پەیامی کۆمیتەی سوئێدی، یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ٨ ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان!

AddThis Social Bookmark Button

پەیامی کۆمیتەی سوئێدی، یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ٨ ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان!ژنان وپیاوانی یەکسانی خواز!
لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتیی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە لە وڵاتی سوئێد، بەبۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان پیرۆزبایی گەرمتان پێدەڵێین!

یادکردنەوەی ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان، ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ نا ئارامی و شەڕ و کێشەی جۆراوجۆرکە وڵاتەکەمان بەتایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوینی بەگشتی گرتۆتەوە، بەداخەوە کاریگەریە نەرێنی‌یەکانی ئەو شەڕو ماڵوێرانی‌یە لەسەر وڵات و گەلەکەمان بەرچاوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئێمە بوونە قوربانی دەستی تیرۆرستانی ئیسلامی‌یە توندڕەوەکان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕۆژهەڵات و لە باکوری کوردستانیش دا بەردەوام گەلەکەمان ڕووبەڕووی دەسەڵاتی نادادپەروەرانەی ڕێژیمەکانی ئێران و تورکیا دەبنەوە.

ئاشکرایە ئەم بارودۆخە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو چین و تویژەکانی کۆمەڵگای کوردستان داناوە و لەو نێوەشدا ژنان و کچانی کورد ئاستەنگی زۆریان هاتۆتە ڕێ، چ ئەو ژن و کچانەی لە سەنگەرەکانی دیفاع لە خاک و ئاو و سەرەوەری نیشتیماندان و چ ئەوانەش کە خەریکی کار و ژیانی ئاسایی خۆیانن، ئەوەی کە ئاشکرایە سەرەڕای هەمووی ئەوانەش داب و نەریتی دواکەوتووانە و کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی‌یەکان وەک ڕابردوو بە داخەوە ژیانی ژنان و کۆمەڵگاشیان ناخۆشتر کردووە.
ئا ئێستاش چارەنووسی سەدان کچ و ژنی کورد لە باشور و ڕۆژئاوا بەدەست تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی‌یەوە نادیارە و سەدان بنەماڵە بە برینی قوڵی لەدەستدان و بێسەر و شوێن بوونی ئازیزانیانەوە دەناڵێنن. کۆمەڵگای نێونەتەوەی هەرچەند بەدرەنگەوە وەدەنگهاتن بەڵام بەخۆشیەوە خەریکە وردە وردە پاشەکشە بە تێرۆریستان دەکەن و ئارامی جاڕێکی دیکە باڵ بەسەر ئەو ناوچانەدا دەکێشێتەوە. بەڵام ئاسەوارەکانی ئەم شەڕو ماڵوێرانی‌یە بۆ هەمیشە دەمێننەوە و دەبنە خەونی تاریک و بیرەوەری ناخۆش بۆ ئەم نەوەیەی ئێستا.
کۆمەڵگای کوردەواری بۆ بەنما کردنی کلتوری بەرابەری و مافی یەکسانی بۆ هەمووان بێ هەڵاواردنی ڕەگەزی و داب و نەریتی کۆنی دواکەوتووی دژ بەژنان ڕێگای دوور و درێژی لەبەرە و ئەرکی ژنانی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ژنانی گەلانی پێشکەوتووی دنیادا دژوارترە، ئەگەر لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی دنیادا ژنان بۆ مافی وەک یەک لەگەڵ پیاوان دا خەبات دەکەن، ژنی کورد سەرەرای ئەوەش دەبێ خەبات بۆ لابردنی کۆسپ و بەربەستەکانی هاتنە مەیدانی خۆی بکا، دەبێ هەوڵبدا کۆمەڵگا بێنێتە سەر ئەو باوەرەی کە ژنانیش وەک مرۆڤ هەمان بەها و مافی وەک یەکیان لەگەڵ پیاوان‌دا هەیە و توانا و لێوەشاوەیی ژنان کەمتر لە هی پیاوان نی‌یە. ئەگەر ژنانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی دنیا تا ڕاددەیەک دەرفەتی وەک یەکیان بۆ ڕەخساوە لەگەڵ پیاوان لە بەڕێوەبەردن و بەشداربوون لە بنیات نانی کۆمەڵگای مەدەنی دا کاربکەن، بەداخەوە ژنانی کورد زۆرجاران ئەو دەرفەتەیان پێڕەوا نەبینراوە، هەربۆیە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکان دوورتر و گیروگرفتی زیاتریان لە پێشە.
سەرەڕای دواکەوتووی و چەندین گیروگرفتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری کۆمەڵگای کوردەواری، ژنانی تێکۆشەری کوردستان، لەهەر شوێنێکی دنیا بن، بەهەستکردن بە بەرپرسیاریتی مێژوویی سەرشانیان، لە هەوڵی خۆ ڕێکخستن و هاتنە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تێکۆشاندان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دابین کردنی مافەکانیان و گرینگی دانی زیاتر بە پرسەکانی تایبەت بە ژنان. بە خۆشیەوە نموونەی ئەو کچ و ژنانە زۆرن و بەشێکی بەرچاویان لە رێکخراوەکەمان دا لە وڵاتی سوئێد ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن. 
جێی شانازی‌یە بۆ هەموومان کە ڕێکخراوەکەی ئێمەش توانیویەتی لە پرسەکانی تایبەت بە ژنان دا شوێنپەنجەی دیاربێ و لە پێناوی بردنەسەری ئاستی زانیاری تاکەکانی کۆمەڵگادا بەرپرسانە کاریکردووە. یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا دامەزراوە، ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا کە پەنابەری کوردیان لێ نیشتەجێن کاروتێکۆشانی هەیە. ژنانی کوردستان وێڕای هەوڵدان بۆ دابین کردنی مافەکانیان هاوشانی پیاوان لە سەنگەرەکانی دیفاع لە خاک و سەروەری کوردستان دا خەبات دەکەن و لەو پێناوەشدا خوێنیان تێکەڵ بە خوێنی براکانیان بووە، ئێستاش لە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستان دا سەرەڕای هەوڵدان بۆ دابین کردنی مافەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا پێشمەرگانە تێدەکۆشن. لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ڕۆڵی ژنانی کورد بەرچاوە و بە ئازا، نەترس و پێشەنگ وێنا دەکرێن.
لە ڕۆژی ٨ی مارسی ئەمساڵدا دیسان بەڵێن دەدەین تا گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەرو یەکسان بۆ هەموو چین و تویژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین و لە نێو ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان هەوڵەکانی خۆمان بەربەرینتر دەکەین.
پیرۆزبێ، ٨ ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، کۆمیتەی سوئێد
2017-03-08

 

youtobe1

لاپەرەی یوتوب لە سەر ماڵپەرەکەمان

youtobe2

لاپەرەی تایبەت بە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣

youtobe3