهانی ئەكادیمی بكەیت، بووتە شوێنی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات، بۆ نموونە عەرەبستان، ئێران و هتد پارەیەكی زۆر بەكاردێنن بۆ ئەوەی بتوانن جیهانی ئەكادیمی كۆنترۆڵ بكەن. مۆدێرنیتە هەمیشە ئەم دژایەتییە، ئەو دووبەرەکییەی هەبوو كە تۆ دەبێ لەلایەك مرۆڤێكی مودێرن بی و لە لایەكی تر دەبێ هەستەكانت كۆنترۆڵ بكەی و ببی بە مرۆڤێكی شاری. لەم نێوانەدا كۆمەڵێك لە هەستەكانی مرۆڤ گۆڕانكاریان بەسەردا هێنرا، بۆیە لە ڕاستیدا كاتێ من تەماشای ژیان دەكەم، دەبینم كە ژیان هەمیشە شتەكانی كاتین، خۆشی و ناخۆشییەكان كاتین، سامان كاتیە، هەژاری كاتیە هەرچەند لە ڕاستیدا ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا وانییە. بۆ نموونە جاران دەكرا تاكێك لە چینی هەژارەوە خۆی پێبگەینێت، بەڵام ئێستا بەداخەوە بەپێی دوایین توێژینەوەكان، ئەم هەڵكشانی چینایەتیە كەمتر ڕوودەدا و تاكەكانی چینی سەرەوە زیاتر دەتوانن درێژە بە خوێندنیان بدەن تا ئاستی دكتۆرا و منداڵەكانیشیان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەی داهاتوو دەتوانن باشتر بخوێنن.
بەڵام من لەم جیهانە مودێرنەدا هەوڵمداوە كە بۆخۆم بم. چونكە فەلسفەی ژیانم بەو شێوەیە كە شتەكان بە كاتی دەبینم. لە ڕاستیدا ژیانیش ئەو بایەخەی نییە كە ئەو ماسكەی لێبدەی، بۆیە بە واتایەك، هەوڵمداوە كە زۆر ماسكم نەبێ. ئەو بابەتەی باستان كرد كە لە نووسینەكاندا خۆم ڕووت دەکەمەوە، وایە، بۆ نموونە لە «شاتوو»دا زۆر شتم باس كردووە كە نەدبوایە باسیان بكەم.
گوڵاڵە: جۆرێكە لە ڕەچكەشكێنی. لە جیهانێكدا كە هەموو شتەكان لە ڕواڵەتدا بێ كەموكورتی و پێرفێكت بن، و ئەتۆش بەو جۆرەی كە هەیە باسیان بكەی بەبێ ترس لە دەرئەنجامەكەی.
شەهلا: نازانم ڕەچكەشكێنییە یا نا؟ بە دڵنیاییەوە كەسانی تریش هەن كە بە جۆری دیکە ڕەچكەشكێنی دەكەن. زۆر ژنی بەورە و نەترسمان هەیە، بۆ وێنە لە شۆرشی ژینادا دیمان. بەڵام نووسین لە بنەڕەتدا خۆی لەژێر دەمامكەوە ناكرێت چوونكە سروشتی نووسین بەو شێوەیە كە لە نێوان دێرەكانیدا، چەندین بابەت دەدركێندرێن كە ڕەنگە خودی نووسەریش ئاگاداریان نەبێت. بۆیە دواتر خەڵک بەپێی تێگەیشتنی خۆی و پاشخانی كەلتوری، سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆی، لێكدانەوەی بۆ دەكات.
گوڵاڵە: ئەمەیان جیاوازە، بۆ نموونە ئەتۆ كە دەقێكی ئەدەبی دەخوڵقێنی، ڕەنگە ڕووتبوونەوە بەشێك بێت لە خوڵقاندنی ئەو ژانرە، بەڵام لە ژانری كۆمەڵایەتی و سیاسیدا، لە ژانرەكانی دیكە جیاوازی ئەدەبیاتی نووسراو لە گەڵ ئەدەبیاتی زارەكی ئەوەیە كە تەنیا دێتە سەر زمان و لە كاتدا ڕەها دەكرێت و بۆت نییە هەڵەچنی بكەیت بەڵام لە ئەدەبیاتی نووسراودا بە شێوەیەك هەوڵدەدرێت دەستكاری بكرێـت تاكو ڕواڵەتەكە پەسەندكراوی هەموو كەسێك بێت.
