نەسرین یوسفزادە
توندوتیژیی دەوڵەتی دژ بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی لە ئێران لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا دیاردەیەکی ئاڵۆز بووە کە لە سیاسەت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیای جیاوازدا سەرچاوەی گرتووە. ئەم توندوتیژیە شێوەی جۆراوجۆر دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەنجام دەدرێت. لێرەدا باس لە چەند لایەنێکی گرینگی ئەم مەسەلەیه دەکەم.
یەکەم، سەردەمی پێش شۆڕشی ١٣٥٧ـه. لە سەردەمی قاجار هەتا سەردەمی پەهلەوی یەکەم:
لەو ماوەیەدا، ژنان زۆرجار لە پەڕاوێزی سیاسەت و کۆمەڵگەدا بوون. مافەکانی ژنان سنووردار بوو بە دابونەریتی خێڵەکی و ئیسلامی کۆمەڵگە بەتەواوەتی پیاوسالار بوو و ئەوە پیاوان بوون قسەی یەکەمیان دەکرد و لێرەدا دەگمەن بنەماڵەگەلێک بوون کچیان بنێرنە قوتابخانە و یان ژنیان لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەرکەوێ.
سیاسەتەکانی وەک لابردنی حیجاب بەزۆرەملێ لەلایەن ڕەزاشا، بە ئامانجی مۆدێڕنکردنی کۆمەڵگە فشارێکی زۆری خستەسەر ژنانی نەریتخواز و کێشەی کۆمەڵایەتی دروستکرد. ڕەزاشا بەبڕیاری کەشفی حیجاب واتە لابردنی سەرپۆش، بووە هۆی ئەوەی ژنان و کچان لە بنەماڵە باوەڕمەند و ئیسلامییەکان نەیەنەدەرێ و بەڕێژەیەکی بەرچاو خوێندنگە و زانکۆ و بەتایبەت کۆمەڵگە ژنی لێنەما و ئەوە خەسارێکی گەورە بوو کە لەو سەردەمەدا لە خەڵک و حکوومەتی ئەوکاتی ئێران درا.
لە کاتی فەرمانڕەوایی پەهلەوی دووەم واتە محەممەدڕەزای پەهلەوی، هەوڵ درا بۆ چاکسازیی یەکێک لە مافەکانی ژنان، وەک مافی دەنگدان، بهێننە بەرباس و لە ساڵی١٣٤١هـ (١٩٦٢ز.) لە ئێران مافی دەنگدان بە ژنان بەخشرا. ئەم ڕووداوە بەشێک بوو لە «شۆڕشی سپی» محەممەدڕەزای پەهلەوی.
لەم چاکسازییانەدا ژنان مافی بەشداریی لە هەڵبژاردندا هەبوو و مافی ئەوەیان هەبوو خۆیان بەربژێر بکەن و ئەوە بووە هۆی تووڕەبوونی ئایەتوڵڵاکانی قوم و مەشهەد. پێدانی مافی دەنگدان بە ژنان لەو کاتەدا لەلایەن هەندێک گرووپی ئایینی دژایەتی لەگەڵ دەکرا بەڵام دواجار لە ڕیفراندۆمی شۆڕشی سپی لە ساڵی ١٣٤٢ پەسەند کرا و بۆ یەکەم جار ژنان لە ئێران توانیان بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن. لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٤٣ بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی بوو کە ژنان و پیاوان وێڕای یەک چوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیان بەو کەسەی کە خۆیان دەیانویست دا.
لەگەڵ ئەوەشدا، فشاری سیاسی و سەرکوتکردنی ژنانی بەرهەڵستکار، وەک چەپ و چالاکوانانی ئایینی، بەشێک بوون لە توندوتیژیی دەوڵەتی و ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە کوردستان نێزیکەی بیست ساڵ پێشتر واتە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا لە کۆماری کوردستاندا بە بڕیاری پێشەوا قازی محەممەد حیزبێک بە ناوی «حیزبی دێموکراتی ژنان» کە دوایی بووە «یەکیەتیی یایان» و ئێستاش بە ناوی «یەکیەتیی ژنان» کار دەکا، دەمەزرا و هەر ئەوکات ژنی کورد لە کوردستان بیست ساڵ پێش ژنانی دیکەی ئێران بوون. لەو سەردەمدا بوو کە ژنانی فارس لە نێو سینەماکاندا خۆیان بینییەوە و تەنانەت ئەوەش بەشێوەیەک پێشێلکردنی مافی ژنانی لەگەڵ بوو چونکە زۆربەی ئەو ژنانەی کە لە نێو فیلمەکاندا ڕۆڵیان دەگێڕا کەڵکاوەژووی جنسییان لێدەکرا و بەشێکیان دوای شۆڕشی گەلانی ئێران نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ سینەما و ئیتر خانەنشین کران.
دوای شۆڕشی ئیسلامی، سیاسەتەکانی ئێران دژی ژنان کاریگەریی زۆری ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی هەبوو. سنووردارکردنی توند لەسەر مافە مەدەنییەکان، وەک هەڵوەشاندنەوەی مافی دادوەری ژنان و سنووردارکردنی توند لەسەر دامەزراندنی ژنان لە پۆستە دەوڵەتییەکان و سنووردارکردنی هەلی کار بۆ ژنان. واتە ژنان لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ەوە بەرەو پێشکەوتن نەدەچوون و ڕێژیمی تازەی ئێران یەکەم هەنگاوەکانی بەپێشێلکردنی مافی ژنان دەستپێکرد. لێرەدا ئەگەر ئاوڕێک لەو مافانەی ژنان بدەینەوە کە دوای هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمە لێیان زەوت کراوەو باسێکی لەسەر بکەین دەبێ بڵێین مافی ژنان لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا بەچەندین شێوە پێشێل کراوە.
