پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کورستان بە بۆنەی ٢٤ی رەشەممە، ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکیەتی ژنان

AddThis Social Bookmark Button

پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کورستان بە بۆنەی ٢٤ی رەشەممە، ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکیەتی ژنانسەرەتا بە بۆنەی ٧١ه‌مین ساڵرۆژی دامەزرانی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی پیشکەش بە هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی ژنانی مافخوازی کوردستان و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتی ژنان دەکەم.

٧١ ساڵ بەر لە ئێستا لە هەل و مەرجێکی سیاسی مێژوویی تایبەتدا کە بۆ جووڵانەوەی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات دا رەخسا و بەرهەمەکەی بوو بە دامەزراندنی یەکەمین کۆماری دێموکڕاتیکی کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوای نەمر قازی محەممەد. کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگی دەستەڵاتی پڕئەزموونی خۆیدا گەلێک دەستکەوتی گەورەو بە نرخی لە مێژووی رزگاریخوازی نەتەوەکەماندا تۆمار کرد. یەکێک لەو دەستکەوتە بەنرخانە دامەزراندنی رێکخراوی یەکێەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بوو.
دامەزراندنی رێکخراوی تایبەت بە ژنان لەو سەردەمە دا کە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی‌و کۆماڵگای کوردستان بە تایبەتی زۆر سوننەتی و لە باری فەرهەنگی‌و کۆمەڵایەتی‌و سیاسیەوە لەو پەڕی دواکەوتوویی دابوو، وەک دەرفەتێکی زێڕین لە بەر دەم ژنانی کورد دا کرایەوەو ژنان توانیان بۆ یەکەم جار داخوازییەکانی خۆیان بێننە گۆڕێ‌و لە تەشەکوڵی تایبەت بە خۆیان دا بۆ ئامانجەکانیان تێبکۆشن.
هاوکات دامەزراندنی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لەو هەل‌و مەرجە سیاسی‌و کۆمەڵایەتیەی ئەو کاتدا بە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرینگ و نوێ لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردو بەتایبەتی خەبات و تێکۆشانی ژنان دێتە ئەژمار. ئامانجەکانی دامەزراندنی ئەم رێکخراوەیە هەوڵدان بوو بۆ رێکخستن و گەشە پێدانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ژنان و هاندانیان بۆ بەشداری کردنی چالاکانە لە پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیەکاندا.
جێی خۆیەتی لەو بۆنە پیرۆزە دا سەری رێزو وەفا بۆ دامەزرێنەری یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوای نەمرو مەرحوومی مینا خانمی قازی یەکەم بەرپرسی ئەو رێکخراوەیە دانەوێنین.
ژنانی مافخوازو تێکۆشەر!
لە کاتێکدا یادی دامەزرانی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان دەکەینەوە کە جیهان بە گشتی‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، بە قۆناغێکی سەخت‌و دشوار دا تێدەپەڕێ. تێرۆریزمی نێودەوڵەتی لە ژێر ناوی جۆراجۆر دژایەتی هەموو نەتەوەو ئایینێک دەکاو لە هەر جۆرە کردەوەیەکی دژی ئینسانی کەڵک وەردەگرێ. کوشت‌و کوشتاری خەڵکی بێدیفاع لە لایەن ئەو رێکخراوە تێرۆریستانەوە بۆتە هۆی کۆچی بە کۆمەڵی مرۆڤەکان بە تایبەتی لاوەکان. بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵات بە ئاقارێک گەیشتوە کە دەوڵەتەکان تەنانەت بیر لە گۆڕینی نەخشەی جۆغرافیایی ناوچەکە بکەنەوە. خەبات و تێکۆشانی ژنانی جیهان شکڵێکی نوێی بە خۆیەوە گرتوە و ژنانی کورد زیاتر لە پێشوو لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی لە مەیدان دان‌و لە هەموو دامەزراوەکان رۆڵی بەرچاو دەگێڕن‌و شان بە شانی پیاوان بەرەو پێش دەڕۆن.
هاوکات خەباتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای بەربەستەکان‌و سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی، وێڕای خەبات‌و تێکۆشانی ژنانی ئێران بۆ گۆڕینی یاسای دژە ژنی کۆماری ئیسلامی بەرچاو بووەو هەموو کات پێشەنگی بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی لە وڵات دابوونەو خۆڕاگرانە بەربەرەکانی بۆ مافە رەواکانی خۆیان دەکەن‌و لە پەنا ئەوەش دا مەسەلەی نەتەوایەتیان لە بیر نەکردوەو قوربانیان بۆ داوە.
یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان داوا لە ژنانی ئێران و بە تایبەتی ژنانی مافخوازی کوردستان دەکا کە بە لەبەر چاو گرتنی گۆڕانکارییەکان، بە بردنە سەری ئاستی هۆشیاری و داخوازە رەواکانی خۆیان هەوڵ بدەن هێزو پۆتانسێلی بزووتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی رێکخراوەییدا رێک بخەن‌و لە هەر دەرفەتێک بۆ شکڵ گرتنی مرۆڤ سالاری لە کۆمەڵگادا کەڵک وەرگرن. دڵنیا بن یەکیەتی ژنان پشتیوانی لە خەباتی رەوایان دەکا و پەیمان و بەڵێنی لەگەڵ ژنانی کوردستان نوێ دەکەتاوە کە تا وەدیهاتنی ئامانجە ئینسانیەکانی ژنان لە تێکۆشان ناوەستێ و بەردەوامە لە خەبات.
هەر لەو بۆنە پیرۆزە دا جێی خۆیەتی کە سپاس‌و پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیری و رێنوێنەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بکەین کە هەر دەم پشتیوانێکی بە هێزی رێکخراوەکەمانن لە بەرەو پێش بردنی خەباتی رزگاریخوازی ژنانی کوردستان.
پیرۆز بێ ٢٤ی رەشەممە ٧١ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان
یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان
٢٤ی رەشەممەی ١٣٩٥

youtobe1

لاپەرەی یوتوب لە سەر ماڵپەرەکەمان

youtobe2

لاپەرەی تایبەت بە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣

youtobe3