ئەو پەرتووكە كۆمەڵەوتارە. وتارەكان لە ساڵانی جیاجیادا نووسراون، لە 2003ەوە خەریكی نووسینی ئەم وتارانەی. شەهلا هەمێشە دەڵێت: من وتارەكانم ناگۆڕم. پرسیار ئەوەیە كە زۆرجار گۆڕان بەسەر بیروبۆچوونی مرۆڤدا دێت. ئەم كۆمەڵەوتارانە وڵامێكن بۆ ڕووداوێكی دیاریكراو و تایبەت كە گرێدراوی كێشەكانی كۆمەڵگەن، سەبارەت بەو بابەت ڕات چییە؟
شەهلا: تیۆرییەك هەیە لە ئەدەبیاتدا كە دەڵێت نووسەر مافی ئەوەی هەیە كە هەموو شتەكانی خۆی بگۆڕێ. چوونكە گەشەدەكات و بیروڕای دەگۆرێت. بۆ نموونە كاتێ دەقێك لەسەر دنیای مەجازیدا دادەنێـت، دواتر دەستكاری دەکەی. بەڵام ئەوە زۆر گرنگە كە بۆ وێنە من لەم پەرتووكەمدا، یەكەمین وتارەكانم لە 2003دا سەبارەت بە مافی ژن، فیمێنیسم، ڕەگەز و دەسەڵات و هتد زۆر بەهێز نین لە ڕووی تیۆرییەوە، بەڵام بۆ كاتی خۆی واتە 2003 بۆ پرسی ژنان، جێندەر و فێمینیسم و پەیوەندی بە كوردایەتی خراپ نەبوون. لەم ڕووییەوە ئەم پەرتووكە بۆ خودی خۆم گرنگ بوو بۆ ئەوەی بزانم كە لە كوێیەوە بە كوێ گەیشتووم و چ گۆرانكارییەكەم تێدا بەدی هاتووە. یەكەمین وتارەكان لە سایتی دیمانەدا بڵاو دەبوونەوە، كە پەری شاكەلی و كاك مەجیدی ئەحمەدی دەیانگێڕا. لە سەرەتادا تەنانەت بە ناوی خۆم نووسینم بڵاو نەدەكردنەوە و وێنەی خۆشم دانەدەنا. تاكو پاش ماوەیەكی زۆر، لە كۆتاییدا كاك مەجید گوتی: وێنەیەكی خۆت دابنێت با خەڵك بزانێ كێ ئەم وتارانە دەنووسێت. ئەو كات لە كاتی نووسینی ئەم وتارانەدا، دەمخوێند و لەگەڵ ئایدیا و تیۆرییەكان ئاشنا دەبووم. وردە وردە بەردەوام بووم تا ساڵی 2019 و بووم بە ئەندام دەستەی نووسەران «تیشك». «تیشك» بۆ من بوو بە پلاتفۆرمێك كە تێدا بتوانم خۆم لە ڕووی هزرییەوە ساغ بكەمەوە. با بۆ مێژوو بڵێم كە هەموویان پیاون و زۆربەیان پلەی دكتۆرایان هەیە و كاری تیۆری باشیان كردووە. کاتێک كەسێك كە بە ناوی خوازراو بۆ وێنە لە سنە یا مەهابادەوە بابەتی دەنارد، بابەتەکەم دەخوێندەوە و من لەوێدا بە شێوەیەك كە لەگەڵ ئەو ڕەوتەدا ڕۆیشتم و گەشەم