یەکەم بەشێوەی قەدەغەکردنی ئازادیی لەبەرکردنی جلوبەرگ کە لەسەرەتای دامەزرانی ئەو حکوومەتە و هاتنە سەرکاری خومەینی و بڕیاری سەرپۆشی زۆرەملێ بووە هۆکاری ئەوەی سەدان ژن بە دژی بوەستن و نەیانهەوێ ئەو یاسایە قەبووڵ بکەن یان ئەوەی بۆ هەمیشە چوونەوە سووچی ماڵێ و یان ئەوەی ڕێگەی هەندەرانیان گرتەبەر و زێدی خۆیان بەجێهێشت.
بەپێچەوانەی حکوومەتی ڕەزاشا کە لەوێدا خەریک بوون پۆششیان لەسەر ژنان بە زۆرەملێ لادەبرد ئەمجار حیجاب بە تەواوی بووە زۆرەملێ و کۆنتڕۆڵی تەواو لەسەر جەستە و جلوبەرگی ژنان کرا. لەلایەکیترەوە ژنان تووشی سەرکوتی سیاسی بوون و حکوومەت دەستیکرد بە دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی ژنانی بەرهەڵستکار و جیابیر بەتایبەتی لە ساڵانی دەیەی شەستی هەتاویدا ژنانێکی زۆر لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دوای ئەوەی دەستدرێژی جنسییان لەسەر دەکرا، لەسێدارە دران. لەساڵانی پێشوودا سەرکوتکردنی ناڕەزایی ژنان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ١٣٨٨ و کوژرانی کچی تارانی ندا ئاقاسوڵتان و دەیان کچ و کوڕیتر دەستپێکی بزووتنەوەکانی ژنان لە ئێران بوو کە حکوومەت بە بەردەوامی بە چەکی دژەمرۆیی ڕووبەڕووی ناڕازییەکانی خۆی بووەتەوە.
زیادبوونی بزووتنەوەی ژنان:
ژنان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی ئێران، سەرکردایەتی خۆپیشاندان و گۆڕانی کۆمەڵایەتییان کرد وەک بزووتنەوەی «منیش» و «چوارشەممەی سپی». سەرکوتکردنی ئەم خۆپیشاندانانە بە توندوتیژیی دەوڵەت و دەستگیرکردن و قەدەغەکردنی چالاکی ڕووبەڕوو بووەوە.
خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە:
بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە خەرمانانی ١٤٠٠ نموونەیەکی بەرچاوی توندوتیژیی سیستماتیک دژی ژنان بوو کە ناڕەزایی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
وەک هێمای بەرگری، ژنان ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی توند بوونەوە، لەوانە بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی و جنسی لە گرتووخانەکان.
جۆرەکانی توندوتیژی دەوڵەت دژی ژنان بریتین لە:
توندوتیژی جەستەیی:
سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانیان.
توندوتیژی یاسایی:
دەرکردنی یاسای سنووردار، نایەکسانی لە دادگا دادوەرییەکان.
توندوتیژی یاسایی تاکی و بنەماڵە:
یاسای نایەکسان لە بواری هاوسەرگیری، تەڵاق، بەخێوکردن و میرات. سزاکانی وەک بەردباران و قامچی بۆ «تاوانی ئەخلاقی».
توندوتیژی کۆمەڵایەتی و کەلتووری:
پڕوپاگەندەی حکوومەت دژی ژنانی سەربەخۆ و فێمینیست لە ئێراندا و نەهێشتنی هەر شێوە جووڵانەوە یان کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی پەروەردەی ژنان لەو وڵاتەدا جگە لەوانەی کە خۆیان هەڵیانبژاردوون و لە دارودەستەی خۆیانن واتە ئەو ژنانەن کە پەسندی «بەیت-ی ڕەهبەری»ن.
توندوتیژی ئابووری شێوازێکیتری توندوتیژییە:
سنووردارکردنی کار و کەمبوونەوەی دەستگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان و نەبوونی داهات بۆ ژنان و لەژێر سایەی ئەو حکوومەتە کە بۆ ڕاگرتنی ژیانێکی سێ کەسی پێویستە لانیکەم دوویان کار بکەن تا بتوانن دەرەقەتی بژیو بێن. ئەوە هیچ کە هەلی کار بۆ ژنان کەمە، ئەگەر ژنێکیش لە شوێنیکی حکوومی یان کەرتی تایبەت دامەزرێ زۆربەی کاتەکان تووشی گێچەڵی جنسی دەبێتەوە.
کاریگەریی ئەم توندوتیژیە لەسەر کۆمەڵگە:
دروستکردنی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی، ناڕەزایی ژنان و پیاوان لە دژی ئەم توندوتیژییانە لە ئێران و ناوچەکە بۆتە سیمبولی گۆڕانی کۆمەڵایەتی.بەهێزکردنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و فشاری دەوڵەتانی جیهان بۆ مافەکانی ژنان لە زیادبووندایە.گۆڕانکارییەکانی نەوەی نوێ و لاوان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای مافی یەکسان و ئازادی زیاتر دەکەن و بەدڵنیاییەوە ئەوە لاوان و ژنان و کچانی ئێران و کوردستانیش دەگرێتەوە. توندوتیژیی دەوڵەت دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی لە ئێران، کێشەیەکی سیستماتیک لە پێکهاتە و ئایدیۆلۆژیا و سنووردارکردنی دەسەڵاتدایە. هەرچەندە لەماوەی ئەم سەد ساڵەدا ژنان سەلماندوویانە دەتوانن بەرەنگاری ئەم توندوتیژییانە ببنەوە و ببنە سیمبولی تێکۆشان بۆ ئازادیی و یەکسانیی.