دەكرد. بۆیە «تیشك» بۆ من بوو بە ماڵێك كە من خۆمی تێدا ساغ بكەمەوە لە ڕووی تیۆرییەوە بە تایبەتی تیۆرییەكانی دژەكۆلۆنیالیزم و پۆست كۆلۆنیالیزم. بۆیە وتارەكانی دوای 2019 كە لەم پەرتووكەدا هەن هەموویان بە ڕۆانگەیەكی دژەكۆلۆنیالیستی نووسراون و لەوێدا بازدانێك كراوە بۆ بیروبۆچوونەكانی كۆن و ساڵانی 2003. دوای «تیشک» لە ڕووی هزرییەوە وتارەکان بە بۆچوونی دژەكۆلۆنالیستی زیاتر نووسراون و گرێدانێكی بەهێزتر و تۆكمەتر بۆ كوردایەتی و تیۆرییەكانی فێمینیسم كراوە. چوونكە ئێمە لە «گۆڤاری تیشك»دا، ئامانجمان و تەواوی هەوڵمان ئەوەیە كە ببێتە پلاتفۆرمێكی ڕەخنەگرانە بۆ هێنانە باسی سەرجەم ئایدیا و بیروبۆچوونەكان. ئێمە وتاری ئیسلامییەكانمان بڵاو كردۆتەوە. وتاری كەسێكی دژی كوردایەتیمان بڵاو كردۆتەوە وەك ئەوەی پێی وابوو كە سەربەخۆیی نەگونجاوە. بەڵام خودی گۆڤارێكی تیشك پلاتفۆرمێكە كە ئێمە بتوانین ڕەخنەگرانە دیالۆگێك دروست بكەین لە نێوان ئەو پرش و بڵاوییەی كە لە دنیای هزری كورددا هەیە. بۆ نموونە بێڕێزی كراوە، هەڕەشە كراوە، ئەو شتانەمان لە دەرەوە باس نەكردووە و من وەك دەستەی نووسەرانی «تیشك» بۆ یەكەم جارە ئەمە باس دەكەم. بەڵام هەوڵمان داوە كە بە ئەو هزرە كوردایەتییەی كە هەمانبوو كوردایەتی بكەین بەستێنێك بۆ ئەوەی كە فێمینیسم، یەكسانی و دادگەری كۆمەڵایەتی بێنینە بەر باس. بۆیە لە دەستەی نووسەراندا بۆ خودی خۆم، كوردایەتی بۆ من ئەو شتە نییە كە بیستوومە كە ئۆلتراچەپەكان باس دەكەن كە شەهلا ناسیۆنالیستە، یاخود ڕاستەكان دەڵێن شەهلا چەپگەرایە. بۆیە كوردایەتی بۆ من دەبێتە ئەو پرینسیپەی كە لەوێدا دادگەری كۆمەڵایەتی و یەكسانیخوازی جێندەری و كێشەی ڕەوای كورد كە سەد ساڵە ژێنۆساید دەكرێت، لە یەك گرێ بدرێن ئەویش بە دیدێكی ڕەخنەگرانە. كاتێ ئێمە باسی كوردایەتی دەكەین ئەوە نییە كە ئێمە لە «گۆڤاری تیشك»دا ڕەخنە لە كوردایەتی نەگرین، نەخێر ئێمە لە نێو دەستەی نووسەراندا ڕەخنەگرانە تەماشای خۆمان دەكەین و بابەتەكان هەڵدەسەنگێنین.
ئەگەر لە بیرتان بێت پەرتووكی كوردبوون لە چاپدرا كە بیرەوەرییەكانی كاپیتان حەمەدی مەولودی یە. من نزیكەی ٣٠ لاپەڕەم لەسەر ئەو پەرتووكە نووسی، ناوی وتارەکە «بركی كوردبوون» واتە ژانی كوردبوون بوو. جا بۆیە كاتێک ناوم بۆ پەرتووكەی خۆم هەڵبژارد، ناوم لێنا بركی ڕزگاری. ڕزگاری چ بۆ ژنان بێت چ كورد بێت، هەمیشە تێكەڵاوی ژان و ڕەنجە. ئێمە بە پرۆسەیەكی ژاندا تێپەر دەبین. ئەو پرۆسەیەی كە ئێمە لە بزوتنەوەی ژینادا شاهیدی بووین، نموونەیەك بوو. ڕۆژانە شاهیدی چ دەرد و چ ژانێك بووین! بۆیە پێموایە كە ڕزگاری هەمیشە تێكەڵاوی ژانە. وەك منداڵێكە كە لەدایك دەبێـت. منداڵ لەكاتی لەدایكبووندا بۆچی دەگری؟ چونكە تووشی گوشار و ژان و ئازار دەبێتەوە. بەڵام لە كۆتاییدا دێتە دنیا و لەدایك دەبێـت. لەدایكبوون هەمیشە ژانی لەگەڵدایە. بۆیە هەوڵمداوە بە شێوەیەك ئەم ژانە باس بكەم كە بەرەو ئازادی و ڕزگاری ئەگەر بڕۆین بە چ پرۆسەیەكدا دەرۆین بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست كە ئێوە باشتر دەزانن، ئەم ژانە زۆر بە ئازارترە.
گوڵاڵە: چەند خاڵی گرنگە كە ئاماژەت پێكرد و لە پرسیارەكانی منیشدا هەن، دەبێ بگەڕێنەوە سەریان. بەڵام با باسی ئینتێرسێکشنالیتی بكەین،Intersectionality دەگەرێتەوە ئەو جێگایەی كە چەند بابەت، پرینسیپ یەكتر دەبڕن. لە وتارەكاندا لە چەند جێگەدا باسی فێمینیسمی ڕەشپێست و سپی پێست دەكەی و تا ئەو جێیەی كە ژنی كورد لەگەڵ ژنی فارس بەراورد دەكەی لە ڕووی تێگەیشتن لە چەمكی دادگەرییدا. و لە چەند شوێندا لە سێ یا چوار لە وتارەكاندا باسی ئینتێرسكێشنالیتی دێنییە ئارا بە شێوەی جۆراوجۆر. لە شۆرشی ژینادا لە لاپەرەی 167 باسی ئەوەی دەكەی كە “ژن، ژیان، ئازادی” تێڕوانینێكی ئینتێرسێکشنالیتی نوێیە و لە سەر چەند ئەستوندەكی وەك سكۆلاریزم، ئازادی بیروڕا، دادی كۆمەڵایەتی و یاسایی، یەكسانی جێندەری، مافی چارەی خۆنووسین وێرای خۆشەویستی ئاو و خاك و هەوڵی ژینگەپارێزی. ئەو شتەی كەلە شۆرشی ژینا دا بوو چۆن دەكەوێتە خانەی ئەوە كە تۆ بەراوردی دەكەی، ئەو شۆرشە لە كوردستان لەگەڵ تاران؟
شەهلا: من پێڕانەگەیشتم ئەمڕۆ چاو لە کتێبەکە بکەمەوە بەڵام پێموابێ لە لاپەرەی 60دا، یا لاپەڕەیەکیتر، لێرەدا خاڵێكی یەكجار گرینگ هەیە كە هەم بەرواردێكم ئەنجام داوە لە نێوان فێمینیسمی ڕەشپێستانی ئەمریكا لەگەڵ فێمینیسمی سپی پێستان لە سۆید. بۆ نموونە لە فێمینیسمی ڕەشپێستەكاندا. ئینتێرسكێشنالیتی، خودی تیۆرییەكە ئەوەیە “كێمبرێلی کرینشاو” كە مامۆستای زانكۆیە، دەڵێ: ژنی ڕەش وەك ئەوەیە كە لە ناوەندی چوارڕیانێك وەستابیت و هەموو ئۆتۆمبیلەكان دێن و خۆت پێدادەكێشن. ئەوەی لە ڕوانگەی سكێسییەوە تەماشای دەكا، دەڵێت لە بەر ئەوەیە كە ژنە و ڕوانگەكانی تر نابینێت. ئەوەی كە سپی پێستە، دەڵێت چونكە ئەوە ڕەشپێستە واتە نژادەكەی، هەرچەند من لە پەراوێزێكدا ڕوونم كردۆتەوە كە باوەڕم بە نژاد نییە: ئێمە مرۆڤەكان چ ڕەش، ئەفریکایی، لاتین و هتد هەموومان وەك یەكین. ئەم وشەیە زۆر جار بە هەڵە بەكاردێـت. جا «كرینشاو» باس لەوە دەكات كە ئەو ژنەی كە لەوێ وەستاوە، تەنیا ژنبوونەكەی، یاخود ڕەشبوونەكەی نابێتە هۆكاری دانانی لەسەر چوارڕێیەکە، بەڵكو دەیان فاكتەری دیكە هەن كە كاریگەرن کە لە هەموو لایەكەوە خۆت پێدادەدەن. بەڵام سەبارەت بە ژنانی سۆید و لە ڕوانگەی هێندێک فێمینیست لە سۆید، زۆر باسی پێگە یا چینی كۆمەڵایەتی ناكەن. بەڵام لە ڕوانگەی منەوە، پێگەی كۆمەڵایەتی یەكجار گرنگە. بەردەوام باسی دەكەم و بڕوام وایە كە گرفتی دادی كۆمەڵایەتی، ڕەگەز، كوردایەتی، هەمووی ئەوانە بە یەكەوە گرێدراون. بۆ نموونە لە مەریوان ئەگەر لە بیرتان بێت، ژنێك خۆی فرێدا. دواتر چەندین چیرۆك هەبوو كە هەندێ كەس دەیانوت كە هاوسەرەكەی لە ماڵ نەبوو یا شتی تر. بۆیە كاتێک تەماشای ئەم جۆرە كەیسە كۆمەڵایەتییانە دەكەین، [با باسی ئەوەش بكەم كە من هەمیشە لە ڕوانگەی كۆمەڵایەتییەوە هەڵسەنگاندم كردووە بۆ نموونە من تەنانەت كوردایەتیشم لە ڕوانگە كۆمەڵایەتییەوە واتە لە دیدی ئەو تیۆرییانەوە كە دەڵێت: دەق ئاوێنەی كۆمەڵگایە، لە دەقدا دەتوانی بزانین كە لە سەردەمی كۆماردا چ ڕوویداوە؟ كاپتان حەمەدی مولودی چی باس كردووە؟ من و تۆ كە ئێستا لێرە دانیشتووین، بابەتێك دەنووسین، بیست ساڵی تر خەڵكی چۆنی لێكدەداتەوە] گرنگ ئەوەیە كە ئینتێرسكێشنالیتی بە باشی لێك گرێ بدەی: بتوانی هەم پرسی چینی كۆمەڵایەتی باس بكەی، هەم ڕەگەز باس بكەی و هەم پرسی نەتەوەیی باس بكەی. ڕەنگە لای هەندێ كەس، گرفتی نەتەوەیی لە پێشتر بێت و باس لەوە بكات كە لە ئێستادا پرسی ڕزگاری نەتەوەیی گرنگترە. من وڵامم داوەتەوە كە لە ئێستادا ناتوانی ڕزگاری نەتەوەیی لە پرسی ژن جیابكەیتەوە. چونكە پرسی ژن وا تێكەڵاوی ئەم گرفتە بووە كە لە بنەڕەتدا لێك جیاكردنەوەی نامومكینە. شۆرشی ژیناش ئەمەی پێ گوتین. لەم شۆرشەدا لە گەڵ ئەوەی كە پرسی ژن بەم شێوەیە تێكەڵاوی پرسی نەتەوەییە بەڵام دیتمان كە چۆن ژنان لادران. ئێوە خۆتان لە ڕێبەری دابوون، دەنگت بە چەند جێگا ڕاگەیشت و چەند توانیت قسە بكەی؟ ئەو دەنگە بەرزبووە كە دەنگی دەسەڵات و نەتەوەی باڵادەست بوو. تەلفزیۆنەكان…
گوڵاڵە: نا وێرژنێكی دەدا كە وێرژنێكی ژنانە نەبوو.
شەهلا: وێرژنێكی نیشان دەدا كە ژنانە نەبوو، رەزا پەهلەوی گەورەكرا، ئەوی دیكە گەورەكرا. سیمایەكی وا نیشاندرا كە منی كوردیش بەشێكم لە تاران! تارانێك كە هەرگیز بە دەنگی ئێمەوە نەهات. بۆیە ئەوە یەكجار گرنگە. من لە بیرمە كە جارێك لە گەڵ خاتوو “جەمیلە حەسەنخالی” و تۆ، لە سەر شەقاو گفتگۆمان دەكرد. من پێداگریم دەكرێت كە ژنی كورد دەبێ دەنگی خۆی هەبێ و بتوان لە خۆپێشاندانەكاندا، لەسەر شەقامەكان ڕیبەری بكات و حیزبە كوردییەكان وەكو كارتێك سوودی لێوەربگرن كە نەیانكرد. بۆیە لەم ئینتێرسكێشنالیتی یەدا كە بگەڕێننەوە سەری، دەبێ بە باشی بزانین كە پێگەی ژنی كورد لە ئێستادا لە كوێیە؟ لە سەركردایەتیدا لە كوێ یە، لە رێكخستندا لە كوێیە؟ بۆ دەبێ لە دەستەی نووسەرانی گوڤارێكدا تەنیا یەك ژن هەبێت؟ بۆ؟
گوڵاڵە: تەنانەت لە هەڵسەنگاندنی شۆرشی ژینادا دەوترێت كە جیاوازی شۆرشەكە لە گەڵ گشت شۆرشەكانی پێشووتر، ئەوەیە كە دەتوانێ پەل بهاوێژێ و گەشە بكات. لە تاران نەبوو، بەڵكو داینامۆكەی لە كوردستان بوو، لەوێڕا وردە وردە بە ئێراندا بڵاو بووە، بزوتنەوە دواتر گەیشتە تاران. بەڵام تۆ باس لەوە دەكەی كە ناوەرۆكی شۆرشەكە لە كوردستان جیاوازە. لە بنەڕەتدا وەك ئەوە نیە كە لە تاران هەیە. بە هۆی ئەم جیاوازییانە، هەر كاتێ بە نیازی كە فێمینیسم و ناسیۆنالیسم بە یەكەوە ئاشتی بدەی، لە زۆربەی ئەم وتارانەی پەرتووكەتدا هەیە، تۆ چۆن ئەم دوانە بە یەكەوە ئاشتی دەدەی؟
شەهلا: نا، ئاشتكردنەوە نا! بەڵكو ئەركی ناسیۆنالیسم ئەوەیە كە فێمینستەکە بەلاوە نەنێت. ئەوەی كە لە تاران ناتوانێ دەنگی من بێت و لە جۆرێكی ترە، بە هۆی ئەو پێرسپەكتیڤە كۆلۆنالیستییە. من كاتێ تەماشا دەكەم تەنانەت ئەگەر لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووش نەبێت و تەنیا باس لە 2022 تا ئێستا بكەین، بینیمان كە چۆن شۆرشی ژینا دەستبەركرا، بینیمان كە چۆن دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» كرا بە «زن، زندگی، ازادی»! یاخود «مرد، میهن ابادی». ئەگەر تەماشای بكەی تەنیا دەوڵەت و نەتەوەی باڵادەست و هێژمۆنی ئەو باس دەكرێ. «ژینا» بووە بە «مەهسا»، دەبێ بە زۆر و ململانێ تۆ باس لەوە بكەی كە ئەو كچە خۆی لە گرتەڤیدئۆیەكدا دەڵێت من ناوم ژینایە. خۆ تۆ ناتوانی ئەوە لە مرۆڤێك بستێنی! ئەو خۆی باس لەوە دەكات كە ناوی «ژینا ئەمینی»یە. كەچی كردیان بە «مەهسا». شۆرشەكەیان دەست بەردا گرت. تۆ لێرەدا وەك «فانۆن» دەڵێت ئەو ڕوانگە دژەكۆلۆنیالیستیە یاخود پۆستكۆلۆنالیستەیە دێنە ئاراوە. ئەوان بەنیازبوون لە هەر ئێرانییەك، ئێرانیترمان بكەن. كە دەڵێت: «ئەتۆی رەشپێست دەبێ فەرانسەوییەك لە سپی، سپی تر ببینی”». بۆ ئەوەی كە بتوانێت ڕەوایی خۆی بسەپێنێت. من دەڵێم: نامهەوێ كە لە تۆ سپی تر بم، نامهەوێ لە تۆ ئێرانی تر بم. من دەمهەوێ كورد بم و بە ماف و داواكانمە. با باسی ئەوەش بكەم كاتێ پرسیارت كرد كە چۆن تەماشای ئیدیۆلۆژییەكان دەكەی؟ من لە ڕاستیدا خۆم لە چوارچێوەی ئیدیۆلۆژییەكی تایبەتدا نابینمەوە. ناسیۆنالیسمیش بۆ من هەمیشە پرۆژەیەكی پیاوانە بووە. لە ئەرووپاشدا پیاوانە بووە لە كوردیشدا پیاوانە بووە. پرۆژەیەك کە خۆی لە ئەلمان لە نازیسم و فاشیسم نزیك كردۆتەوە. دیسان دەگەڕێمە سەر «گۆڤاری تیشك»، یەك شت كە زۆرجار ئێمە هەڵوێستەی لەسەر دەكەین ئەوەیە كە كوردایەتی ئێمە هەرگیز خۆی لە فاشیسم و ڕاسیسم نزیك نەكاتەوە. هەرچەند لە ڕاستیدا ئێمە لە پێگەیەكی لاوازداین و بە شێوەیەكی سروشتی و لە بنەمادا ناتوانین بە واتایەك ڕاسیست بین چوونكە دەسەڵاتمان نییە. سبەی ڕۆژ ئەگەر ئێمە دەسەڵاتمان هەبێت، لەوانەیە ئێمەش بەرەو فاشیسم بڕۆین. لەم بواردەدا دەبێ لە ڕووی تیۆرییەوە هۆشیار بین. بۆ نموونە ئێستا بیرمەندێكی کورد لە ئەمریكا هەیە، “دكتۆر ئەحمد” كە خەڵكی كەركووكە و پەرتووكێكی هەیە كە تێدا زۆر با باشی باسی ئەم بابەتە دەكات. بۆیە یەكجار گرنگە كە لەو تیۆرییانەدا هۆشیار بین كە سنوورەكان لە كوێین؟ تۆ نەتەوەیەكی كە ئەوەند ستەمت لێكراوە كە بە شێوەیەكی سروشتی بۆ نموونە ئەگەر سبەی ڕۆژ، كەسێكی وەك “خامنەیی”یت دەست بكەوێ ڕەنگە دە شەقی لێبدەی یاخود خەڵك هەبێ بڵێ بیكوژێت. یاخود بڕوانە چۆن كاتێ “ابراهیم رئیسی” مرد، خەڵك شادیان دەربڕی! بەڵام گرنگە كاتێ كە دەسەڵاتت گرتە دەست، تەنانەت ئەگەر ئەو “خامنەیی” و “رئیسی”یت وەبەر دەست كەوت، ئایا باوەڕت بە مافەكانی مرۆڤ دەبێت؟ ئێعدامی دەكەی؟ دەیكوژی، بەر شەقی دەدەی؟ یاخود دەیبەیە دادگایەكی دادپەروەرانە؟ بۆیە دیسان جەخت لەو دیدگا ڕەخنەگرانە دەكەمەوە كە پێویستە ئێمە هەمان بێت.
درێژەی ئەو وتووێژە لە ژومارەی داهاتووی گۆڤاری ژناندا بڵاو دەکەینەوە